26/04/2024
DidiMn Logo
Top

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر: کامێرا وەک هەست

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کارزان کاردۆزی

فیلم: ناپۆلیۆن، ١٩٢٧
دەرهێنەر: ئەبێل گانس

لە بەهاری ١٩٢٤دا، گانس دەست دەکات بە وێنەگرتنی فیلمی ناپۆلیۆن، بۆ سێ ساڵی داهاتوو کاری لە فیلمەکەدا دەکات. لە سەرەتادا گانس دەیەوێت کە فیلمەکە بکات بە بەشی یەکەم لە زنجیرەیەک فیلم لە گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی ناپۆلیۆن بۆناپارت لە منداڵییەوە تا مردنی لە شەش زنجیرەفیلمدا، بەڵام گانس تەنیا بەشی یەکەمی زنجیرەکەی بۆ تەواو دەکرێت لە گێڕانەوەی ژیانی منداڵیی ناپۆلیۆن، لاویەتی و سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسی، هاتنەسەردەسەڵاتی و و داگیرکردنی وڵاتی ئیتالیا.

ئەو تەکنیکییە وێنەگری و مۆنتاجییەی کە بۆ چەندان ساڵ بوو گانس لە فیلمەکانیدا بەکاری دەهێنان، هەموویان کۆ دەبنەوە بۆ نماییشکردن لە فیلمی ناپۆلیۆندا. لە ئێستادا فیلمەکە وەک فەرهەنگێکە بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی جووڵەی ئاڵۆزی کامێرا و ئیفێکتی ناو کامێرا و مۆنتاج، گانس دەیویست فیلمێک دروست بکات کە تیایدا هەموو تەکنیکێکی سینەمای بێدەنگ بەکار بهێنێت لە خواستی بۆ نماییشکردنی چیرۆک و هەست لە ڕێگەی وێنەوە، بۆ ئەم مەبەستە بەتایبەتی چەندان ئامێر دروست دەکات بۆ جووڵەی کامێراکەی. لە بەکارهێنانی دۆلی و تراک و تەنانەت دروستکردنی ئامێرێک کە کامێراکەی بە  لاشەی کامێرامانەکەی و ئەکتەرەکانیەوە دەبەستێت، تەکنیکێک کە لە ساڵانی داهاتوودا پەرەی پێ دەدرێت وەک ستێدی کام.

پۆسته‌ری فیلمی ناپۆلیۆن

گانس کەسێک نەبوو کە تەنیا لەبەر تەکنیک پەنا بەرێت بۆ بەکارهێنانی ئاڵۆزی جووڵەی کامێرا، بەڵکو کامێرا بەکار دەهێنێت وەک نماییشکردنێکی هەستی کارەکتەری ناپۆلیۆن لە تەمەنی منداڵییەوە بۆ ژیانی وەک ئیمپڕاتۆرێک، هەروەهائاڵۆزیی بەکارهێنانی کامێراکەی مانای دروستکردنی زمانێکی نوێ بوو لە بەکارهێنانی کامێرا و مۆنتاجدا. بۆ گەیشن بەم ئامانجە، پێویست بوو کە کەرەستەی تایبەت دروست بکات، بەتایبەتی بۆ کامێرا و جووڵەی کامێراکەی، گەرچی لە زۆر لە گرتەکانی فیلمەکەدا کامێرای دەستی بەکار هاتووە، بەڵام تا کۆتایی ساڵانی پەنجاکان بەکارهێنانی کامێرا بەم جۆرە نابێت بە ستاندەرێک لە سینەمادا؛ گانس سی ساڵ لەم ڕووەوە لەپێش دەرهێنەرانی ترەوە دەبێت.

تێبینی: شیکاری پوختی زیاتر لەسەر ئەم فیلمە و گشت فیلمەکانی تری ئەم دەرهێنەرە لە کتێبەکەمدا بە وردی باس کراوە؛ کتێبی سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر.

لێرەوە ڤیدیۆیەکی تایبەت بەم فیلمە ببینن:

هاوبەشی بکە

Abel Gance, Karzan Kardozi, Napoleon,