19/03/2024
DidiMn Logo
Top

عەبدولقادر حەیدەرە: پاسەوانی دەستنووسەکان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ناشیۆناڵ جیۆگرافیک

جۆشوا ھامەر
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

عەبدولقادر حەیدەرە، بەڕێوبەری کتێبخانەی ماما حەیدەرە لە شاری تیمباکتوو لە وڵاتی مالی، کە بەشێکە لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، سەرپەرشتیاری تیمێکە کە کاریان کۆکردنەوەی دەستنووسە. ئەم تیمە ئەرکی سەرەکییان دۆزینەوەی کتێب و نووسراوی کۆنە بۆ پاراستن و ھەلگرتنیان لە جێیەکی شیاو. ئەم دەستنووسانە کە بابەتی وەک گەردوونناسی، ھۆنراوە و  مێژوو لەخۆ دەگرن، زۆر بەبێدەنگی شەوانە لە کتێبخانەکانی دەوڵەتەوە دەبرێنە ئەو ماڵانەی کە کتێب تیایاندا پارێزراوترە. ئەم کتێبخانەیە بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە ئەم نووسراوە گەوھەرییانە لە دەستی سەربازە ھاوپەیمانەکانی قاعیدە بپارێزێت. ئەم ھێزە ئیسلامییانە کاتێک باشووری مالی‌ـیان داگیر کردبوو، ھەرشتێکیان کە بە حەرام یان قەدە‌غەکراو دانراوە و دەیانبینی، لە ناویان دەبرد.
haidara02.ngsversion.1424201773738.adapt.1190.1

حەیدەرە وەک ڕۆشنبیرێک، کۆکردنەوەی ئەو دیکیۆمێنتانە بە ئەرکی خۆی دەزانێت، چونکە ھەموو دەستکەوتەکانی مالی لەم دەستنووسانەدایە و دەری دەخەن مالی سەنتەرێکی بەرەوپێشچوونی ھزرە. ئەم دەستنوسانەی حەیدەرە دەیاندۆزێتەوە، زۆر بەنرخن و زۆر فراونتر باس لە مێژووی ئەفریقا دەکەن. ھێنری لویس گەیت، پڕۆفیسۆری زانکۆی ھارڤەرد، لە سەردانێکیدا بۆ کتێبخانەکەی حەیدەرە لە ساڵی ،1996 ڕوونی کردەوە کە ھیگڵ و کانت و فەیلەسوفەکانی تری سەدەی حەڤدە پێیان وابوو کە ئەفریقا کتێب و نوسینی نییە، ھەر بۆیە ھیچ مێژوویەک و ھیچ یادەوەرییەکی نییە. گەیت لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت، “ھەتا نەبیت بە خاوەنی دەستنوس و کتێب، ھیچ شارستانییەک بوونی نییە و نەبوونی ئەمەش بوو بە پاساوێک بۆ ھەموو ڕووداوەکانی بازرگانیکردن بە کۆیلەوە. نەبوونی نوسراوو و نەبوونی کتێب ھۆکار بوو کە ئەفریقییەکان وەک ئەوەی لە خوار مرۆڤەوە بن، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا.” بەڵام ئەوان ئاگەدار نەبوون کە سەدەی 15 و 16 لوتکەی بەرھەمھێنانی دەستنووس بوو لە ئەفریقا. ئەو کات تیمباکتوو ڕێگەیەکی بازرگانی بوو لەسەر دەریای نەیجیریا و سەنتەری فێربوونی ئەکادیمی بوو، چونکە خاوەنی زیاتر لە 150 زانکۆ بوو. هەموو ئەم نووسراوانە لە لایەن خێزانە گەورەکانەوە پارێزرا بوون لە شوێنێکی شاراوە لەبیر کرا بوون.
haidara03.ngsversion.1424201839374.adapt.1190.1

لەماوەی نۆ مانگدا، حەیدەرە و تیمەکەی ٣٥٠،٠٠٠ دەستنووسیان لە 45 کتێبخانەی جیاوازدا دۆزییەوە و لە باماکۆ حەشاریان دا، کە 400 میل لە کۆنتڕۆڵی ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدەـەوە دوورە. ئەم تیمە زۆر جار ڕووبەڕووی کێشە و مەترسیی زۆر بوونەتەوە، گواستنەوەی ئەم دەستنووسانە بەشاراوەیی، کەوتنە ناو کەمینی قاعیدە، دەستگیربوون و مەترسی لەدەستدانی دەست و قاچیان بە ھۆی تۆمەتی دزینی ئەم دەستنووسانەوە. لەم کاتانەشدا تیمەکە بۆ خۆپاراستن زۆر بەوریایی بە ئاماژەکردنی سورەتەکانی قورئان دەیانگووت کە بڕیاری بێ بەڵگە کارێکی نەشیاوە. ئەوان دەیانگووت کە ئەم دەستنووسانە موڵکی خۆیانە و لە کتێبخانەکانەدا دەستیان بەسەردا گیراوە.
haidara04.ngsversion.1424201893000.adapt.1190.1

