26/04/2024
DidiMn Logo
Top

هونەری خۆشویستن

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

سێچ نهات هان

دیدی من – برەین پیکینگس
ماریا پۆپۆڤا
لە ئینگلیزییەوە: ڕەوەند قادر

 

ئایا بە ڕاستی خۆشەویستی واتای چییە؟ باشترین پێناسە و چەندین بیرکردنەوەی جیاوازی جوان هەن لەسەری، هەروەها چەندەها جار دەروونزانییەکەیمان و هەموو چوارچێوە فەلسەفییەکەیمان لێک داوەتەوە، تەنانەت گەشتووین بەوەی کە یاسایەکی بیرکاری دابرێژین بۆ بەدەستهێنانی. بەڵام هەرکەسێک ئەم ئەزموونەی چەشتبێت و بازی ئەم باوەڕە کوێرانەی دابێت، دەزانێت کە ئەوین هێشتا ڕازێکە، لەوانەیە ڕازی هەبوونی مرۆڤایەتی بێت.

”بۆ ئەوەی فێر ببین ئەم ڕازە بە تەواوی بوونیەوە ببینین و بۆی ببینە پیشاندانی نیەتێکی ڕەها؛ ئەمە سەمای ژیانە.“

ئەمە گوتەی مامۆستای ئەفسانەیی، چالاکوانی ئاشتی و ڕەبەنی بودی، سێچ نهات هانە، لە پرسیاری ”چۆن یەکترمان خۆش بوێت؟“ کە پرسیارێکی تەنک و بونیادێکی سادەیە، بەڵام لە دونیابینییەکی زۆر قووڵەوە و پرسیارکردنە لە سەر گەورەترین هەستی مرۆڤ، گوتی.

بەپێی فێرکارییەکانی نهات هان، چەندین کۆکراوەی پاکی ناردووە، ئەوەش بە بەکارهێنانی زمانێکی سەرەتایی و چەندین خوازە بۆ ئەوەی ئاماژە بۆ یەکێک لە گەورەترین خەمەکانی رۆح و دەروون بکات. لە ڕاستیدا بەپێی ئەو فێرکارییانە، وەک پەیامێک بە زمانێکی سادە و پڕ لە خوازە، پاکی و ڕەوانی دەنێرێت و نمایشی یەکێک لە قوڵترین خەمەکانی ڕۆح دەکات.

بۆ وەرگرتنی فێرکارییەکانی، پێویستە تاک نەبێت بە کۆیلەی دەستی فەلسەفەی ڕۆژئاواییی سایانیزم. ئەو پارێزگارییە ناتەواوەی کە لە خودی خۆمانی دەکەین هەموو شتێکی پاک و ڕاست و ڕەسەن لە نێوماندا دەکوژێت؛ لەبەر ئەوەی هەموومان بە سادەیی دەزانین کە ڕاستگۆیی یەکێکە لە کارە ڕاستەکانی مرۆڤی ڕەسەن.

بۆ ئەوەی لە کرۆکی فێرکارییەکانی نهات هان بگەین، سەرەتا پێویستە کە لە ناوەکەی تری خۆشەویستی بگەین، بە واتای ئەوەی ئەگەر بە ڕاستی کەسێکمان خۆش بوێت، پێویستە بە تەواوەتی لە ئازارەکانی ناخی و خۆشییەکانی بگەین. لێرەدا دەکرێت ئازار وشەیەکی دراماتیکی بێت، بەڵام واتاکەی ئەوە کە هەر سەرچاوەیەکی دەرەکی یان ناوەکی بێت و ببێت بە هۆی ئازاردانی کەسی بەرامبەر بەرامبەر، جا بە هەر جۆرێک بێت:

