25/04/2024
DidiMn Logo
Top

لێکچوونەکانی نێوان داستانی گلگامش و ئایینە ئیبراهیمییەکان

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منمەکتەبەلعامە

لە عەرەبییەوە: زرار حامید


ئایا ئایینە ئیبراهیمییەکان (یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام)، بیرۆکەکانیان لە داستانی گلگامشەوە وەرگرتووە؟ یان ئەو لێکچوونانەی کە لە نێوان ئەو ئایینانە و داستانی گلگامشدا هەن، تەنها ڕێکەوتێکە؟

گلگامش داستانێکی وڵاتی نێوان دووئاوانە، کە لە جیهاندا بە کۆنترین کاری ئەدەبی دادەنرێت. ئەم داستانە لەسەر تاشەقوڕینە نووسراوە و زیاد لە دانەیەکی ھەیە، کە کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان. بەڵام کۆکردنەوەی بە شێوەیەکی تەواو و بێکەموکوڕی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلییەکان، کە مێژووی نووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢٠٠ ساڵ پێش زایین و لە لایەن پیاوێکی ئایینیەوە نووسراوە، بە ناوی شین ئایقی ئۆنینی.

داستانی گلگامش

بەڵام ئەوەی جێگەی مشتومڕە، ئەو لێکچوونە زۆرەیە کە لە نێوان داستانی گلگامش و هەندێک لە گێڕانەوەکانی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا هەیە، دوای تێپەڕبوونی ١٢٠٠ ساڵ بەسەر نوسینەوەی گلگامشدا. لە دیارترین ئەو لێکچوونانە، ئەمانەن:

  •  بیرۆکەی بوونی خودا/خوداوەند: ئەگەر هەر دەرگایەکی زانستی ئەفسانەناسی (میسۆلۆجیا) بکەینەوە، دەبینین کە بیرۆکەی بوونی خودا یان بوونی چەند خودایەک، بیرۆکەیەکی ئێجگار کۆنە و چەندان ساڵ پێش ئایینە ئیبراهیمییەکان، ئەم بۆچوونە بوونی هەبووە، هەروەها لەم داستانەشدا بوونی زیاتر لە خودایەک، کە چارەنووسی مرۆڤ دیاری دەکەن، بە تەواوەتی ڕوون و ئاشکرایە.
  •  بیرۆکەی دروستکردنی مرۆڤ لە قوڕ: لە داستانی گلگامشدا ئاماژە بەوە کراوە کە خوداوەند ئەورورو، لە مشتێک قوڕ ئەنکیدۆی دروست کردووە، کە ئەمەش هاوشێوەی چیرۆکی دروستکردنی ئادەمە، کە ئایینە ئیبراهیمییەکان بۆمان باس دەکەن.
  •  بیرۆکەی بوونی زەویی نەمری (بەهەشت): لە داستانەکەدا خوداوەند وەک پاداشتێک، ئۆتنابشتم لە شوێنێک نیشتەجێ دەکات (زەویی نەمری)، کە تێیدا هیچ کەس پیر نابێت و نامرێت، ئەو شوێنەش دەکەوێتە دەرەوەی دونیای هەستپێکراو، ئەمەش هەمان بیرۆکەی بەهەشتە، کە ئایینە ئیبراهیمییەکان بۆمان باس دەکەن.
  • مار/شەیتان، هێمایەک بۆ خراپەکاری: لە هەردوو گێڕانەوەکەدا، واتە چ لە گلگامش و چ لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، مار وەک هێمایەک بۆ خراپەکاری بەکار هاتوون. کاتێک گلگامش ئەو ڕووەکە دەدۆزێتەوە کە لاوێتیی بۆ دەگەڕێنێتەوە (ڕوەکی نەمری)، لەم کاتەدا مارێک ئەم ڕووەکە دەخوات، بە هەمان شێوە لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، مارێک ئادەم فریو دەدات تاکو لە دارسێوەکە بخوات.
داستانی گلگامش

