دیدی من – ڕیڤۆڵیوشنەری دیمۆکراسی
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عهبدولڕهحمان
ڕێگەی ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی ڕووەو ڕێبازی سۆشیالیست ڕیالیزم ئاسان و بێ کێشە نەبوو، ئەو گرانی و کۆسپانەی ئەو شاعیرە مەزنە بە سەریدا زاڵ بوو، شایەتیی بەهرە مەزنەکەی دەدەن.
لە سەرەتای ئەو ڕێگەیەدا، شاعیری گەنج ناچار بوو لە ڕێگەی ناڕەزایەتییەکی تراژیدیی چەپ و یاخیبوونێکی خۆڕسکەوە بە سەر هەندێک کاریگەریی ڕووکەشیی باو و ئایندەخوازی زاڵ ببێت و دژیان بوەستێتەوە، کە بەرەو بانگەشەیەکی بەئاگایانەی برد، تا دواتر لە ڕێگەی شۆڕشی پڕۆلیتاریاوە جیهانی بۆرژوازی ببەزێنێت و جیهانی سۆشیالیستیی نوێ بونیاد بنێت. تێگەیشتنێکی قووڵی هەبوو بۆ ئایدۆلۆژیای مارکسی-لیننی، وەستان و هاوشێوەکاری لە سەر باشترین دەقەکانی ئەدەبی ڕوسی، شیعرە نوێیەکانی مایاکۆڤسکیـیان هێنایە ژیانەوە.
مایاکۆڤسکی یەکەمین و مەزنترین نموونەی شاعیری سۆشیالیستە؛ بنەمای داهێنانەکەی دروستکردنی قارەمانێکی نوێی گۆڕانکارە، ئەم قارەمانە تەنها شاعیر نییە، ئەو هاووڵاتییەکی نوێی یەکەمین دەوڵەتی پڕۆلیتارییە، شۆڕشگێڕێکی بەئاگایە، تێکدەری جیهانی کۆن ودروستکەری نوێیە، داهێنەری ئابووری، کلتوور و هونەری نوێیە، لە کۆمەڵەی دژکارەکان خاوەنی ڕەوشتێکی بەرزە، وردبینە لە بیرۆکە کۆمۆنیستییەکاندا، ئەو بەرجەستەکارێکی زیندووە بۆ ئەو پۆلە هاووڵاتییەی چەرخی پڕۆلیتاریا.
ناوەڕۆکی شیعرەکانی مایاکۆڤسکی، هەست، بیرکردنەوە و ئامانجی قارەمانێتییەکەی دەگرنە خۆ، هیی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی. پاش ئەو چاودێریکردنە وردەی کردوویەتی، ناکۆکییەکی سەرەکیی هاوچەرخی هاتە پێش، ئەویش بەربەرەکانیکردنی دەرەبەگەکان و بۆرژوا ناشیرینەکانە، کە تا مردن بۆ مانەوە بەرگری دەکەن. ئەم بەربەرەکانییە بە پەرۆشانە و ڕەشبینانە لە ڕێی پاتریۆتیزم وجیهانگیریی سۆشیالیزمەوە جێبەجێ دەکات: خۆشویستنی کاری داهێنەرانە و کرێکار. شاعیر بانگەشەیەک دەکات بۆ جەنگ، بانگەشەیەک تێیدا قوربانی و بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە ژێر ناوی کۆمۆنیزمدا هەیە، ئەم ناوەڕۆکە ناوەکییە نوێیە کە پێشترهەرگیز لە شیعردا کاری لە سەر نەکراوە، وا لە کارەکانی مایاکۆڤسکی دەکات جگە لە ڕەنگدانەوەی ڕاستیی ژیان، چەکێکیش بێت بۆ گۆڕینی. ئەو شیعری چەقبەستووی کۆن دەشکێنێت و زمانەوانی نوێ و بۆ شیعر و یاساکانی دادەڕێژێت.
مایاکۆڤسکی لێهاتوانە بابەتی لێکۆڵینەوەی شیعری فراوان و دەوڵەمەند کردووە، بۆ ئەو هەر شتێک کە پەیوەندیی بە شۆڕشەوە هەبێت و خزمەتی بکات، جوانە و شایەنی ئەوەیە بکرێتە دێڕی شیعرێک. شیعر بە ڕێڕەو بەرەو کۆمۆنزم ناو دەبات، ئەم بنەما شیعرییە شۆڕشگێڕییە هانی مایاکۆڤسکی دەدات، لە کاتی پاراستنی دابونەریتی ئەدەبیاتی دیموکراتی، شیعری کۆن بە یاسا گەندەڵ و دێرینەکانییەوە ڕەت بکاتەوە. ئەو تیۆریای مەودا دوور ڕەت دەکاتەوە، کە پێی وایە دەبێت تاک چاوەڕێی ڕووداوەکان بکات تا ڕوو دەدەن، ئەمەش بە پاساوی ئەوەی تا پێش ڕوودانیان لە سەریان نەنووسێت. مایاکۆڤسکی کارێکی هونەریی بەرز دادەهێنێت، کە وەڵامدەرەوەی هەقیقەتن لە کاتی خۆیدا. باشترین نموونەش، شیعری ڤی ئای لینینـە، کە ڕاستەوخۆ لە دوای مردنی سەرۆکەوە نووسراوە. نووسین لە بارەی ئێستاوە، لە بارەی کێشەی ڕۆژەوە، لە لای ئەو سەرەکین و نموونەن بۆ داهاتوو.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.