Thay-enjoying-sitting

”ئەگەر چنگێک خوێ بکەیتە پەرداخێک ئاوەوە ئاوەکە ناخورێتەوە، بەڵام ئەگەر خوێ بکەیتە ناو ڕوبارێکەوە، خەڵکی دەتوانن بە بەردەوامی کاری پێ بکەن بۆ خواردنەوە،چێشتلێنان، خۆشتن و تا دوایی. ڕووبارەکە قوڵە و توانستی ئەوەی هەیە کە وەربگرێت، باوەش بکاتەوە بۆ هەرشتێک کە بۆی دێت و بیگۆڕێت، بە هەمان شێوە کاتێک دڵمان بچووکە، تێگەشتن و هاوهەستیمان سنووردارە، لەبەر ئەوە ئازار دەچەژین. ناتوانین قەبووڵی کەمتەرخەمیی بەرامبەر بکەین و داوای ئەوە دەکەین کە بگۆڕێن. بەڵام کاتێک دڵمان گەورە دەبێت، ئەو شتانە هەرگیز ئازارمان نادات، ئەمەش لەبەر ئەوەی تێگەشتن و هاوهەستیمان هەیە بۆ بەرامبەرەکان و باوەشی میهرەبانی و خۆشەویستییان بۆ دەکەینەوە و قەبووڵیان دەکەین بەو شێوەیەی کە هەن، نەوەک ئەو شێوەیەی کە ئێمە دەمانەوێت هەبن. کاتێک کە بەرامبەرەکەت قەبوڵ دەکەی بەو شێوەیەی کە هەیە، ئەوا تۆ فرسەتێکی دەدەیتێ کە بتوانێت خۆی بگۆڕێت.“

لێرەدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە چۆن دڵمان گەورە بکەین؟ هەروەها ئەمە بەوە دەست پێ دەکات کە سەرەتا لە ئازارەکانی خۆمان بگەین:

”کاتێک یارمەتیدەری ئەوە دەبین کە خۆمان دڵخۆش بین، ئەوە یارمەتیی توانستی خۆشەویستی دەدەین، لەبەر ئەوەی خۆشەویستی هونەری دڵخۆشیی خودە. تێگەشتن لە ئازاری کەسی بەرامبەر، جوانترین دیارییە کە دەتوانی بیدەیت بە بەرامبەرەکەت. تێگەشتن ناوێکی ترە بۆ خۆشەویستی. ئەگەر لە یەک نەگەن ئەوا ناتوانن خۆشەویستی بکەن.“

لەبەر ئەوەی خۆشەویستی بەیەکداکەوتنێکی داینامیکیە، خۆمان تێگەشتنێکی تایبەتی بۆ دروست دەکەین لە ڕێگەی ئەزموونەکان، تێگەشتن وهەڵەتێگەشتنەکانمانەوە لە سەرەتای ژیانماندا. بە لەیەکوەرگرتن و لاساییکردنەوە ئەمە، لە ناخ و خودی خۆمانەوە فێر دەبین. نهات هان لەسەر لێکدانەوەی ساکۆلۆجستەکانی رۆژئاوا لە بارەی خۆشەویستییەوە دەڵێت: ”ئەگەر باوانمان یەکتریان خۆشنەویستایە و لە یەکتر نەگەیشتنایە، ئێمە بە چیا بزانین خۆشەویستی چییە؟ گەورەترین سامان کە ئەوان بەجێی دەهێڵن بۆ ئێمە ئەوا دڵخۆشیی خۆیانە. دەکرێت پارە و سامان و ماڵ وموڵک بەجێ بهێڵن و دڵخۆش نەبووبن. ئەگەر باوانی دڵخۆشمان هەبێت ئەوا گەورەترین سامانمان بۆ بەجێ هێڵدراوە لەلایەن ئەوانەوە.“

نهات هان جیاوازییەکی گەورە لە نێوان خۆشەویستی و حەز دەکات، کە تێگەشتنی ئەو خەیاڵەیە ئایا لە خۆشەویستیی ڕاستەقینەدا، ئەو بۆ من دەبێ؟

thich

”هەندێک کات حەزمان لە هەندێک کەس دەبێت، نەک لەبەر ئەوەی خۆشمان دەوێن و لێیان دەگەین، بەڵکو بۆ ئەوەیە خۆمان گێل بکەین لە ئازارەکانمان. کاتێک لە خۆمان دەگەین و هاوسۆزییەکی ڕاستەقینەمان هەیە بۆ خودی خۆمان، ئەو کاتە دەتوانین بە ڕاستی بەرامبەرەکانمان خۆش بوێت.“