داستانی گلگامش

  •  بیرۆکەی زریانی بەهێز: زریانەکەی نووح دیارترین خاڵی لێکچوون و گەورەترین خاڵەم کە لە هەموو ئەوانی تر زیاتر جێگەی مشتومڕە. بوونی زریانی بەهێز لە داستانی گلگامش و ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، لە داستانی گلگامشدا خوداوەند لە مرۆڤ تووڕە دەبێت و بریار دەدات کە زریانێکی بەهێز بۆ مرۆڤ بنێرێت و هەموو شت لەناو ببات، جگە لە ئۆتنابشتم و ئەو ژمارە کەمەی خەڵک، کە هاوەڵیی دەکەن و لەگەڵ نێر و مێیەک لە هەر ئاژەڵێک، بە هەمان شێوە و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک، ئایینە ئیبراهیمییەکان دوای ١٢٠٠ ساڵ هەمان چیرۆک دەگێڕنەوە.
  •  ڕزگاربوون لە زریانەکە: کەشتییە گەورەکە خوداوەند بە ئۆتنابشتم، دەڵێت کە هەڵبستێت بە دروستکردنی کەشتییەکی گەورە بۆ ڕزگاربوون لە زریانەکە، کە درێژی و بەرزی و قەبارەی کەشتییەکەی بۆ دیاری دەکات و پێی دەڵێت بیکات بە چەند بەشێکەوە. هەمان بیرۆکە بەدی دەکرێت لە هەریەک لە قورئان و تەوراتدا.
  •  وەستانی کەشتی: وەستانی کەشتییەکە لەسەر لوتکەی شاخێک پاش تێپەڕبوونی شەش شەو و حەوت ڕۆژ بەسەر زریانەکەدا، ئەو کەشتییەی کە ئۆتنابشتم دروستی کردبوو، لەسەر لوتکەی شاخێک دەگیرسێتەوە، ئەویش پاش دابەزینی ئاستی ئاوەکە بە شێوەیەکی تەواوەتی، کە ئایینە ئیبراهیمییەکانیش هەمان چیرۆک دەگێڕنەوە، بەوەی کەشتییەکەی نووح لەسەر لوتکەی شاخێک ڕاوەستاوە.
  •  ئەو باڵندەیەی کە وشکانیی دۆزییەوە: داستانی گلگامش پێمان دەڵێت کە دوای وەستانی کەشتییەکە، ئۆتنابشتم سێ باڵندە هەڵدەدات بۆ ئاسمان، تا بزانێت کە هیچ شوێنێک هەیە ئاوی لێ نەمابێت. پاشان باڵندەکان دەڕۆن و ناگەڕێنەوە، بەمەش دەزانێت کە وشکانییان دۆزیوەتەوە. هەروەها لە تەوراتدا، نووح سێ باڵندە دەنێرێت بۆ ئاسمان، کە یەکێک لە باڵندەکان کۆترێک دەبێت و پاش فڕینی، دەگەڕێتەوە و لقی دارزەیتوونێکی بە دەنووکی هەڵگرتووە، بەمەش نووح دەزانێت کە باڵندەکە وشکانیی دۆزیوەتەوە.

داستانی گلگامش

ئەمە دیارترین ئەو لێکچوونانەن کە لە نێوان داستانی گلگامش و ئایینە ئیبراهیمییەکاندا هەبوون، کە هەندێک کەس ئەم لێکچوونانە بە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر دادەنێن لەسەر نادروستیی ئایینە ئیبراهیمییەکان و دەڵێن ئەو ئایینانە، جگە له‌ دزینی بیرۆکەی ئەفسانە و ئایینە کۆنەکانی پێش خۆیان، هیچی تر نین. هەروەها هەندێکی تریش دەڵێن ئەم لێکچوونانە تەنها ڕێکەوتێکن، بە بەڵگەی ئەوەی گێڕانەوەکان جیاوازن، وەک بوونی جیاوازی لە ئەندازەی کەشتییەکەی نووح و کەشتییەکەی ئۆتنابشتم.  بەڵام لەسەر ئاستی زانستی، زانست لەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە ڕوودانی زریان و بەجێمانی پاشماوەی ئەو دوو کەشتییە، پشتراست بکەنەوە.

هاوبەشی بکە

Gilgamesh, Mythology, Zrar Hamid,