24/04/2024
DidiMn Logo
Top

نامەکانی جەیمس جۆیس بۆ نوراـی ئەویندار و هاوسەری لە دیدی من

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

لە هەفتەی ئاییندەوە دیدی من هەر ڕۆژەو نامەیەکی جەیمس جۆیس بۆ نورای هاوسەری، بە وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی بڵاو دەکاتەوە. ئەم وەرگێڕانانە تایبەت دەبن بە دیدی من و هەر ڕۆژە و یەکێک لە نامەکانی ئەو دوو ئەویندارە  بۆ خوێنەران بڵاو دەکرێتەوە.

دەربارەی وەرگێڕانی ئەم نامانە، نووسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی لە پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: “خەریکی وەرگێڕانی نامەکانی جەیمس جۆیسم بۆ نورای هاوسەری. نورا ئەو ژنە مەزنەی تەنیا شەشی سەرەتایی خوێندبوو، توانی زۆرترین کاریگەری لەسەر ژیانی جۆیس دابنێت تا ئەو ڕادەیەی جۆیس سەرتاسەری ڕۆمانی یۆلیسیسی لەو ڕۆژەدا، ١٦\١\١٩٠٤، بونیاد نا، واتە رۆژی دیداری یەکەمی خۆی و نورا.

جۆیس خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت: ‘من لەو ڕۆژەدا لە گەڵ دونیای دەوروبەرم ئاشت ببوومەوە و ماڵئاواییم لە تەنیاییی خۆم، کە لەکاتی مەرگی دایکمەوە هەستم پێ دەکرد، کرد.’ سەرەڕای ئەوەی نورا تا شەشی سەرەتاییی خوێندبوو، بەڵام جۆیس دەربارەی دەڵێت: ‘هیچ مرۆڤێک هێندەی تۆ لە ڕۆحی من نزیک نەبووە، من ٩ خوشک و برام هەیە، بەڵام هیچ کامیان، جگە لە برایەکم لە من تێنەگەیشتوون و درکیان نە کردووم.’ نورا ساڵی ١٨٨٤ لەشاری گالڤی و لەخێزانێکی هەژار لەدایک بوو. منداڵی دووەمی خێزانەکەی بوو، کە منداڵی پێنجەمیان لەدایک بوو، دایکی ناردی بۆ ماڵی دایەگەورەی بۆ ئەوەی بتوانێت لەوێ بە پێی پێویست خواردنی باش بخوات، ئیتر نەگەڕایەوە ماڵی خۆیان و بۆ هەمیشەش لەبەر ئەوکارەی دایکی نەبەخشی.

زستانی ١٨٩٧ زستانێکی زۆر خەمینە بۆ نورا، سەرەتا دایەگەورەی لەدەست دەدات، شەش هەفتە دواتر مایکل فینی ئەوینداری،  دەچێتە ماڵی خاڵە گەورەکەی دەژی. خاڵی زۆر دڵڕەق و خراپە، شەوێک دایکی و خاڵی، نورا لەگەڵ ویلیامی هاوڕێی لە شەقامدا دەیبینن، خاڵی بە گۆچان دەکەوێت لێدانی و دایکی هیچ ناڵێت، تەنیا لەبەر ئەوەی ویلیام مەسیحییەکی  پرۆتیستان بوو. رۆژی دواتر نورا بێ ئەوەی کەس ئاگەدار بکات شارەکەی بەجێ هێشت و چوو بۆ دۆبلین، لە هۆتێل فین کاری دەکرد، جۆیسی ناسی و هەستی دەکرد کەسی نییە لە دونیادا و زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە هاوڕێیەتیی جۆیس کرد، ئەو ژنە زۆرترین کاریگەریی لەسەر گەورەترین نووسەر و داهێنەری سەدە هەبوو. ژیانی جۆیس و نورا پڕە لە جوانی و خۆشی و ناخۆشی و دەتوانم بڵێم سەرنجڕاکێشترە لە ڕۆمانە شاکارەکانی یان بەمانایەکی تر خودی ژیانیان بۆ خۆی ڕۆمانێکی شاکاری ترە.”

مەریوان هەڵەبجەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە: “لە سەرەتای هەفتەی ئایندە، هەموو رۆژێک نامەیەکی جەیمس جۆیس بۆ نورای ئەویندار و هاوسەری لە ماڵپەڕی دیدی من بڵاو دەکەمەوە، هیوادارم خوێنەری بن. دیدی من دەروازەیەکی زۆر جوان و هیوایەکی باشە بۆ ئایندە.”

جێی ئاماژە بۆ کردنە ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من، هاوشانی بەشە جیاوازەکانی ماڵپەڕەکە، لە بەشی کتێبدا بلۆگێکی تایبەت تەرخان دەکات بۆ ئەدەبیاتی نامە و نامەی تایبەتیی نووسەران لەو بەشەدا بڵاو دەکاتەوە.

هاوبەشی بکە

Adabiat Nama, ArasAbdulla, Mariwan Halabjayi,