19/04/2024
DidiMn Logo
Top

لە سلێمانی یەکەم دیدار بۆ موزیک ساز دەکرێت

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا، لاوک ئەبوبەکر

بڕیارە لە ڕۆژانی ١٥-١٧/١٢/٢٠١٦، لە شاری سلێمانی دیدارێکی موزیکی بە ئامادەیی سەدوپەنجا موزیسیان، لە ژێر ناونیشانی دیداری سلێمانی بۆ موزیکی کوردی ساز بکرێت. دروشمی دیدارەکە “بەرەو دیالۆگێکی بونیادنەرانە بۆ موزیکی کورد”ە و وەک ئەندامێکی لیژنەی ئامەدەکاری دیدارەکە دەڵێت، ”مەبەست لە سازکردنی دیدارەکە جووڵاندنی دۆخی چەقبەستووی گفتوگۆ و وتوووێژە دەربارەی موزیکی کوردی”.

توانا حەمە، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری دیداری سلێمانی بۆ موزیک، سەبارەت بە مەبەستی سازکردنی دیدارەکە بۆ دیدی من گوتی: “ئەم دیدارە بە مەبەستی جووڵاندنی دۆخی چەقبەستووی گفتوگۆ و ووتوێژ دەربارەی هونەری موزیکی کوردی، بۆ بەرەوپێشچوون و هەنگاونان بۆ کاری داهاتوو لەم بوارەدا و جیاکردنەوە و پۆلێنبەندیی بوارەکانی کاری موزیکی کوردی، وەک میژووی موزیکی کوردی، دانانی موزیک، دیاری کردنی فۆڕمە موزیکییە کوردییەکان، لێکۆڵینەوە و تا دوایی ساز دراە. هەروەها بۆ ئەوەی ئەم دیدارە بکرێتە خاڵی دەستپێک بۆ دروستکردنی گفتوگۆییەکی ئەکادیمی لەو بوارانەی کە ئاماژەی پێ درا.”

توانا حەمە

هەروەها دەربارەی سازکردنی دیدارێکی لەم جۆرە لەو دۆخەی کە ئەمڕۆ باشووری کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، گوتی: “گەرچی دۆخی باشووری کوردستان لە بارێکی دژواردایە، بەڵام بەستنی پانێڵ و دیدار بۆ موزیک پێویستییەکی هەنووکەییە و ڕەوتی گەشەپێدانی هونەر نابێت لە بزاوت بکەوێت.”

دیدارەکە لە چەند پانێلێک پێک دێت کە تەواویان دەربارەی موزیکی باشووری کوردستانن، بە گوتەی توانا حەمە  ئامانج لێییان ”خستنەڕووی گرفتەکان و کۆکردنەوەی ئەو بۆچوونە جیاوازانەیە کە لەو بوارانەدا تا ئێستا هەن و بە شێوەی هاوبەش لە باشووری کوردستاندا ڕاوێژ و گفتوگۆی زانستییان لەسەر نەکراوە”، هەروەها ”هەوڵدان بۆ دروستکردنی هێڵی گشتی بۆ شێوازی کارکردن لە پسپۆڕییە جیاوازەکانی موزیکی کوردی” و ”موزیک وەک یەکێک لە کاییە گرنگەکانی کلتوور و هێما و پیناسەکانی شارستانێتیی گەلی کورد بناسرێت”.

پۆستەری دیداری سلێمانی بۆ موزیک

پێنج پانێل لەم دیدارەدە ئامادە کراون و لە لایەن کەسانی پسپۆڕەوە پێشکەش دەکرێن، کە ناونیشانەکانیان بریتین لە:

– مێژووی موزیكی كوردی لە باشووری كوردستان

– فۆڕمە موزیكییە دێرینەكانی باشووری كوردستان

– ڕۆڵی میدیا لە ئاڕاستەكردنی موزیكی كوردیدا

– ڕۆڵی پەروەردەی موزیک

– گرفتە هەنووكەییەكانی موزیكی كوردی

هۆڵی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لە شاری جوان لە شاری سلێمانی شوێنی ئەنجامدانی دیدارەکەیە و بڕیارە یەکەم ڕۆژی دیدارەکە، کە ڕۆژی پێنجشەممە، بەرواری ١٥/١٢/٢٠١٦ دەکات، کاتژمێر ٣:٠٠ی عەسر دەست پێ بکات و ڕۆژانی دوایی، کە هەینی و شەممە، بەروارەکانی ١٦-١٧/١٢/٢٠١٦ دەکات، کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی بۆ ١:٠٠ی نیوەڕۆ و ٢:٠٠ی نیوەڕۆ بۆ ٥:٠٠ی ئێوارە بەڕێوە بچێت.

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, LawkAbubakr, Slemani Music Forum, TwanaHama,