20/04/2024
DidiMn Logo
Top

سۆلین یوسف دەربارەی ماڵێک بێ سەقف بۆ دیدی من دەدوێت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منپشتیوان کەمال

پاش بەرهەمهێنانی یەکەمین فیلمی بە ناوی ماڵێک بێ سەقف، سۆلین یوسف، دەرهێنەری کورد توانی خەڵاتێکی گرنگ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی میونخ بەدەست بهێنێت. سۆلین یوسف لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەبارەی ئەزموونی خۆی و یەکەمین فیلمی بۆ دیدی من دەدوێت.

هەستت چۆنە پاش بینینی فیلمەکەت بە بردنەوەی یەکێک لە خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی میونخ؟ ئەمە یەکەمین فیلمی درێژی ئێوەیە و خەڵاتێکی گەورەتان بەدەست هێنا.

ئەوە هەستێکی گەورەیە کاتێک تۆ بە هەموو هەوڵی خۆت کار دەکەیت بۆ ماوەیەکی درێژ لە پڕۆژەی فیلمێکدا و لە دواتردا خەڵات دەکرێیت. هەم لە ڕێگەی بەخشینی خەڵاتەوە بێت و هەمیش لە ڕێگەی کاردانەوەی بینەرانەوە یاخود ڕەخنەیەکی باش و بچووک دەربارەی فیلمەکەت لە هەر شوێنێکەوە بێت. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵک تەماشای فیلمەکەتیان کردووە و حەزیان لە فیلمەکەت یان حەزیان پێ نەبووە یاخود گفتوگۆیان دەربارەی فیلمەکەت کردووە. دەبینیت زۆرینەی هونەرمەندان هونەر دەکەن تاوەکو شتێک دروست بکەن لەگەڵ خەڵکیدا بەشی بکەن. ئەگەر پاشانیش خەڵات بەدەست بهێنیت بۆ ئەو بیرۆکەیەی هەتبووە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت بینەران لە فیلمەکەت تێگەیشتوون، هەستیان پێ کردووە و ڕێزیان لێ گرتووە لەو شتەی کە ویستووتە پیشانی بدەیت یان بیڵێیت؛ وەک ئەوەیە قسە لەگەڵ یەکتری بکەن لە ڕێگای فیلمێکەوە.

428242_195512853885932_2002755242_n

ئایا ناونیشانی فیلمەکەت، ماڵێک بێ سەقف، چی دەگەیەنێت؟

بۆ من ماڵێک بێ سەقف ناونیشانێکی شیعری و سیمۆلییە، کە دەربڕی چەند تێمایەکی ناو فیلمەکەیە. لە لایەکەوە حاڵەتی سیاسیی کوردستان باس دەکات وەک وڵاتێک کە جەنگی تیادا ناوەستێت، سەربەخۆیی تیادا بەدی نایەت و لە ڕووی پاراستنیشەوە لاوازە. وەک ماڵێکی کراوە کە هاوڵاتیەکانی ناوی لە بەفر، باران و خۆری بەهێز پارێزراو نین. لە لایەکی ترەوە چارەنووسێکی زۆر تایبەتیی خێزانێک دەخاتە ڕوو کە تیایدا باوک وەک کارەکتەرێکی پارێزەر و گرنگ تەنها کەسێکی مردوو نییە بەڵکو هۆکاری ئەوەشە کە وا بکات خێزانەکە نیشتیمانیان جێ بهێڵن. منداڵەکان گەورە دەبن بێ هەبوونی باوکیان، دایکیشیان بەتەنیا جێ دەمێنێت تاوەکو منداڵەکانی لە شوێنێکی دوور لە نیشتیمانی گەورە بکات. ئەمەش بەرەو تێمایەکی ناو فیلمەکە دەڕوات، ماڵ وەک جێگەیەک پڕ لە یادەوەری. جوانترین یادەوەریش لە منداڵیمەوە ئەوەیە کە لە سەربانی ماڵ بنووم و تەماشای ئەستێرەکان بکەم بێ هەبوونی هیچ سەقفێک لە سەرمەوە.