لە تێنەگەشتنی خۆمان و حەزە خەیاڵییکانمانەوە، کە نهات هان بە وتەکانی دەیپێکێت، بە ژیری و دانایی خۆی دەڵێت: ”هەندێک کات هەست بە بۆشایی و هیچ دەکەین لە ناخماندا، هەست بە نەبوونی شتێکی گەورە دەکەین، ناشزانین بۆ و هۆکارەکەی زۆر تەمومژاوییە، بەڵام ئەو هەستی هیچ ە زۆر بەهێزە لە ناخماندا. چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە شتێکی باشتر بێتە ڕێمان بۆ ئەوەی هەست بە تەنهاییەکی کەمتر بکەین، بە بەتاڵییەکی کەمتر، ئەو ویستە بۆ تێگەشتن لە خۆمان و لە ژیان وامان لێ دەکات کە ئەو تینوێتییە قووڵە بدۆزینەوە لە کوێدایە، ئەو تینوێتیە قووڵەی هەستی خۆشەویستی و ئەو هەستەی کە کەسێکمان خۆشبوێت و خۆشی بوێین. هەر لەو ساتەدا تۆ ئامادەی بۆ ئەوەی کەسێکت خۆشبوێت و خۆشی بوێیت، هەروەها هەستێکی زۆر سروشتییە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەست بە بۆشایی دەکەین، پێویستە بەرکارێک بۆ خۆشەویستیەکەمان بدۆزینەوە. هەندێک کات بە تەواوی لە خۆمان نەگەشتووین، بەڵام لەمێژە بەرکاری خۆشەویستییەکەمان دۆزیوەتەوە. کە لەوە دەگەیت هەرچی هیوا و ئاوات و چاوەڕوانییەکانت لە لایەن ئەو کەسەوە پڕ دەبێتەوە، هەر هەست بە بەتاڵیش دەکەیت، دەتەوێت شتێک بدۆزیتەوە کە نازانیت چییە و چۆن بۆی بگەڕێیت. لە ناو گشت کەسێکدا چاوەڕوانییەک و حەزێک بوونی هەیە، لە قووڵایی ناخدا هەر چاوەڕوانی شتێکی باشتری بۆ ئەوەی ڕوو بدات.“

خۆشەویستیی ڕاستەقینە لە نێو چوار لایەن خۆی گرتۆتەوە، بەخشندەیییەکی خۆشەویستانە، هاوسۆزی، دڵخۆشی و هاوسەنگی، کە بە ناوی چوار لایەنەکەی پیرۆزی ناودەبرێن. یەکەم دانەیان باسی پەیوەندییەکی دایالۆگیانە دەکات لە تێگەشتن لە ئازارەکانی یەکتر:

”ڕۆحی  بەخشندەیییەکی خۆشەویستانە دەتوانێت دڵخۆشییەک بدات پێمان، دەتوانیت لە ئەنجامدا ببێت بە خۆرەتاوی کەسێکی دی، هەروەها هەرگیز ناتوانی ئەم دڵخۆشییە ببەخشی هەتا خۆت نەتبێت. کەواتە خودقەبوڵکردن و خۆخۆشویستن و خود چاککردنەوە فێر ببە، فێری ئەوە ببە کە بتوانی چەندین سات دروست بکەیت کە چێژی تێدا ببینیت و لەدواییدا شتێکت دەبێت کە بتوانی بیبەخشی بە کەسێکی تر.“

ئەگەر بەپێی پێویست تێگەشتن و خۆشەویستیت هەبو،و ئەوا هەموو ساتەکانت هەرچییەک بێت، دەکرێت ببن بە ساتێکی خۆشی، هەروەها لەخۆگەشتنیش پەیوەستە بە چوار لایەنەوە، هاوسەنگی و هاوتایی، کە واتای جیاوازی نەکردن دەگەێنێت:

thich-Nhat-Hanh-flower-500x281

”لە پەیوەندییەکی قووڵدا چیتر سنوورێک بوونی نامێنێت لەنێوان خۆشەویستەکاندا، تۆ ئەویت ئەویش تۆیە. ئازارەکانی ئەو ئازارەکانی تۆیە. تێگەشتن لە ئازارەکانی خۆت وا دەکات کە ئازارەکانی بەرامبەریش کەمتر بێت، تاک چیتر مانای نییە. هەر شتێک لە خۆشەویستەکەت بێت ئەوا لە تۆش دێت.“

لە خۆشەویستیی ڕاستەقینەدا، جیاوازی و جیاکاری بوونی نامێنێت. دڵخۆشیتان دەبێت بە یەک، چیتر ناتوانی بڵێیت ”ئەوە کێشەی خۆتە“.

