26/04/2024
DidiMn Logo
Top

مارسێل پرووست بۆ یەکەمجار لە ڤیدیۆیەکی تازەدۆزراوەدا دەردەکەوێت

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
 شەماڵ وەلی

دۆزینەوەی کۆپییەکی تایبەتی ڤیدیۆیەک کە مارسێل پرووست، نووسەری ناوداری فەڕەنسی، بۆ چەند چرکەیەک تێیدا دەردەکەوێت، خوێنەرانی ئەو نووسەرەی دڵخۆش کرد.

مامۆستای زانکۆیەکی کەنەدی ڕایگەیاند کە توانیویەتی ڤیدیۆیەک بدۆزێتەوە، کە تەنیا ڤیدیۆیە بە ڕێکەوت مارسێل پرووستی تێدا دەرکەوتووە.

بە پێی هەواڵێکی ئەسۆیشیتێدپرێس، ئەم ڤیدیۆ ڕەشوسپییە تایبەتە بە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٤، لە ڤیدیۆکەدا پیاوێکی سی‌ساڵان دەردەکەوێت کە سمێڵی هەیە و کڵاوێکی لەسەرە، ئەو پیاوە مارسێل پرووستە.

مارسێل پرووست بە چاکەتوپانتۆڵێکی ڕەساسییەوە دەردەکەوێت کە بە پەلە بە پلیکانەکاندا و بە تەنیا دێتە خوارەوە، کەسەکانی تر کە لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێن، ژنومێردن.

ژان پییەر سیرۆ تراهان، مامۆستای زانکۆی لەڤەل لە شاری کەبەکی کەنەدا، ئەم ڤیدیۆیەی لە ناوەندی میللیی سینەما لە پاریس دۆزیوەتەوە.

بە پێی گوتەی تراهان، ڤیدیۆکە تایبەتە بە ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئیلن گرۆفول – کچی کۆنتس گرۆفول، کە یەکێک بوو لە هاوڕێ نزیکەکانی مارسێل پرووست و ئیهلامبەخشی ئەو بوو لە بنیادنانی کەسایەتیی ئوریان دوو گرمانت، لە ڕۆمانی گەڕان بۆ کاتی لەدەستچووـدا.

شایەنی باسە مارسێل پرووست لە ساڵی ١٨٧١ـدا لەدایک بوو و لە ساڵی ١٩٢٢ـدا کۆچی دواییی کرد.

ڕۆمانی گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو کە حەوت بەرگە، لە ئێستادا ٣ بەرگی لە کتێبفرۆشییەکاندا، بە وەرگێڕانی سیامەند شاسواری دەست دەکەوێت.

[aesop_video align=”center” src=”youtube” id=”UM6pDN8CJks” disable_for_mobile=”on” loop=”on” autoplay=”on” controls=”on” viewstart=”on” viewend=”on” revealfx=”inplaceslow”]

هاوبەشی بکە

Marcel Proust, Shamal Wali,