20/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێندنی موزیک لە زانکۆکانی کوردستاندا: خولانەوەیەک بە دەوری بازنەیەکی بچووکدا

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

توانا حەمە

 

خوێندنی موزیک و گرنگیی خوێندنی موزیک لەمێژە بایەخی پێ دراوە، سەدان فەیلەسوف و بیرمەند لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە سەر موزیک و گرنگیی خوێندنی موزیک دواون. لە کۆماری ئەفڵاتۆنەوە تا شۆپنهاوەر، نیچە و ھیگڵ… ھتد سەرجەمیان بە بایەخەوە شیکاری بۆ پڕۆسەی موزیکدروستکردن و کاریگەرییەکانی لە سەر لایەنی گەشەی ھزریی مرۆڤ دەکەن، هەر بۆیە لە قۆناغە مێژووییەکان و گەشەسەندنی ھزری مرۆڤایەتی و دروستبوونی چەمکی زانکۆدا خوێندنی موزیکیش دەبێتە بەشێکی گرنگ لە پڕۆسەی خوێندن و تەواوی ژیاری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە گەشەسەندنی شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا، دواجار خوێندنی موزیکیش وەك بەشێكی گرنگ و كارا لە زۆرینەی زانکۆکانی دنیادا دێتە ناو پڕۆسەی خوێندنی باڵاوە، بۆیە بە دیدێكی باڵاوە بایەخ بە خوێندنی موزیک لە کۆلێج و زانکۆکانی سەرانسەری جیهاندا دەدرێت، تەنانەت ئەگەر زانکۆیەک ئەو کۆلێجەی تێدا نەبێت، پێویستە موزیک لابێک لە ڕووی چالاکیی ھونەری و موزیکەوە جێی ئەو کۆلێجە بگرێتەوە، تا دواجار بۆشایی پڕۆسەی موزیک و ھونەر لە ڕۆحی خوێندکاران و لە زانکۆکەیاندا دروست نەبێت، چونکە موزیک، ھونەر و ئەدەب ئەو لایەنە گرنگەن کە مرۆڤ ناتوانێت خۆی لێیان داببڕێت، لێرەدا ئەوەی دەمەوێت لەسەری بدوێم ئەو لایەنەیە کە ساڵانێکی زۆرە لە کوردستاندا بەشی موزیک لە زانکۆی سەڵاحەدین، سلێمانی و لە هەندێک زانکۆی دیکەدا بەشی ھونەری شێوەکاری، شانۆ و سینەما هەیە، یان بەشێکی بچووک بۆ لایەنی چالاکیی ھونەری تێیاندا دامەزراوە، لەم زانکۆیانەدا پێویستە کەسانی پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامە لەو بوارەدا کار بۆ گەشەپێدانی موزیک بکەن، بۆیە بە بڕوای من لە ئێستادا کاتی ئەوە هاتووە خوێندنەوەیەکی ڕاستگۆیانە و هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکییانە بۆ ئەو کۆلێجانەی زانکۆکانی کوردستان بکرێت، بە بڕوای من ئەو خوێندنەوەیە بە شێوەیەکی کردەی و لۆژیکییانە تا ڕادەیەک ئاسانە، چونکە تەنها بە ورووژاندنی ئەم پرسیارە بچووکانە لەوە تێدەگەیت کە ئایا زانکۆکانی کوردستان لە چ ئاستێکدان و توانیویانە چی بکەن! ‎پرسیارەکان ئەمانەن: ‎

