26/04/2024
DidiMn Logo
Top

مارا/ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا، بەشی چوارەم

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ڕزگار حەمە ڕەشید

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە  ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )

پانتایی گشتی نمایش:

 دیکۆر و سینۆگرافیای ئەم کارە لەلایەن هونەرمەند “شیروان خان” ەوە دیزاینی بۆ کرابوو. هەرچەند ڕوناکی کەمترین ئامادەیی هەبوو، بەڵام سەرباری ئەوەش، ئەو دیزاینەی شیروان سەرنجی بینەرانی بەلای خۆیدا ڕادەکێشا.

   لە نمایشی مارا ساد دا سەر شانۆ دابەشکرابوو بەسەر چەند پانتاییەکی سەربەخۆدا، بە جۆرێک ئەگەر هەر یەك لەو پانتاییانە بە جیا وەر بگرین دەتوانین وەك ڕووبەرێکی سەربەخۆ ئاماژەیان بۆ بکەین، بەڵام بە هەمووشیان ڕووبەرێکی گشتی و فراوانی نمایشەکەیان پێکدەهێنا.

لای ڕاستی شانۆکە بە پەردەیەکی شینی تەنك جیا کرابووەوە، لەودیو پەردەکەوە کۆمەڵێك قەرەوێڵە دەبینران و کرابووە شوێنی ژیانی نەخۆشەکان. ئەو ڕووبەرە نیمچە داپۆشراوە بیرهێنانەوەیەکی بەردەوام بوو بۆ بینەران کە ئێرە نەخۆشخانەیەکی دەروونییە و ئەوانەی چیرۆکەکانمان بۆ دەگێڕنەوە نەخۆشەکانن. لە نێوان پێرفۆرمانس و ژیانی ڕاستەقینەی نەخۆشخانە زیندانئاساکەدا، تەنیا ئەو پەردە شینە زۆر تەنکە هەیە کە زۆر جار هەستت بە تێکەڵبوونی هەردوو جیهانەکە دەکرد. جگە لەوەی لە ساتی یەکەمەوە وەك شێوازێکی هۆشیارانە بۆ سوود بینین لە تەکنیکی “پێش- نمایش” بە دەنگە دەنگێکی هێمن ئامادەکارییەکی لە کۆ نەستی بینەرەکاندا دروستدەکرد، بە جۆرێك تا کۆتایی نمایشەکە ئەوەیان بیر نەچێت نەخۆشەکان لەو گۆشەیەدا ژیان بەسەر دەبەن، تەنانەت ئەو کاتانەش کە ئەو گۆشەیە لە تاریکییەکی تەواودا بوو، یان هیچ کردارێکی تێدا ئەنجا نەدەدرا.

“پێش- نمایش” تەکنیکێکی زیرەکانەیە، مێشکی بینەران ئامادە دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، جگە لەوەی یارمەتی بەرەو پێشبردنی نەخشە و پیلانەکانی دەرهێنەر دەدات. لەم نمایشەدا، جگە لە دروستکردنی ئەتمۆسفێری خەستەخانەکە لەودیوی پەردەکەوە، هەر لە سەرەتادا دوو جاریش ڕوناکی دادەگیرسا و ساد هاواری لە جێبەجێکاری ڕوناکی دەکرد بیکوژێنێتەوە چونکە هێشتا ئامادە نین. ئەمەش دیسان وەك “پێش- نمایش” ئامادەکارییەکی باشە بۆ وریا کردنەوەی بینەران لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تەکنیکی شانۆ لەناو شانۆ و یارمەتییان دەدات لە یاریەکانی نمایش نزیکتر ببنەوە.

