25/04/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: چڵێسی ڕۆحی مرۆڤ دەخوات

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم: چڵێسی، ١٩٢٤
دەرهێنەر: ئێریک ڤان سترۆهایم

مێژووی سینەما پڕیەتی لە تراجیدیی ژیانی دەرهێنەران و فیلمەکانیان، کە بە هۆی هەر هۆیەکەوە پێت شاکارترین لە کارەکانیان لە ئێستادا بۆمان نەماونەتەوە، بەتایبەتی دەرهێنەرانی ساڵانی سینەمای بێدەنگ و فیلمەکانیان. لە ناو گشت دەرهێنەرانی سینەمای هۆلیوودی بێدەنگدا، ئێریک ڤان سترۆهایم نموونەیەکی ئەم تراجیدییەیە. لە ماوەی کارکردنی کورتی لە هۆلیووددا، زۆربەی فیلمەکانی لە لایەن ستۆدیۆکان و بەرهەمهێنەرانەوە بۆ نماییشکردنی لە سینەماکاندا کورت دەکرانەوە و ئەو فیلمەی کە سترۆهایم خواستی بوو لە سینەماکاندا نماییش بکرێن، لە ئێستادا هیچیانمان وەک خۆی بۆ نەماوەتەوە. فیلمی چڵێسی، یەکێک لە شاکارترین فیلمەکانی سینەمای بێدەنگ، نموونەیەکی ئەم جۆرە دەستتێوەردانانەی ستۆدیۆکانی هۆلیوودە لە کاری دەرهێنەراندا و پارچەپارچە کردنی فیلمەکانیان.

سەرچاوەی فیلمەکە کتێبی ڕیالیزمی نووسەری ئەمەریکی فرانک نۆریسە، مەک تیگجی، چیرۆکی سان فرانسیکۆ. سترۆهایم کاتێک لە تەمەنی لاویێتیدا دێتە ئەمەریکا وەک ئاوارەیەک ئاشنای ئەم کتێبە دەبێت کە تیایدا کەسایەتیی خۆی دەدۆزێتەوە لە بوونی وەک ئاوارەیەک کە بە ئەستەم بژێوی ژیانی پێ پەیدا دەکرا لە شاری سان فرانسیکۆدا و هەمیشە خواستی دەبێت کە لە ساڵانی داهاتوودا بکات بە فیلم، ئەوەندە خۆشەویستی کتێبەکە بوو، دەیووست ڕاستگۆیانە هەموو لاپەڕەکانی کتێبکە بکات بە فیلم؛ بۆ چەندان مانگ کاری نووسینی سیناریۆیی فیلمەکە دەکات و بە وردترین شێوە خواستی دەرهێنان و وێنەگریی گرتەکان بە بچووکترین جووڵەی کامێراوە لە سیناریۆکەیدا دەنووسێت، سیناریۆی فیلمەکە زیاتر لە سێسەد لاپەرەیە، دەبێتە هەمان درێژیی کتێبەکە.

بۆ وینەگرتنی فیلمەکە، دوور لە ستۆدیۆکانی هۆلیوود، سترۆهایم کامێراکەی دەباتە دەرەوە، بۆ سەر شەقام و ماڵ و ناوچە هەژارەکانی شاری سان فرانسیسکۆ، بۆ ئەوەی فیلمەکە وەک کتێبەکە ڕاستییانە دەربچێت، سترۆهایم بڕیار دەدات کە هەموو گرتەکانی فیلمەکە لە ناوچەکانی سان فرانسیکۆ و شاخ و بیابانەکانی دەوریدا و ڕاستەقیندا وێنەیان بگرێت.

دوای حەوت مانگ کاری وێنەگرتن و بودجەی کۆتایی نیو ملیۆن دۆلار، سترۆهایم زیاتر لە ٨٥ کاتژمێر گرتەی وێنەیی بۆ فیلمەکە دەگرێت. دوای چەندان مانگ کاری مۆنتاج، لە کۆتاییدا درێژیی فیلمەکە دەگاتە نزیکەی ١٦ کاتژمێر.

لە ژێر فشاری ستۆدیۆی میترۆدا، سترۆهایم ناچار دەبێت کە فیلمەکە کورت بکاتەوە بۆ ١٢ کاتژمێر و بڕیار دەدات کە لە دوو کاتی جیاوازدا فیلمەکە لە سینەماکاندا نماییش بکرێت هەر کاتی نماییشکردنێک ٦ کاتژمێر بێت، بەڵام ستۆدیۆکە خاوەن سینەمەکان ئەمە بە کارێکی ئەستەم دەزانن، هەر بۆیە بەبێ ڕەزامەندیی سترۆهایم فیلمەکە کورت دەکرێتەوە بۆ کەمتر لە ٤ کاتژمێر، بە ڕادەیەک، کە یەکەم کاتژمێری فیلمەکە کورت کراوەتەوە بۆ تەنیا چەند خولەکێک، زۆربەی گرتەی نەرێنیی فیلمەکە لە لایەن ستۆدیۆکەوە لە ناو دەبرێت.

لە ئێستادا درێژیی فیلمی چڵێسی و ئەوەی بۆمان ماوەتەوە تەنیا نزیکەی ٤ کاتژمێرە، زیاتر لە ١٣ کاتژمێری فیلمەکە ون بووە، گەرچی بۆ چەندان ساڵ دەبێت مێژوونووسان و ئەرشیفیستان و ڕەخنەگران بەدوای نەرێنیی ئەو گرتە ونبوانەدا گەڕاون و دەگرێن، بەڵام تا ئێستاش هیچ لە گرتەکان نەدۆزراونەتەوە، ونبوونی دوازدە کاتژمێریی ئەم شاکارە بە یەکێک لە گەورەترین تراجیدیی مێژووی سینەما دادەنرێت، کە گرنگی و کێشیان لە ئاڵتوون قورسترە.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە پارچەڤیدیۆیەکی ئەم فیلمە ببینن:

هاوبەشی بکە

Eric Van Strohaim, Greed, Karzan Kardozi,