19/04/2024
DidiMn Logo
Top

هەر جارەو زاراوەیەک: ئێكسپرێشینزم لە هونەری شێوەکاری و موزیکدا

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
توانا حەمە

ئێكسپرێشینزم یەكێكە لە قوتابخانە هونەرەییەكانی مۆدێرنە، كە بە تێكشكاندنی فۆڕمەكان، بە پەیامی زیادەرۆیئامێز (مبالغە)، دیوی ڕاستیی ناشیرینی و ناپەسەندی بەیان بكات. بناغەی ئەم شێوازە لەسەر بنەمای ئەو بڕوایە بوو، كە ئیدی پێویستە هونەرمەند هەستی ڕاستەقینەی خۆی بەیان بكات؛ ئەگەر جیهان ناشیرین و نەفرەتییە، پێویستە ئەو خاڵە بە شێوەیەكی بێ ڕتووش و بێ ڕووپۆشکردن گوزارشتی لێ بكات، نابێت خۆی بە بیروباوەڕ و فەرماییشتە كۆنەكان ببەستێتەوە، كە زیاتر کاریان ڕەتووشكردن و پەنهانكردنی ناشیرینییەكانەی ژیانە.

‎ئەم بیرە لە پێش جەنگی جیهانیی یەكەمەوە لە هەندێک لەو نووسراوانەی کە دەربارەی هونەری شێوەکاری بینراون، دەركەوتووە، بەڵام زۆر بە زوویی پەلی بۆ هۆنراوە، ڕۆمان، شانۆ، سینەما و موزیك هاویشتووە و زیاتر پەرەی سەندووە.

‎پێشینەی شێوەشكێنی لە هونەری شێوەكاریدا بۆ هیرونیموس، ماتیاس گرونوالد (سەدەی پازدەیەم)  و دمنیكوس تئوتوكوپولوس ئێلگركو (سەدەی شازدەیەم) دەگەڕێتەوە. بەڵام ڤان کووخی شێوەكاری پۆستئەمپرێشنیست، لە كۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بە پێشڕەوی (ئاڤانگارد) ڕێچکەشکێنی و فۆڕمشکێنی لە هونەری شێوەکاریدا دادەنرێت. ئەو بە هێڵە لەرزۆكەكان و ڕەنگی توند و زیادەڕۆیی كارەكانیدا، وەك یەكێك لە پێشڕەوانی ئێكسپرێشینزم هەژمار دەكرێت. ئەو خۆی دەربارەی تابلۆی بەردەمی قاوەخانە لە شەودا (Café Terrace at Night) نوسیبووی كە ئەم كارەی ئەو، بەیانكردنی ئەو پەیامەیە، کە قاوەخانە لە شەودا چ شوێنێکە! چۆن دەتوانێت مرۆڤ لە نێوانێک دابنێت، بەرەو شێتی یان بەرەو تاوانکاری ببات.

تابلۆی لە بەردەمی قاوەخانە لە شەودا (Café Terrace at Night)

 دوابەدوای ئەو ئیدوارد مونشی نەرویجی لە تابلۆی هاوار (The Scream) لە ساڵی ١٨٩٣دا بە شێوەیەکی ئاگاهانەی هونەری ئێكسپرێشینزمی بەرجەستەی کرد بوو. تابلۆی هاوار یەکێکە لە ژمارەیەک تابلۆی مونش بە ناونیشانی چێوەنەقشی ژیان (Frieze of life The)، بابەتەکانی نێو ئەم کۆمەڵە تابلۆیە گوزارشتن لە چەپاندنی سێکسی، تەنیایی، خودبێگانەیی و نەفرەت لە ژیانکردنە.

بە شێوەیەکی گشتی لە ئەڵمانیادا دوو گرووپی جیاواز بە سەردەستەی هونەری ئێكسپرێشینزمی خۆیان دەناساند:

تابلۆی هاوار (The Scream)

گرووپی یەکەم بە ناوی پرد (die brücke)، کە لە ساڵی ١٩٠٥دا سەریان هەڵدا، خۆیان بە دوژمنی ڕیالیزم و شێوازە کۆنەکان دەناساند و کارەکانی خۆیشیان بە ”پردی بەرەو هونەری ئاییندە” ناو دەبرد. کارەکانی ئەم گرووپە بە شێوەکاریی سادە، بە هێڵی زبر و ڕەنگی توند تایبەتمەند بوون و پێی دەناسرانەوە.

گرووپی دووەم، بە سوارچاکی شین (die blauer reiter) خۆیان ناساند، کە پێشڕەوانی ئەم گرووپە، ڤاسیلی کاندینسکی و فرانز مارک بوون. ئەوانیش بە بەکارهێنانی ڕەنگی شین لە کارەکانیاندا دەناسرانەوە. گەرچی سوارچاکانی شین بە زوویی کۆتاییان بە ڕەوتەکەیان هێنا، بەڵام کاندنسکی بەردەوامیی دا بە ڕەوتەکە دا. بە هۆی نزیکیی لە شۆنبێرگی موزیکدانەری ئەڵمانییەوە، کارەکانی ئەو بە سەر زۆرێک لە نۆت و بەرگی بڵاوکراوەکانی ئارنۆڵد شۆنبیرگ دەبینرێت.

دەتوانرێت بگوترێت ئێكسپرێشینزم، لە ئەنجامی ئەو نائومێدییە ڕۆحییەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە دنیای هونەردا هاتووەتە گۆرێ، لە کاتێکدا کە کوشتار، بیماری، هەژاری و تەنیایی وێنەی دۆزەخیان لە سەرزەوی نەخشاندبوو. هەر کاریگەریی ئەم وێنانە بوو، لە کاری شێوەکاران، موزیسیانان، هونەرمەندانی و شاعیرانی ئەو سەردەمەدا ڕەنگی داوەتەوە.