بەشی سەرەوەی لای ڕاستی شانۆ تەرخان کرابوو بۆ جامخانەیەکی گەورە بە ڕەنگی سەوز و لە ناویشەوە مەقسەلەیەکی جێگیر کە بەردەوام لەبەر چاوی بینەراندا بوو. بەشی سەرەوەی لای چەپی شانۆش تەرخان کرابوو بۆ پلیکانەیەك و لەسەریەوە پەیژەیەك بەرەو بالکۆنییەك و لەوێشەوە دەچووە سەر دەرگایەك کە ئاشکرا نەبوو ئۆفیسی دکتۆرەکەیە، شوێنی خۆگۆڕینی سادە، یان تەنیا پارچە دیکۆرێکی ستەیجی نەخۆشخانەکەیە. حەوزێکیش لە ناوەڕاستی پێشەوەدا بە شێوەیەکی لاکێشەیی گەورە دروست کرابوو هەندێک جار بۆ سزادانی نەخۆشەکان بەکار دەهات، جارێك، لەو کاتەدا ساد باسی ماسیگر دەکات، هەموو دەستەکان (مجامیع) لە بەردەم حەوزەکەدا دەچنە سەر دەم و وای پێشان دەدەن ماسی دەگرن. لە کۆتاییشدا کۆردی بەو حەوزەدا دەپەڕێتەوە تا مارا بکوژێت. لە ڕاستیدا حەوزەکەش و مەقسەلەکەو سەبەتەی کەللە سەرەکان پێشتر لە نمایشی تری مارا ساد دا بەکار هێنراون و لێرەدا دووبارە بوون، بەڵام وەك پێویستیش نەخرابوونە خزمەت ئەم نمایشەوە.

 پەیوەندی بینەر و نمایش:

برووك لە پانتایی بەتاڵدا باسی ئەوە دەکات کە تەنیا شتێكی هاوبەش لە نێوان هەموو شێوازە شانۆییەکاندا ئەوەیە کە هەموویان پێویستیان بە بینەرە. زۆربەی شانۆکارانی ئەم نەوەیە بۆ برەودان بە پەیوەندی نێوان نمایش و بینەران فۆکەس دەخەنە سەر چەمکی “هۆگربوون”” intimacy ” و “بەشداری بینەران” . لەم ڕووەوە گرووپە شانۆییەکان ڕێچکەی جیاواز جیاواز تاقی دەکەنەوە تا باشترین ڕێگەی گەیشتن بە بینەرەکانیان بدۆزنەوە، دیارە ئەمەش پەل دەهاوێت بۆ دووبارە خوێندنەوەی جوگرافیای شانۆ و پرسیارە گرنگەکانی ئەو نێوەندە سۆسیۆ- ڕۆشنبیرییە لەو ساتە مێژووییەدا. بە درێژایی مێژووش ئەم گەڕان و لێکۆڵینەوانە شێوازە کارکردنی تایبەت بەو قۆناغانەیان هێناوەتە ئاراوە. ئاخۆ هێنانی بینەران بۆ سەر تەختەی شانۆ، دابەزاندنی شانۆ بۆ ناو هۆڵەکە، گەمارۆدانی بینەران بە نمایش، یان دوورخستنەوەیان لە یەك باشترین ڕێگای گەیشتنە بەو هۆگربوون و بەشداری پێکردنە؟  شانۆی خاوەن ستەیجی بەرز یارمەتی دروستکردنی ئەو دوورییە دەدات لەنێوان ئەکتەر و بینەراندا، ئەکتەرەکان لە ڕوناکیدا نواندن دەکەن و بینەرەکان لە تاریکییەوە تەماشا دەکەن. دواتر لە هەندێك شانۆی سەدەی بیستدا ئەوەی پێی دەگوترێت “دیواری چوارەم” ڕوخێندرا و لەو ڕێگایەوە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆتر و گەرموگوڕتر لەنێوان ئەکتەر و بینەرەکانیدا دروست دەکرا. ئێستاش پرسیاری گرنگی شانۆ هێشتا ئەوەیە ئاخۆ پەیوەندی لەگەڵ بینەرەکانیدا چۆن ببەستێت، یان چۆن کاریگەرییان لەسەر دابنێت. لە نمایشی مارا ساد دا جگە لە چەند ساتێکی کەم، ئەو دوورییەی نێوان بینەر و ئەکتەر پارێزرابوو. شێوازی گێڕانەوەو ڕیتمی هونەری و دایەلۆگەکان هۆکاری گرنگ بوون بۆ دروستکردنی ئەو ئاوێتە بوون و لێک نزیکبوونەوەیە، بەڵام هاتنی مارا بۆ ناو بینەران و داوای ساد لە بینەران بۆ کچێکی خۆبەخش ، جۆرێك لە پچڕانی دروست دەکرد، چونکە تێکڕای نمایشەکە لەسەر وەهماندن Illusion بنیاد نرابوو، بەڵام وەهماندن بە شێوازی شانۆ لەناو شانۆ، وەك ئەوەی دەقەکەی پێنوسراوە و نمایشەکەیشی لەسەر بینا کراوە.  شانۆ لەناو شانۆش بە خۆی دوو ئاستی وەهماندن بەسەر کارەکەدا دەسەپێنێت ( ١/ خودی نمایشەکە  ٢/  نواندن و بەرجەستەکردنی چیرۆکی دووەمی ناو نمایشەکە) هەندێك دەرهێنەر  بە مەبەستی کاریگەریدانان لەسەر بینەر، یاری وەهماندنەکە دەبەنە ئاستی سێیەم. لەو حاڵەتەدا جگە لە گەمەی دەربڕینی کارەکتەرەکان لەناو شانۆکەدا و شانۆی ناو شانۆکەدا، ئەکتەرەکان وەك خۆشیان ئامادەییان دەبێت. لە مارا ساد دا یاری وەهماندنەکە وەك گەمەی شانۆ لەناو شانۆ کاری پێکرابوو، وەك تێکستەکەی ڤایس خۆی. بینای ئاستی سێیەمی وەهماندن وەك گەمەیەکی شانۆیی لەم نمایشەدا کاری پێ نەکرابوو، بۆیە بینەر هەستی بە پچڕانێك دەکرد لەو ساتاندا کە پێشتر باسم کردن. جگە لەوەی دایەلۆگی کۆتایی دکتۆر : با کتێبی مێژوو داخەین و بگەڕێینەوە بۆ ئێستا کە ساڵی ١٨٠٨ە…. چونکە ئێمە لە چاخێکی تازەداین، ئەمڕۆ جیاوازە لەگەڵ دوێنێ، ئیمڕۆ نە چەوسێنەر ماوەو نە تاوانی گەورەو نا بەجێ…هتد)  گۆڕینی ئەو مێژووە بۆ٢٠١٦  نەك خزمەتی بە نمایشەکە نەکرد، بەڵکو وەك کۆنکلوژن و دەرەنجامی نمایشەکەی لێهات. وەك ئەوەی هەموومان هاوڕا بین لەسەر ئەوەی ئێستا نە چەوسێنەر ماوەو نە تاوانی گەورە. کە من دڵنیام ئەوە نە گوتاری دەرهێنەرەو نە هی بەشداران.

