26/04/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: ژیانی سەختی خێزانێکی ئەسکیمۆ

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم: نانووکی باکوور، ١٩٢٢
دەرهێنەر: ڕۆبرت فلاهیرتی

یەکێک لە شاکارترین فیلمەکانی فلاهیرتی و یەکەمین بەڵگەفیلمی درێژ لە مێژووی سینەماکدا، فیلمی شاکاری نانووکی باکوورە.

سەرەتای بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەگرێتەوە بۆ ئەو چەندان ساڵەی کە فلاهیرتی لاو وەک گەشتیارێک و پاشان کرێکارێکی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و نەوت و لە گەڕان بەدوای کانزاکاندا دەیبەنە ناوچە دوورەدەستەکانی باکووری کەنەدا و نزیک بە کیشوەری بەستەڵەکی باکوور. لەم گەشتانەی فلاهیرتی‌دا، ئەو ئاشنا دەبێت بە چەندان هۆزی جیاوازی ئەسکیمۆکان و دەیەوێت ژیان و کلتووری ئەوان لە سەرەتادا لە ڕێگەی نووسین، پاشان فۆتۆگراف و ئینجا فیلمەوە ئەرشیڤ بکات.

لە یەکێک لەم گەشتانەیدا لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٠، فلاهیرتی دوو کامێرای ئاکیلی دەکڕێت کە دەتوانرێت لە سەخترین کەشوهەوای سارددا بەکار بهێنرێت و ستاندێکی تایبەتی دروست دەکات و لەگەڵ خۆیدا بۆ ئەم گەشتەی دەیبات، ئەم ستاندەی فلاهیرتی زۆر جیاواز لە زۆر ئەو ستاندانەی لەو کاتانەدا بەکار دەهاتن دەتوانرا لە ڕێگەیەوە کامێرا بجولێنرێت، گەرچی تەنیا جووڵەی بچووکی بەرزی و لایی بێت و پان، بەڵام ئەمە سەربەخۆیی دەدات بە فلاهیرتی کە بتوانێت وێنەی ژینگەی گەورەی ناوچەکان بگرێت. گەرچی فیلمی نانووکی باکوور تەنیا لە چەند گرتەیەکیدا جووڵەی کامێرایی تێدایە، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا و لە فیلمەکانیدا، جووڵەی کامێرا گرنگییەکی تایبەتی دەبێت لە فیلمەکانی فلاهیرتی‌دا.

robert_flaherty_nyla_1920

لە بەرواری ١٥/٨/١٩٢٠، دوای چەندان مانگ گەشتی دەریایی و دەشتی و شاخیدا لە ساردترین کەشدا، فلاهیرتی دەگاتە سەر ڕووباری ئینوکسوکی لە نزیک بەستەڵەکی باکوور و بۆ ناوچەی هۆزی ئەسکیمۆکان و دەست دەکات بە وێنەگرتنی فیلمەکە، فلاهیرتی بە یارمەتیی ئەسکیمۆکان ژوورێکی بچکۆلە بۆ خۆی دروست دەکات و ڕۆژانە لەگەڵ ئەسکیمۆکاندا گەشت دەکات و بچووکترین ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەیان وێنە دەگرێت.

دوای ساڵێک ژیان لە ناو ئەسکیمۆکاندا و وێنەگرتنی ژیانی خێزانی نانووک، فلاهیرتی لە پاییزی ساڵی ١٩٢١ کۆتایی بە کاری وێنەگرتن دەهێنێت و بۆ سالێک خەریکی کاری مۆنتاجی فیلمەکە دەبێت و دوای تەواوکردنی کاری مۆتناج، فیلمەکە دەبات بۆ چەندان ستۆدیۆی هۆڵیوود بە هیوای بڵاوکردنەوە و نماییشکردنی لە سینەماکاندا، بەڵام گشت ستۆدیۆکان فیلمەکە ڕەت دەکەنەوە، بەتایبەتی ستۆدیۆکانی پاراماونت و فێرست ناشیۆنال کە بەرهەمهێنەرانی ستۆدیۆکان بە گاڵتەوە تەماشای فیلمەکە دەکەن.

tournage_de_nanook_of_the_north_1922

دوای هەوڵێکی زۆر، کۆمپانیای پازی فەڕەنسی ڕازی دەبێت بە نماییشکردنی فیلمەکە لە چەند سینەمایەکی شاری نیویۆرکدا، فیلمەکە بینەرێکی زۆری دەبێت لە شاری نیویۆرکدا، بەڵام زیاتر لە وڵاتانی ئەوروپا ناوبانگ دەردەکات، بەتایبەتی لە شارەکانی لەندەن و پاریسدا کە لە سینەماکاندا بۆ زیاتر لە شەش مانگ نماییش دەکرێت.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

هاوبەشی بکە

Flaherty, Karzan Kardozi, North Nanooki,