hod_still_3-crop-u146475

بێرگمان لە دۆکیۆمێنتەرییەک دەربارەی ژیانیدا دەڵێت: “من لە مردن ناترسم. من بەو جۆرە بیر لە مردن دەکەمەوە کە من ئێستا لە لایەکی پردێکم و هاوسەرەکەشم لە لایەکی تری پردەکە چاوەڕێی من دەکات.” بەو جۆرە کارەکتەرێکت دروست کردووە، ژنێک، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ نیشتمانەکەی خۆی و لە نزیک گۆڕی هاوسەرەکەی بنێژرێت کە پێشتر مردووە. چۆن بیر لە مردن دەکەیتەوە بە گوێرەی ئەو کارەکتەرانەی لە فیلمەکەتدا بوونیان هەیە؟

من پێم وایە مردن شتێکە چواردەوری ئێمەی کوردی گرتووە و لە ژیانی ئێمەدا ئامادەیی هەیە. هیچ خێزانێکی کوردی نییە کە کەسێکی لەدەست نەدابێت لە جەنگێکدا لە باشوور، باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا؛ ئەوە تەنها بەشێکە لە ژیانمان. بەڵام تەنها شتێک کە ئێمە نایکەین ئەوەیە کە ئێمە نایکەینە شتێکی کرداری. تراژیدیا بووەتە بەشێکی گەورە لە ژیانمان بەڵام ئێمە بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە وەری دەگرین یان بە جۆرێک لە جۆرەکان باسی ناکەین یاخود ڕێک ناکەوین لەگەڵیدا. لە کارەکتەرەکانمەوە دەمەوێت بە ڕابردووی مردنماندا بچمەوە تا زامە کۆنەکانمان دیار بخەم و چارەسەر بۆ ئەم ئازارە شیاو بکەم. کارەکتەرەکانم هاووێنەی کۆمەڵگەی وڵاتەکەمە، کە لە مێژوویەکی تراژیدی گەورەوە بەرهەم هاتوون. هەرچەندە من پێم وایە مردن بەشێکی گرنگە لە ژیان، کە وا دەکات ژیان زۆر مانادارتر بێت، بۆ من وەک کوردێک زۆر ئامادە و دیارە لە هەموو ڕۆژێکی ژیانمدا. هەندێک جار قاییلم دەکات و هیوام لێ دەبڕێت. هیوام دەخواست وەک چۆن بێرگمان باسی دەکات، مردن جوان ببینم. ڕەنگە ڕۆژێک بێت ئاشتییەکمان هەبێت تاوەکو بیر لە مردن بکەینەوە وەک شتێک، کە ببێتە هۆی پشوودان نەوەک زیندانی کردن.

hod_still_61202x507

ئایا چیرۆکی فیلمەکەت لە ڕووداوێکی ڕاستییەوە وەرگرتووە یاخود چیرۆکێکە و لە خەیاڵتەوە هاتووە؟ چ شتێک بووە ئیلهام بەخشین بە تۆ بۆ نووسینی ئەم چیرۆکە؟

بیرۆکەی فیلمەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان کورتککراوەی هەموو ئەو چیرۆکە بچووکە کۆکراوانەی خۆمە کە لە دەوروبەرم وەرم گرتوون. بەڵام چیرۆکی سەرەکی لە لایەن خۆمەوە نووسراوە و کردوومە بە دراما. ئیلهامم لە هەندێک ڕووداوی ڕاستی وەرگرتووە،هەروەها لەگەڵ ئەو چیرۆکانەی خزمان، خێزان و هاوڕێیان بۆیان باس کردووم. بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم فیلمە دەربارەی هەموو خێزانێکی کوردە، ئەوانەی کە مانەوە، ئەوانەی خیانەتیان کرد، ئەوانەی شەڕیان کرد، ئەوانەی ڕۆیشتن و بوونە پەنابەر لە وڵاتێکی تر یاخود ئەوانەی گەڕانەوە بۆ نیشتمان.