ساتە زۆر تایبەتەکانی نمایش:

١/ ئەو دیمەنەی مارا قسەی بۆ کۆمەڵەی نیشتمانی دەکرد و توانیبووی جڵەوی دەسەڵات بەسەریاندا بگرێتە دەست و زۆرینەی دەنگەکان بەلای خۆیدا ڕا بکێشێت، بە جۆرێك وردە وردە کۆنترۆڵی هەموویانی دەکرد و دەیکردنە هاو بۆچوونی خۆی، ساد لای مەقسەلەکەوە بێ جووڵە وەستابوو تەماشای دەکرد، وەك ئەوەی بەهێز بوون و سەرکەوتنی مارا کۆتایی بە جیهانەکەی ساد بهێنێت. جگە لە خوێندنەوەی ماناکانی ئەو ساتە، لە ڕووی ئیستاتیکیشەوە وێنەیەکی شانۆیی زۆر سەرنجڕاکێش بوو، بە جوانی کار لەسەر ڕێکخستنی دووری کرابوو.

٢/  جەللادەکەی لای مەقسەلەکەوە کاتێك سەری قوربانییەکانی  دەپەڕاند دەمامکێکی بەستبوو. دواتر لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نیشتمانی و سەرکردەکاندا، هەموویان دەمامکیان بەستبوو. وەك دەلالەتێکی ئایکۆنی ” کە لەم نمایشەدا زۆربەی ئاماژەکان بە خوێندنەوەیەکی سیمۆلۆجی، بە دەلالاتی ئاکۆنی بارکرابوون” ، ئەمەش گواستنەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ بەستنەوەی مەدلوولی ڕستەکان بە وێنە کردەییە شانۆییەکەوە، ئەویش لەو گۆشەیەی دەقەکەوە کە باس لە شۆڕشگێرەکان دەکات چۆن بوونەتەوە بە جەللاد.

