09/05/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: خۆشەویستێکی بەوەفا و دڵپاک

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم: سوزیی دڵپاک، ١٩١٩
دەرهێنەر: دەڤید وارک گریفیز

دوای دوو فیلم لە بارەی خۆشەویستییەوە، فیلمی دڵەکانی جیهان لە گێرانەوەی چیرۆکی خۆشەویستی لە ناو جەنگی جیهانیی یەکەمدا و چرۆکەی تێکشکاو لە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆشەویستیی نێوان ئافرەتێکی سپی‌پێست و کوڕەهەژارێکی چینی و ڕەگەزپەرستی و جیاوازیی چینایەتیی ناو کۆمەڵگە کە دەبێتە بەربەست بۆ ئەو خۆشەویستییە، لە بەهاری ١٩١٩ گریفیز دەست دەکات بە وێنەگرتنی فیلمی سوزیی دڵپاک. چیرۆکی خۆشەویستی و وەفای پاکی کچێکی لاوە بۆ کوڕێک لە تەمەنێکی هەرزەکارییەوە، کە لە بەرانبەردا کوڕەکە ئەوی خۆش ناوێتەوە.

چیرۆک و ڕووداوەکانی فیلمەکە سادەییەکی پێوە دەبینرێت، جیاواز لە کارەکانی تری گریفیز؛ چیرۆکی دوو کەسی سادە لە گوندێکی بچووکی ناوچەکانی باشووردا و ڕۆژانە لە ژیانیاندا هەمان ڕووداو دووبارە دەبێتەوە، کەسانی گوندکە هەمووی ئاشنای یەکترن و بچووکترین نهێنیی یەکتری دەزانن.

mv5bmjc1odi3ntmxmf5bml5banbnxkftztgwmje5mjawmze-_v1_uy1200_cr8306301200_al_

گریفیز هیچ کات هەوڵی وروژاندانی هەستی بینەر نادات بە زەقی وەک لە فیلمەکانی پێشتریدا، زیاتر فیلمەکە ڕیتمێک و خێراییەکی خاوی هەیە و زۆر لە ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەم کارەکتەرانە هەمیشە دووبارە دەبێتەوە، هەروەها سادەییەک دەبینرێت لە تەکنینی بەکارهێنانی کامێرا و مۆنتاج و ئاڵوگۆڕی گرتەکان و نماییشی ئەکتەرکاندا، بەتایبەتی لە ڕۆڵی لیلیان گیش لە کارەکتەری سوزی‌دا، لە یەکێک لە هەستیارترین و سادەکترین ڕۆڵی لە ناو گشت فیلمە بێدەنگیەکانیدا. کەسێکی بەوەفا و دڵپاک کە هەمیشە خۆشەویستی و بەختەوەریی کەسانی تر دەخاتە پێش هەستی خۆیەوە و کردار و ڕاستگۆیی و وەفای هەمیشە خۆشەویستی و سۆزی بینەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

فیلمەکە یەکێکە لە شاکارە فەرمۆشکراوەکانی گریفیز و سینەمای بێدەنگ، دوای نزیک لە سەدەیەک لە تەمەنی فیلمەکدا، لە ئێستاشدا لیلان گیش لە ڕۆڵی سوزیدا هەستی بینەر دەوروژێنێت لە چیرۆکێکی تراجیدیی خۆشەویستیتدا. گەرچی لە کاتی نماییشکردنی فیلمەکە لە سینەماکاندا بینەرێکی کەمی دەبێت و بە خێرایی فەرامۆش دەکرێت، تا لە ناوەڕاستی پەنجاکان و سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا، فیلمەکە بۆ جارێکی تر لە لایەن دەرهێنەری شەپۆلی نوێی فەڕەنسی ژاک ڕیڤیت‌ەوە دەدۆزرێتەوە و لە نووسینە ڕەخنەگرییەکانیدا لە سەر فیلمە فەرامۆشکراوەکانی گریفیز.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە ڤیدیۆیەکی تایبەت بەم فیلمە ببینن:

هاوبەشی بکە

D W Griffith, Karzan Kardozi, True Heart Susie,