29/03/2024
DidiMn Logo
Top

کورتەیەک لە ژیانی نووسەری یادەوەری، مارسێل پروست

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من –  فەیمەس ئۆسه‌ر
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق

 

”چەند یادەوری لە زەینتدا هەبێت، ئەوەندە چرکەساتی پەشیمانی لە ژیانتدایە.“

– مارسێل پروست

 

مارسێل پروست، نووسەری بەناوبانگی فەڕەنسی و یەکێک لە نووسەرانی ئەدەبیاتی مۆدێرنی جیهانی، لە ١٠\٧\١٨٧١، لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا، لەدایک بووە.

باوکی پروست، ناوی ئەندرێ پروست بوو. پزیشکێکی ناودار بوو، چەندین کتێبی پزیشکی نوسیبوو. دایکیشی ناوی ژانێ نێی وێیل بوو، کچی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی جولەکە بوو، یەکێک بوو لە ژنە خوێنەرە سەرسەختەکانی سەردەمی خۆی. پروست هەر لە منداڵییەوە نەخۆشیی تەنگەنەفەسی لەگەڵ بوو. پشووەکانی منداڵی لە نزیک دەریا لەگەڵ نەنکی لە ئیلیێرس و ئەوتیول بەسەر دەبرد. لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٨٨٩، لە ئۆرلییانس خزمەتی سەربازی کردووە و پاشان زانستی سیاسی خوێند. لە ساڵی ١٨٩١ بۆ ١٨٩٣، یاسای خوێند و پاشان لە ساڵی ١٨٩٥ ئەدەبیات. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بەردەوام بابەتی بۆ گۆڤارەکان دەنووسی. لە ساڵی ١٨٩٦، یەکەمین کتێبی خۆی بە ناوی چێژەکان و ڕۆژەکان، کە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک چیرۆک، هۆنراوە و وتار، بڵاو کردەوە.  بەشێکی زۆری چیرۆکەکان لە ساڵانی ١٨٩٢ بۆ ١٨٩٣ نوسرابوون و پێشتر لە دوو گۆڤاردا بڵاوی کردبنوونەوە. لە نێوان ساڵەکانی ١٨٩٥ بۆ ١٨٩٩، سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانی ژۆن سانتۆی بوو، بەڵام ئەم ڕۆمانە هەرگیز تەواو نەکرا. دوای هەوڵێکی سەرنەکەوتو بۆ نووسینی ڕۆمان، پروست چەند ساڵێک بە نوسینی وتار و لێکۆڵینەوەوە سەرقاڵ بوو. مەرگی دایکی لە ئەیلولی ١٩٠٥، ئەوی بۆ ماوەی چەند مانگێک لە کاری ئەدەبی دوور خستەوە.

swproustpapillon

 

هەردوو کۆنسێپتی تاوان و یادەوری، دوو بەشی دانەبڕاون لە سەرجەم کارەکانی پرۆست‌ـدا.

ساڵی ١٩٠٨، ساڵێکی زۆر تایبەتی بوو بۆ پروست. کۆمەڵێک وتار و کورتەچیرۆکی نووسی. هەموو ئەمانەش وایانکرد کە هێز و توانای نووسینی بۆ بگەڕێتەوە و لە ساڵی ١٩١٣، دەستی کرد بە نووسینی ڕۆمانە حەوت بەرگییەکەی گەڕان بۆ کاتی لەدەست چوو. پروست تا کۆتاییی ژیانی، بە نووسینی ئەم ڕۆمانەوە سەرقاڵ بوو.

لە ساڵی ١٩١٣، بەرگی یەکەمی بە ناوی ڕێگەی بەرەو سوان چاپ و بڵاو کردەوە. لە ساڵی ١٩١٩، بەرگی دووەمی بە ناوی لە سێبەری کچانی نەوڕەسدا چاپ و بڵاو کردەوە. سێ بەرگی داهاتووی ڕۆمانەکەی لە سێ کۆتا ساڵی ژیانیدا چاپ و بڵاو کردەوە، بە ناوەکانی ڕێگەی بەرەو گورمانت ١، لە ساڵی ١٩٢٠، ڕێگەی بەرەو گورمانت ٢ و سوودوم و گومڕا‌هـ ١ لە ساڵی ١٩٢١ و سوودوم و گومڕاهـ٢ لە ساڵی ١٩٢٢ چاپ و بڵاو کردوونەتەوە.

لە ساڵی  ١٨\١١\١٩٢٢،  پروست بە نەخۆشیی سی کۆچی دوایی کرد و لە پاش خۆی سێ بەرگی کۆتاییی ڕۆمانەکەی بە تەواونەکراوی جێهێشت.  ئەوانیش کە بریتی بوون لە ژنێکی دەست بەستراو، دیارنەمانی ئەلبێرتین و بەدەستهێنانەوەی کات، لە ساڵەکانی ١٩٢٣، ١٩٢٥ و ١٩٢٧،  لەلایەن ڕۆ بێرت‌ـی  برایەوە، چاپ و بڵاو کرانەوە.

پروست بە یەکێک لە باشترین ڕۆماننوسە فەڕەنسییەکانی سەدەی بیست دادەنرێت.

هاوبەشی بکە

Biography, Marcel Proust, Writer,