ئایا هەریەک لە سێ خوشک و براکە چی دەنوێنن لە فیلمەکەدا؟ ئەی تابووتەکە چی دەگەیەنێت؟

بڕوام وایە هەریەک لە کارەکتەرەکان ڕۆڵی کەسێکی جیاواز دەگێڕن تاوەکو هەریەک لە بینەران هەست بکەن کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان کارەکتەرەکان و خۆیاندا هەیە؛ ئەوە زۆر گرنگ بوو بۆ من. دەمویست کارەکتەرەکان جیاواز بن، برا گەورە، ئالان، هیچ لێپرسراوێتییەکی وەرنەگرتووە و دەژی بێ ئەوەی زۆر بیر بکاتەوە. لە کاتێکدا برا گەورەکەی جان تەواو پێچەوانەیە. زۆر لێپرسراوێتی وەرگرتووە هەمیشە شێلگیرە و ئەوەی بیر چووەتەوە کە دەبێت چێژ لە ژیان وەربگرێت. لیای خوشکی بچووکیان هەمیشە لە نێوانیاندایە و هەوڵ دەدات باڵانس ڕابگرێت. لیا کەسێکی گۆشەگیرە لە کاتێکدا دوو براکەی کەسانێکی کراوە و کۆمەڵایەتین. لەکاتێکدا لیا بە دوای خۆیدا دەگەڕێت و دەیەوێت ئاشتی بۆ خۆی بدۆزێتەوە، دوو براکەی شەڕی ناوەکی و دەرەکی دەکەن لە گەشتەکەیاندا. تابووتەکە مردنی ئێستا پیشان دەدات لەگەڵ ژیانی ڕابردوو و پەیوەندییەکیشە لە نێوان هەرسێکیان و ژیانیشیاندا وەک خێزانێک. بۆ من تابووتەکە تەنها تابووتێک نییە، بەڵکو زیاتر دایکەکەیە، کە لە نێو تابووتەکەدایە، کە مانای لەدایکبوون، ئەوین و نیشتمان دەبەخشێت.

hod_still_1-crop-u146493

ئایا پەیوەندیی چیرۆکەکە بە هەڵەبجەوە چییە؟ ئایا سێ خوشک و براکە خەڵکی هەڵەبجەن؟ ئەگەر وایە بۆچی دیالێکتی ناوچەکەیانت بەکار نەهێناوە؟

باوکیان لە هەڵەبجە ژیاوە و لە گوندێکی بچوکی ئەو ناوچەیە گەورە بووە، بەڵام بە سۆرانی قسە ناکەن چونکە لە بنەڕەتدا خەڵکی ناوچەی بادینانن و باوکیشیان وەک پێشمەرگە لە هەڵەبجە شەڕی دژی داگیرکەران کردووە، بۆیە لەوێ لەدایک بوون و بە کرمانجی قسە دەکەن. بەڵامم هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی کە من هەڵەبجەم بەکارهێناوە بۆ بەیادهێنانەوەی شارەکەیە لەگەڵ ڕابردووە تراژیدییەکەی. ستاییشی تایبەتیی منە بۆ ئەو شارە. دەمویست ئەوە بەشێک بێت لە فیلمەکەم و ئەو چیرۆکەی دەمویست بیگێڕمەوە.

mo_1

پرسیارێکم هەیە دەربارەی سینەما لە کوردستاندا: پێت وایە چۆن دەتوانین بازاڕی سینەما ببوژێنینەوە؟ فیلممان هەیە، بەڵام بینەرمان نییە بۆ فیلمە کوردییەکان. بینەرمان هەیە بۆ فیلمی بیانی، بەڵام فیلمی کوردی نا، ئەمە هۆکارەکەی چییە؟