٣/ بینینی ئاکام تایەر لەم نمایشەدا ئاسوودەییەکی زۆری دەبەخشییەوە، نەك تەنیا لە بەرزی ئاستی ئەدای کارەکتەری ساد دا، کە بە بڕوای من توانرابوو تواناکانی بتەقێنرێنەوەو بەتەواوی بخرێنە خزمەتی ئەم نمایشەوە، بە تایبەتیش کاتی لێدانەکە، بەڵکو توانایەکی مەعریفی بەرزیشی نمایش دەکرد، ئەدای ئەکەترێکی هۆشیار بە وردەکاری هێڵە فەلسەفیەکانی کارەکتەرەکە.

٤/ ئامادەیی نەوا ( پیانۆژەنەکە) لە سەرەتاوە تا کۆتایی توانیبووی ڕیتمی نمایشەکە دەستنیشان بکات و کۆنترۆڵی پانتایی گشتی شانۆکە بکات. نەوا لەم کارەدا بە دەنگ و پیانۆ ژەنین و نواندن وەك ڕۆحی نمایشەکە دەبینرا.

٥/ هەرچەندە لەم کارەدا تەها محەمەد بەشێکی زۆری قورسایی کارەکتەرەکەی کورت کردبووەوە بۆ دەنگێکی بەرز و تا ڕاددەیەك هاوار کردن، کە ئەمە زۆر زیانی بە نواندن و بەرجەستەکردنی کارەکتەری “مارا” گەیاندبوو، بەڵام لە گۆڕینی کارەکتەرەکاندا، لە مارا وە بۆ نەخۆش، توانای ڕاستەقینەی تەها دەبینرا، بە تایبەتیش ئەو کاتەی تووشی ترس دەبوو وە خۆی تێکەڵی نەخۆشەکانیتر دەکرد.

٦/ سیمۆن “نوا” وەك ئەکتەرێکی وریا لەناو دەستەکاندا( مجامیع)، بەتایبەتی ئەو کاتەی پاڵیان پێوە دەنان بگەڕێنەوە لای قەرەوێڵەکان، زۆر بە نەرمی بە بزەیەکی جوانەوە دەیویست بەرەو بینەرەکان بڕوات، کە سستەرەکانیش ڕێگرییان لێ دەکرد، بێزاری خۆیی پیشان دەدا و لە هەمان کاتدا تەماشای بینەرەکانی دەکرد و بۆیان پێدەکەنی. زۆر زیرەکانە و بە وریایی ئەکتەرێکی لێهاتووەوە حاڵەتە دەروونییە زۆر شڵەژاوەکانی کارەکتەرە نەخۆشەکەی بەرجەستە دەکرد

٧/ جاك- رۆ ” تاهیر عەبدولواحید” وەك پێشتر باسمانکرد، بە جووڵە گرژەکانی و هاوارەکانی هەوڵیدەدا کارەکتەری قەشەیەکی ڕادیکاڵی هەڵگەڕاوەی تووڕە بەرجەستە بکات. یەکێك لە ساتە زۆر سەرنجڕاکێشەکانی ئەو کاتە بوو دەستی دەخستە پشتیەوە و بە شێوەیەکی تێکەڵ لەنێوان کارەکتەری نەخۆشێك و کارەکتەری جاك رۆ بەرەو پێشی شانۆکە دەگەڕایەوە بۆ تەواوکردنی دایەلۆگەکانی.

٨/ حیکایەتخوان: (شاد شەوکەت) جەستەیەکی ئامادە بۆ کارکردن، هەرچەندە هەندێجار لە دایەلۆگەکانیدا پەلەی دەکرد و بینەر فریای ووشەکانی نەدەکەوت، بەڵام بە جەستە توانیبووی سەر تەختەی شانۆ داگیر بکات، بەتایبەتی لەو شوێنەدا کە یەکێك لە نەخۆشەکان بەملاو بەولادا هەڵیدەدات، زۆر هونەریانەو ەك ئەکتەرێکی بەتوانا ئەو ساتانەی بەرجەستە دەکرد.

بەگشتی نمایشەکە و ئەکتەرەکان ووزەیەکی زیندوویان پێشکەش کردین، هیوادارم ستافی ئەم کارەش لە گەڕان و پرسیار و ڕاڤە و ڕاهێنانەکانیان شانبەشانی هونەرمەندە چالاکەکانی تری ئەو بوارە بەردەوام بن و هەمیشە دۆزینەوەی تازەترمان پێشکەش بکەن.

تەواو

هاوبەشی بکە

Hiwa Fayaq, MaraSad, Rizgar Hama Rashid,