23/04/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: ووشەکانی ئەلیکساندەر پوشکین بۆ سەر وێنە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم؛: شاژنی بێڵ، ١٩١٦
دەرهێنەر: یاکۆڤ پرۆتەزەنۆڤ

یاکۆڤ پرۆتەزەنۆڤ بە یەکێک لە باوکانی ڕوحی و دۆزەرەوانی سینەمای ڕوسی دادەنرێت، کاریگەریی ئەو لە کۆکراوەی فیلمەکانیدا دەبینرێت کە نیو سەدە لە مێژووی سینەمای ڕوسیا و یەکێتیی سۆڤێت‌دا دەگرێتەوە. لە ساڵانی سەرەتای دروستبوونی سینەمای ڕوسیا لە ژێر دەسەڵاتدارێتیی قەیسەر ئەلیکساندەردا، بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧، بۆ جەنگی ناوخۆی ڕوسیا و پاشان درووستبوونی سینەمایی نوێی یەکێتیی سۆڤێت، بۆ ساڵانی دەسەڵاتدارێتیی ستالین لە سییەکانی دەسەت بیست و جەنگی جیهانیی دووەم. پرۆتەزەنۆڤ لەم ساڵانەدا لە چەندان ژانری جیاوازدا فیلمی دروست دەکرد، هەروەها لە ناو گشت دەرهێنەرانی تری ڕوسیا و سۆڤێت‌دا، لەو ساڵەندا پڕبینەرترین دەرهێنەر دەبێت.

یەکێک لە شاکارترین فیلمە سەرەتاییەکانی سینەمای ڕوسیا و پرۆتەزەنۆڤ، فیلمی شاژنی بێڵ‌ە؛ سەرچاوەی فیلمەکە کورتەچیرۆکی نووسەری کلاسیکی ڕوسی، ئەلیکساندەر پووشکین‌ە، لە گێڕانەوەی چیرۆکی هێرمان جێرمانی لاوی سەرباز کە ئالوودەی یاریی پۆکەر دەبێت.

دوای ئەوەی کە لە زمانی هاوڕێیەکیەوە چیرۆکی ژنێکی بەتەمەن دەبیستێت کە توانایەکی ئەفسانەیی هەیە لە هەڵبژاردنی سێ کارتدا بۆ بردنەوەی هەموو یارییەکەی پۆکەر، هەستێکی ئاڵۆزی دەروونی لە ناخی هێرمان‌دا دروست دەبێت و دێتە سەر ئەو بڕوایەی کە ئەم ژنە بەتەمەنە نهێنیی بردنەوەی یاری پۆکەر دەزانێت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی نهێنیی ئەم سێ کارتە بزانێت، ئالوودەبوونی ئەو بۆ قومار و یاریی پۆکەر و زانینی ئەم نهێنییە وای لێ دەکات کە هەموو کردارێک ئەنجام بدات، تەنانەت پەنا بەرێتە بەر تاوانیش.

ivan-mozzhukhin-the-queen-of-spades-1916-moscow-gambling

لە ڕۆڵی هێرمان‌دا، ئەکتەری شانۆیی بەناوبانگی ڕوسی، ئیڤان مۆسجوکین ڕۆڵ دەبینێت کە بە زەقی هەستی ئاڵۆزی سایلکۆلۆجیی کارەکتەرەکەی نماییش دەکات؛ لاوێک کە بە خاوی تووشی داڕمانی دەروونی دەبێت.

شاژنی بێڵ، هەروەها پاشان لە ساڵی داهاتوودا باوکە سێرجی، دوو دواهەمین شاکارەکانی پرۆتەزەنۆڤ و سینەمای ڕوسی دەبن پێش سەرهەڵدانی شۆرشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ١٩١٧، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی بەلشەفییەکان و درووستبونی یەکێتیی سۆڤێت، بۆ چەند ساڵێک پرۆتەزەنۆڤ ئاوارەی وڵاتی فەڕەنسا دەبێت و لەوێشدا دەبێتە یەکێک لە دەرهێنەرانی سینەمای سەرەتای بێدەنگی فەڕەنسی، تاوەکو لە ساڵی ١٩٢٣ بۆ جارێکی تر دەگەرێتەوە بۆ یەکێتیی سۆڤێت و یەکێک لە شاکارترین فیلمەکانی ژانری زانستیی داستانی دروست دەکات، فیلمی ئەلیتا لە ساڵی ١٩٢٤.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە ڤیدیۆیەکی تایبەت بەم فیلمە ببینن:

هاوبەشی بکە

Karzan Kardozi, Yakov Protazanov,