25/04/2024
DidiMn Logo
Top

زياتر لەمە نەمدەتوانى لە هەمبەر تەنياییی گوێگر و هەوادارانم خۆڕاگر بم

لە لایەن 8 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – نەواى فارس
ئامادەكردن و وەرگێڕانى لە فارسييەوە: سەليم جەمال

موحسین چاوەشى، گۆرانیبێژی بەناوبانگی وڵاتی ئێران،  ڕەوشتى تايبەت بە خۆى هەيە، یەکێک لەو ڕەوشتە تايبەتانەى ئەو، ئەوەیە كە هەر كارێک بە مەيل و ويستى خۆى بێت و بەباشى بزانێت ئەنجامى دەدات، واتە هەموو دونيا كۆ ببنەوە و بڵێن ڤيديۆيەكى تايبەت بە خۆت بڵاو بكەرەوە، زۆر ئەستەمە ئەم كارە ئەنجام بدات؛ دەڵێت مەگەر كەم قسە و قسەڵۆک كراون لەم سیازدە ساڵەدا؟

چاوەشى، لە بەرواری ٢/٧/٢٠١٦، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، ڤيديۆيەكى تايبەت بە خۆى بڵاو كردەوە، كە بەشێوەيەكى ڕاستەوخۆ یەکێک لە گۆرانيیەكانى دەڵێت. ئەمە ڕوون و ئاشكرايە كە ئەم بڕيارە ل ەلايەن خودى خۆى بووە، نەک كەسێكى تر، بە جۆرێک کە بە هيچ كەسێكى ديكەشى نەگوتووە تا بێت ڤيديۆکەی بۆ تۆمار بكات. لە نشینگەکەی خۆى تۆمارى كرد و گۆرانییەکەی گوت، هەروەها لە بەشێكیدا شەپۆلى دەنگى بەرز و نزم دەبێت، بەڵام بە بێ گرنگیپێدان و پێداچوونەوە، ئەو كارەى بڵاو كردەوە و دواتر ڕاستەوخۆ چاوپێكەوتنى ئەنجام داو گوتی: “ئەم كارەم لەبەر ئەوە ئەنجامدا، چونكە لەمە زياتر نەمدەتوانى لە هەمبەر تەنيايیی هەواداران و گوێگرانم، خۆڕاگر بم.”

موحسين چاوەشى لە تەواوى ئەم ساڵانەدا، هيچ بەرێوبەرێکی کاری تايبەت بە خۆى نەبووە. بەرێوبەری کار بەو واتايەى كە پێی بڵێت چ كارێک ئەنجام بدات، كە وا لە سوود و بەرژەوەندیی ئەودا بێت، ياخود لەگەڵ كێ چاوپێكەوتن بكات يان بۆ نموونە فەرمانى پێ بدات ڤيديۆيەک تۆمار بكات و زۆری دیکەش. لەبەر ئەم هۆكارەيە، كاتێک كە خەريكى تۆماركردنى ئەو ڤيديۆيە بووە، كەسێک نەبووە كە بە كامێرايەكى پێشكەوتوو و بەباشترين كواليتى ئەو كارەى بۆ بکات. ئەويش لە جێیەکی گونجاو، دواتر بە بەرنامەيەكى كۆمپيوتەرى ديزاينى بكات و لەكۆتاييدا لە تۆڕە كۆمەڵايەتیيەكان بڵاوی بکاتەوە.

لەم باسانەدا کە تێپەڕین، دەگەين بەو كاردانەوە يەک لەدواى يەكانەى كە لە ڤیدیۆیەکی ٥١ چركەييدا هاتنە ئاراوە؛ ئەو كاردانەوانەى كە چاوەڕوان دەكران بۆ ئەم  ڤيديۆيە، زۆر زياتر بوون و دەنگدانەوەى زۆرى هەبوو، بەڵام بەشێک لەو گوێگرانەى موزيک كە پێشتر سوێنديان دەخوارد دەنگى چاوەشى ساختەيە و بە بەرنامەی تایبەت گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت، بۆيان ڕوون و ئاشكرا بوو، كە بۆچوون و گريمانەيان هەڵەيە و چاوەشى گرنگی بەو باس و ڕەخنە بێ بنەمايانە نادات و كارى خۆى ئەنجام دەدات. لە ڕاستيدا هونەرى گۆرانیگوتن بەگشتى و هونەرى موزيک بەتايبەتى، دەگەڕێتەوە سەر سەليقە و سروشتى خودى ئەو كەسەى كە گوێگرى موزيكە، كە ناتوانرێت نكۆڵى لەمەدا بكرێت.

singers_persian_musicians_pop_stars_mohsen_chavoshi_1920x1080_9489

لە دونياى هونەردا، ئەم بۆچوون و تێڕوانينانە لاى هەموو كەسێک بوونى هەيە و ئاسايییە كەوا شوێنەوارێکی هونەریی هونەرمەندێكى لەلا پەسند نەبێت؛ بۆ نموونە دەنگى نۆستالۆژی و خەمینی چاوەشى. بەهەرحاڵ، خەڵكانێكيش هەن كە شيعرەكانى مەولاناى ڕۆمی‌ـیان لەلا پەسەند نيیە. دواجار ئەم بڕيارانە بۆ هەموو گوێگر و خوێنەرێک ئازاد و ئاساييیە، كە چۆن لەو كارە دەڕوانێت، بەڵام لەم نێوەندەدا تەنيا خاڵى سەرەكى نەسڕینەوەی سەرلەبەری كارى ئەو هونەرمەندەيە، كە بەشێوەيەكى بێبەزەييیانە لەژێر پێ نەنرێت لە لايەن كەسى ڕەخنەگر.

هاوبەشی بکە

Iran, MohsenChavashi, Music, SaleemJamal,