  • ئایا ئاستی خوێندنی موزیک لە کوردستان لە کوێی ئاستی زانکۆکانی وڵاتانی جیهان و دراوسێدایە؟
  • توانای پسپۆڕانی، لە کوێی وڵاتانی زانکۆکانی دنیا و دراوسێدایە؟
  • ئایا توانراوە موزیکی کوردی بگەیەننە کوێی نەخشەڕێی موزیک لە دنیابینیی موزیکی ئەمڕۆژیدا؟
  • ئایا زانکۆکان توانیویانە تا چ ئاستێک کاری مەزن بۆ موزیکی کوردی بکەن؟
  • چەند کۆنفرانس و لێکۆلینەوەی زانستی بۆ یەکلایکردنەوەی چەندین پرسگەلی گرنگ و کێشەی موزیکی کوردی ئەنجام دراوە، کە جێی هەڵوەستەکردن بێت؟
  • پسپۆڕانی زانکۆ چەند وتاری زانستییان لە گۆڤارە موزیکییەکان دەربارەی بڵاو کردووەتەوە؟ (تەنانەت بگرە لە گۆڤارە لۆکاڵییەکانیشدا؟)
  • ئایا ئاستی خوێندکارانی موزیک بە بەراورد بە زانکۆکانی وڵاتانی دراوسێ وەک ئێران و تورکیا چۆنە؟
  • ئایا چەند کتێبی موزیکییان دەربارەی موزیک بڵاو کردووەتەوە و لە بەردەستی خوێندکاراندایە؟
  • ئەو میتۆدانەی کە بەکار دێت ھیی چ سەردەمێکن؟ چەند میتۆد بۆ فێربونی موزیکی کوردی دانراوە؟
  • ئایا کۆرسبوکەکانی مامۆستاکان لە چ ئاستێکدایە؟
  • ئایا چەند بەشداری کارا و هەماهەنگییان لە گەڵ زانکۆکانی دنیادا هەیە؟
  • ژمارەی ئەو سیمینارانەی کە ڕێکی دەخەن ساڵانە دەگاتە چەند و لە چ ئاستێکدان؟

‎سەدان پرسیاری دیکە هەیە کە دەتوانرێت بگەینە چەند وەڵامێک، بە بڕوای من دەبێت وەک توێژەرێک کە ئاگاداری ڕەوشی موزیکم لە کوردستاندا و خۆم بە ئەزموونی پەیمانگە و زانکۆکانی کوردستاندا تێپەربووم، دەتوانم بڵێم: بە داخەوە وەڵامەکانی نەرێنییە و ھیچ وەڵامێکی دڵخۆشکەر دەست ناکەوێت، بۆ ئەو پرسیارانەی کە خرایە ڕوو تەنانەت بیریشی لێ ناکرێتەوە و بە بەشێک لە خەیاڵ دەزانرێت، هەر بۆیە بە بڕوای من ئەگەر بەم جۆرەی ئێستا بێت و بە بەراورد بە ئاستی خوێندنی موزیک، تەنها پڕۆسەیەکی نەزۆکە و دواجار ھیچی لێ سەوز نابێت. سەرئەنجام ناچالاکیی کۆلیجەکان و کادرانی ئەم بوارە، ئەم پاشاگەردانییەی لێ دێتە گۆڕێ، کە ئێستا لە گۆڕەپانی موزیکی کوردیدا دەگوزەرێت، کە لێشاوی موزیکی بیانی و کۆپی و موزیکی (کیچ و بازاڕی) جێی موزیکی باڵای گرتووەتەوە، تەنانەت بەشێکی ئەکادیمیستەکان و پسپۆڕانی زانکۆکان کار لەگەڵ ئەم لێشاوە هەرزەھونەرییە دەکەن، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئاستی موزیکی کوردی ھاوشێوەی گەلانی درواسێ ببوژێنینەوە، پێویستە زانکۆ و پەیمانگەکان ببوژێنینەوە، شکستی موزیکی ئەمڕۆ و قەیرانی نەبوونی موزیکی کوردی لە ئاستی باڵادا، سەرەتای قەیرانەکە سەرچاوەکەی بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان دەگەڕێتەوە، چونکە نەیانتوانیوە بەرهەمێکیان ھەبێت کە بتوانرێت ڕوویەکی جوانی کەلتووری ئەم نەتەوەیەی پێ بخەنە ڕوو، کە ھۆکارگەلێکی دیکە هەن ھیچ کابینەیەکی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم هەرێمە کێشەی کەلتوور بەشی گرنگی ئەجێندای کابینەکان نەبوون، بگرە تەواوی چەمکی زانست و ھونەر و ڕۆشبیری بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەشەوە جێی گرنگی و بایەخی ھیچ فراکسیۆنێک و حیزبێک نەبووە کە کاریان تێدا بکات، هەر بۆیە دەڵێم: خوێندنی موزیک لە کوردستان تەنها خولانەوەیە بە دەوری بازنەیەکی بچووکدا، نە جێی ئومێدە، نە ئایندەشی دیارە.

هاوبەشی بکە

TwanaHama, wtari music,