شیوازی ئێكسپرێشینزم لە موزیکی جیهانیدا، دەتوانرێت بگوترێت نیشانەکانی هەستکردن بە دەرکەوتنی ئێکسپرشینیزم زیاتر لە نێو دانراوە موزیکییەکانی سەردەمی نوڕۆمانتیکدا دەبینرێت. بۆ نموونە زۆرێک لەو نیشانانە لە سیمفۆنییەکانی گۆستاف مالەر دەدرۆزێتەوە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، شونبێرگ بە ئاڤانگاردی ئەم ڕەوتە دادەنرێت. گەرچی ئەو لە سەرەتادا وەک ژەنیاری ڤایۆلین سەرقاڵی کاری موزیک بوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: ”پاش هەشت ساڵ لە ژەنینی ئامێری ڤایۆلین، بڕیارم دا ئیدی کاری موزیک دانان بکەم.” ئەو بۆ یەکەم جار یەکەمین پەیامی ئیکسپرشینیزمی خۆی لە شاکاری شەوی نادیاردا (Verklärte Nacht)، بەرجەستە کرد.

شەوی نادیار (Verklärte Nacht)

شونبێرگ لەم کارەیدا فۆڕمتێکشکێنیی خۆی، بە نادیاری و ناڕۆشنی لە هارمۆنیداناندا  گوزارشتی ئێكسپرێشینزمی خۆی ئاڕاستە کردبوو، ئەویش بە ڕەهابوون و دوورکەوتنەوە لە تۆنالیتەی کۆن، یان بەکودەتاکردن لە هارمۆنیدانانە باوەکاندا، موزیکی پۆستتۆنال، ئەزموونی ئەتۆنال، داوزدەتۆنی و سوریالی لە دنیای موزیکدا چەسپاند. باری ناهەموار، نەناسراو و ناهاوسەنگیی دەروونی کە یەکێک لە سیماکانی شانۆی ئێكسپرێشینزمی بوو، هەر بۆیە هەمان شێواز و سیمایانە لە کۆتا ئۆپێرای شۆنبێرگدا دەبینرێت.

نامۆیی لە هارمۆنی، یەکێکە لە تایبەتمەندی و ڕەگەزە سەرەکییەکانی موزیکی شۆنبیرگ، بەڵام شێوازە لە گۆرانیگوتن لە شاکارەکانیدا زۆر نوێ بوو، بۆیە لە لایەن تیۆرزانە کۆنەکانەکانەوە ڕەت دەکرایەوە.

ئارنۆڵد شونبێرگ

 ئۆپیرای وتسیک wozzeck)) (١٩١٧)، شاکاری ئەلبان بیرغ، خوێندکاری شۆنبیرگ، بە یەکێک لە دیارترین نموونەی ئۆپێرای ئێكسپرێشینزم دادەنرێت. ئەو بە هاوبەشی نماییشنامەی وتسیک (١٨٣٦) لە نووسینی کارل جۆرج بوخنر، ئەم شاکارەی داناوە، کە باس لە چیرۆکێکی تراژیدیی سەربازێک دەکات، کە لە لایەن ماریی هاوسەریەوە پەیمانشکێنیی لەگەڵ دەکرێت. بەمە نائومێد و نائارام دەبێت. ئەم کارە بە شێوازیکی ئێكسپرێشینزمی و زمانێکی توندوتیژی موزیک و نواندن، پەیوەندییە مرۆییەکانی ئەو ڕۆژگارە دەخاتە ڕوو.

هەروەها دوو ئۆپێرای ڕیتچارد شتراوس، سالومە و ئەلکترا، بە نموونەی دیکەی ئۆپیرای ئێكسپرێشینزمی هەژمار دەکرێن. پاشان هەمان ئەم ژانرا و شێوازە موزیکییە دێتە نێو بواری موزیکی فیلمی سینەمایی (بێ وشە، دەنگ)، بە نموونە کابینەی دکتۆر کالیگیری (The Cabinet of Dr. Caligari) (١٩٢٠)، دەرهێنانی ڕۆبەرت وینە و موزیکی لە لایەن پیتر شیرمان دانراوە، بە یەکێک لە دیارترین موزیکی فیلم دادەنرێت، کە بە شێوازی ئێكسپرێشینزمی نووسراوە.

بە شێوەیەکی گشتی، هونەرمەندانی ئێكسپرێشینزمی کاریان ئەوە بوو، بە گفتوگۆکردن بە زمان و ئاکتی هونەری، بەدبەختییەکانی ژیانی مۆدێرنە بخەنە ڕوو. بەرجەستەکردنی ئەو نائومیدی و ناهەموارییانەی، کە لە ئەنجامی جەنگ و ماڵوێرانی و لایەنە نەرێنییەکانی مۆدێرنە، کە هاتبوونە بوون، هەموو ئەمانە ناسنامەی (Identity) قوتابخانەی ئێكسپرێشینزمی و ئەو ڕۆژگارە بوون.

بڕوانە:

  • ١. آنارسون، تاریخ هنرمدرن (نقاشی و پیکره سازی ومعماری درقرن بیستم)، م. مصطفی اسلامیه، چاپ اول موسسه انتشارات اگاه1375اگ
  •  ٢. احمدی بابک، موسیقی شناسی فرهنگ تحلیلی مفاهیم، چاپ: اول، نشر مرکز، تهران، ١٣٨٩، ٤١٢.
هاوبەشی بکە

Expressionist, Music, Painting, TwanaHama,