ئەمە پرسیارێکی زۆر قورسە، بەڵام هەوڵ دەدەم بیرۆکەیەک یان بیرکردنەوەی خۆم دەربارەی ئەوەی ئەمە چۆن دەکرێت یاخود چۆن باشە بکرێت دەخەمە ڕوو. سینەمای کوردی زۆر نوێیە، هەر لەبەر ئەمەشە کە ساڵانە فیلمی زۆر بەرهەم نایەت. ئەمە مانای وایە کە ئێمە بازاڕی سینەمامان نییە تاوەکو گەشە بکات. سینەماکارانی کورد و سینەمای کوردی لە ئێستادا بە پشتگیریی وەزارەتی ڕۆشنبیری کار دەکەن. پێویستت بە دەستپێکێکی باشە تاوەکو بتوانیت بەردەوام بیت. بۆیە دەکرێت لە سەرەتادا تێڕوانینی کلتووری هەبێت لە لایەن وڵاتەکەوە بۆ پشتگیریکردنی هونەری سینەما و ڕەنگە ڕۆژێک بگۆڕدرێت بۆ بازرگانی کاتێک بووە بەشێک لە کۆمەڵگە. هەندێک فیلمی کوردیمان هەن، بەڵام هەموویان یەک چیرۆک دەگێڕنەوە. جیاوازی لە فیلمەکاندا نییە تاوەکو بتوانین ژانری جیاواز بۆ بینەران بڕەخسێنین لە فیلمەکاندا. باشترین بناغە بۆ گەشەسەندنی سینەما بریتییە لە قوتابخانەی فیلمسازی. بەمە دەتوانین دەستپێکێکی نوێمان هەبێت هەروەها بناغەش بۆ بەردەوامبوون. لە ئێستادا فیلمسازانی کورد زۆر فێربوون لە “فێربوون لە ئەنجامی کردارەوە”، بەڵام گفتوگۆی گەورە دەربارەی فیلم، فیلم دروستکردن و مانای ئەوە، دەبێت بەشێک بن لە سیستەمی کلتووری و کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی زیاتر گەشەی پێ بدەین و سەرکەوتوو بێت. بۆ بەدەستهێنانی ئەوە، فیلم و زانستی کلتووری بەگشتی دەبێت ببنە پارچەیەکی گرنگ لە سیستەمی پەروەردەیی لە کوردستان.

دەربارەی فیلمی بیانی، دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە ئێمە ناتوانین بەراوردی فیلمی کوردی بکەین بە فیلمی بیانی، چونکە فیلمی کوردی زۆر نوێیە و ڕێگەی خۆی نەدۆزیوەتەوە. بینەری کورد فیلمی بیانی دەناسن، لەگەڵ فیلمی هیندی، ئەمەریکی و عەرەبیدا گەورە دەبن، متمانەیان بەو بەرهەمهێنەرانە هەیە، چونکە دەزانن چیان دەست دەکەوێت، پێی ڕاهاتوون. سینەمای کوردی بۆ ئەوان نوێیە، نازانن چاوەڕێی چی بکەن و حەزیان بە فیلمەکانیش نییە، چونکە زۆرینەیان یان خراپن یاخود زۆر نزیکن لە واقیعەوە. بۆ ئەوان فیلمی بیانی زۆر زیاتر چێژیان پێ دەبەخشێت، شتێکیان پیشان دەدات و پێیان دەڵێت کە ئەوان دەربارەی نازانن. سینەمای کوردی بە جۆرێک لە جۆرەکان نوێیە، بەڵام دروستکردنی فیلم و چیرۆکەکانی بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆن و بێزارکەرن.

 

هاوبەشی بکە

House Withoout Roof, Kurdish Cinema, Soleen Yousif,