ستیفانی دیاکیتی، بریکارێکی ئەمریکییە و 20 ساڵ لەمەوبەر لە کاتی سەردانێکی بۆ مالی و نووسینی وتارێک دەربارەی دۆزینەوەی کەلەپووری ئەدەبیئ ئەفریقا، بڕیاری دا یارمەتیی حەیدەرە بدات. لە باماکۆ لەگەڵ حەیدەرە یەک ملیۆن دۆلاریان لە ئەمریکا، ئەوروپا و و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە کۆ کردەوە بۆ بەڕیوەچوونی ئەم کارە. ڕێکخراوی یونسکۆ لە ساڵی 1960 سەرسامی خۆی پیشان دا و دەستی کرد بە دابینکردنی پارە بۆ ئەم پڕۆژەیە و کتێبخانەیەکی نەتەوەیی بە ناوی پەیمانگای ئەحمەد بابا کردەوە.

لەناو ئەم دەستنووسانەدا، خۆشنووسییەکی لەڕادەبەدەر دەبینرێت. تێیدا بە پێنووس و مەرەکەب نەخشی مزگەوت و بیابانەکان ھەن. ھەروەھا تێیدا باسی جەنگی پاشاکانی مالی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەکات. بابەتی وەک دەرمانسازی، فەلسەفە و  یاساکانی ئیسلام و بیرکاری لەخۆ دەگرێت کە ھێمان بۆ بوونی کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆزی تیۆری، کە بۆ سەدەھا ساڵ لە بوژانەوەدا بووە، بەڵام ئەم بوژاندنەوەیە لەگەڵ داگیرکارییەکەی مەغریب لە سەدەی 16  کۆتایی پێ ھات کە شارەکەی خاڵی کردەوە و ھەموو بیرمەندەکانی بۆ کۆیلایەتی بەرەو فێز نارد.

haidara05.ngsversion.1424201949915.adapt.1190.1

یەکێک لەو دەستنووسە بەنرخانەی کە لەناو کۆکراوەکانی حەیدەرەدا ھەیە و لە ڕۆژئاوا گرنگییەکی زۆری پێ دراوە، نامەیەکی شێخ باکای کونتی‌ـیە، کە ڕێبەرێکی ئایینی بوو لە تیمباکتوو، لە ساڵی 1853 بۆ سوڵتان ماسیناـی ناردووە و تێیدا داوای لێ دەکات بڕیاری کوشتنی گەڕیدەی ئەڵمانی، ھێنریک بارت، ھەڵبوەشێنێتەوە، کە بە بیانووی ئەوەی کەسانی ناموسڵمان ڕێگەپێنەدراو بوون بێنە ناو شارەکەوە، دەستگیر کرا بوو، بەڵام باکای لە نامەکەدا دەڵێت لە یاسای ئیسلامدا کوشتن ڕێگەپێنەدراوە.

باوکی عەبدولقادر حەیدەرە، محەمەد، کە نازناوەکەی ماما بوو، لە ساڵی 1897 لە سەردەمی فەرمانڕەوایییی فەڕەنسا لەدایک بووە. بیرمەندێک بوو کە خۆی پەرەی بە خوێندنی خۆی دەدا و ھەموو دەستنووسێکی دەگمەنی کۆ دەکردەوە. حەیدەرە دەڵێت کە بنەماڵەکەی ھەر لە سەدەی 16ـەوە کاری کۆکردنەوەی دەستنووس دەکەن و کتێبخانەیەکیان لە بامبا دروست کردووە. باوکی حەیدەرە گەلێک کاری بۆ ئەم کتێبخانەیە کردووە و بە ھەموو ئەفریقادا دەگەڕا و دەستنووسی لە چاد، سودان و میسڕ کۆ دەکردەوە.

حەیدەرە دەڵێت، “من ھەموو کات بە بەرپرسیارێتی و نیگەرانییەوە دەورە دراوم. تەنانەت ھەندێک کات خێزانەکەی خۆم لەیاد دەکەم. تەنھا ئاواتم ئەوەیە ھەموو ئەو کتێبخانانەی تیمباکتوو ببوژێنەوە، تا بتوانم کەمێک ئارام بم.”

 

هاوبەشی بکە

Book, Manuscript, national Geographic, SheneMohamad,