26/04/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: بۆ پێشەوە، هەڤاڵان!

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

 

کارزان کاردۆزی

فیلم: دایک، ١٩٢٤
دەرهێنەر: فسێڤۆلەت پۆدۆڤکین

لە یەکێتیی سۆڤێت‌دا، لە دوای گرتنەدەسەڵات لە لایەن بۆلشەڤیستەکانەوە، نەک تەنیا هەموو کارگە و زەوی و سامانی ووڵاتەکە خاوەنەکەیان دەبێت بە دەوڵەت، بەڵکو هەموو کلتووری هونەری ڕابردووی ڕووسیاش دەبێت بە سامانی دەوڵەت، لە ناویاندا مافی بڵاوکردنەوە و بەفیلمکردنی کتێبەکانی پوشکین، گۆگۆل، تۆڵستۆی، تورگینێڤ، دۆستۆیڤسکی، چیخۆڤ و گۆرکێ.

دەسەڵاتدارانی سۆڤێت ئەم کتێبانەیان بەکار  دەهێنا وەکو کەرەستەیک بۆ فێرکردنی خوێندن بە دانیشتوانی وڵات، لە سالانێکدا کە لە پێنج هاوڵاتی سۆڤێتدا سێ کەسیان نەخوێندەوار دەبێت، کتێبەکانیان بە لێشواو بڵاو دەکرێنەوە و بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشران، لە هەمان کاتدا هانی دەرهێنەران دەدرا کە کتێبەکان بکەن بە سەرچاوەی فیلمەکانیان.

پۆستەری فیلمی دایک

وەرگیراو لە ڕۆمانی دایکی مەکسیم گۆرکی

دوای دوو کورتەفیلم کە تیایاندا پۆدۆڤکینن تێڕوانینی تایبەتیی مۆنتاجی خۆی تێدا نماییش دەکرد، دەست دەکات بە وێنەگرتنی یەکەم فیلمی درێژی، فیلمی دایک. پۆدۆڤکینن ڕۆمانی دایک‌ی ماکسیم گۆڕکێ دەکاتە سەرچاوەی چیرۆکی فیلمەکەی، گەرچی زۆر لە ڕووداوەکانی و کارەکتەرەکانی لە فیلمەکاندا نماییش ناکات و زیاتر وەک سەرچاوەیەکە کتێبەکە بەکار دەهێنێت بۆ نماییشکردنی تیۆرەکانی لەبارەی مۆنتاجەوە.

چیرۆکی خێزانێکی چینی کرێکاری پرۆلیتار، کە بەشدار دەبن لە شۆرشی ساڵی ١٩٠٥دا، یەکەم شۆرشی بۆلشەڤستی کە بە توندی لە لایەن پۆلیس و سوپای زارەوە شۆڕشەکە سەرکوت دەکرێت، باوک و دایک و چیرۆکی پاڤێڵی گەنجی شۆرشگێر و پەیوەندیی لەگەڵ دایکیدا. چەندە پاڤێڵ بڕوای بە شۆرش و گۆڕانکاری هەیە، ئەوەندەش دایکی هەمیشە لە پرسیاردایە کە بۆچی کوڕەکەی ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە بۆ کەسانی تر؟ بۆچی بایەخ بە ژیانی خۆی نادات و ژیانی کەسانی تر بە گرنگ دەزانێت پێش ژیانی خۆی؟ ئەستەمە بۆ دایکی کە لە کردارە شۆرشگێڕییەکانی کورەکەی تێبگات، بەڵام کاتێک کە پاڤێڵ دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە ناو زیندانەوە، ئەو کاتە دایکی بۆی دەردەکەوێت کە سیستەمی دەسەڵاتدارێتیی وڵاتەکەی چەندە نادادپەروەرانەن و چەوسێنەرن، وەک کورەکەی دەبێت بە شۆرشگیرێک و هانی کەسانی تر دەدات کە شۆرش پێویستە بۆ نەهێشتنی نایەکسانی و نادادەپەروەری و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ هاووڵاتیان، دایک و کوڕ بە یەکەوە دەبن بە دوو شۆرشگێڕ.

پۆدۆڤکین بەم شێوەیە باسی فیلمی دایک دەکات: ”لە فیلمەکەدا هەوڵم دەدا کە هەست پیشان بدەم، هەستی بۆن کردن، بۆنی سالۆنەکان، بۆنی بەرەبەیانی، هەستی لاشەیی، قوڕ، زرمەی بۆکسێک، هەروەها بیستن، دڵۆپەی ئاو، شەپۆلی ڕووبار، تەنیا لە رێگەی مۆنتاجەوە دەتوانرێت ئەم کارە بکرێت. کاری مۆنتاجی من لە دایکدا، بەردەوامیی گەشەکردنی مۆنتاجە کە ئیدوین. ئیس. پۆرتەر و دواتر دی. دەبلیو. گریفیز و دەرهێنەرانی تر لە فیلمەکانیاندا دروستیان کرد، هەروەها پاشان کولیشۆڤ مۆنتاجی کرد بە زمانێک لە ڕێگەی نووسینە تیۆرەکانیەوە.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە ڤیدیۆیەکی تایبەت بەم فیلمە ببینن:

هاوبەشی بکە

Karzan Kardozi, Mother, V.Pudovkin,