پشتگیر لە سەر ئەو چوار لایەنە، چەند لایەنێکی تر هەیە وەک باوەڕپێکردن و ڕێز، ئەو دوو دراوەی خۆشەویستی کە زۆر گرنگە:

”کاتێک کەسێکت خۆش دەوێت، دەبێت باوەڕبەخۆبوونت هەبێت، خۆشەویستی بەبێ باوەڕهێشتا خۆشەویستی نییە، بەڵام لە سەرەتادا دەبێت باوەڕت هەبێت بە خۆت و ڕێزی خۆت بگریت. تۆ بەشێکیت لە گەردوون، ئەستێرەکان سەرچاوەی بوونی تۆن. کاتێک کە لە خۆشەویستەکەت دەڕوانیت، دەبینیت ئەویش لە ئەستێرەکان دروست کراوە وە جوانییەکی بێپایانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. سەیرکردن لەمە وات لێ دەکات کە بۆ بوونی خۆتی بگەڕێنیتەوە. خۆشەویستیی ڕاستەقینەی بەبێ رێز و باوەڕپێکردن بەرامبەر و خودی خۆمان، بە خۆشەویستیی ڕاستەقینە دانانرێت.”

میکانیزمی دروستکردنی باوەڕبەیەکترکردن گوێگرتنە لە یەکتر، ڕێزگرتنە لە یەکتر. زۆر کات لە لایەن سایکۆلۆجستە ڕۆژئاوایییەکانەوە لافی ئەوە لێ دەدرێت کە مرۆڤ پەرەی سەندووە بۆ ئەوەی بەرهەڵستییەک دروست بکات بۆ گوێگرتن لە بەرامبەر، بەڵام نهات هان بەو گوتە شاعیرییەکانی خۆیەوە بە شێوەیەک ئەو بیرە لۆجیکیەی خۆپەرستییەی مرۆڤبوون لە مێشکە مۆدێرەکان دەردەکات و دەیبەستێتەوە بە ڕۆحی مرۆڤەکانەوە:

”خۆشەویستی بەبێ زانین وەک ئەوە وایە ئازارەکانی کەسی بەرامبەرمان خۆشبوێت. بۆ ئەوەی بزانیت چۆن کەسێکت خۆش بوێت، پێویستە لێیان بگەیت وبۆ ئەوەی تێبگەیت گوێ بگرە. کاتێک کەسێکت خۆش دەوێت، پێویستە ئەو توانستەت هەبێت کە بتوانی یارمەتی بدەیت کە کەمتر ئازار بچێژێت، ناتوانی یارمەتیی بدەیت ئەگەر سەرەتا نەزانیت کێشەکە چییە، وەک دکتۆرێک کە ناتوانێت نەخۆشییەکان دیاری بکات بەبێ زانینی هۆکارەکەی. دەبێت لە ئازارەکانی خۆشەویستەکەت تێبگەیت بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزیتەوە. چەندێک تێبگەیت ئەوەندە زیاتر یەکترتان خۆش دەوێت و چەند یەکترتان خۆش بوێت ئەوەندەش لە یەکتر تێدەگەن. ئەمە دوولایەنی ڕاستەقیینەکەیە، تێگەشتن لە یەکتر و تێگەشتن لە خۆشەویستی هەمان شتن.“

نهات هان لە سەر دێڕی ”من خۆشم دەوێیت“ دایەلۆگێکی هەیە دەربارەی ئەوەی کە چۆن دەکرێت ئەو منە تەنها هەستێکی خودپەرستی نەبێت و لەوە زیاتر بێت:

”هەندێک کات دەڵێین ‘من خۆشم دەوێیت.’ زۆربەی کات لە سەر وشەی من دەوەستین و کەمتر لە فۆڕم و جوانیی وشەی خۆشەویستی و ئەو جۆرەی کە پێی دەدرێت. ئەوە لەبەر ئەوەی بە بیرۆکەی من ئێمە دەچەقین، وا دەزانین ئێمە خودێکمان هەیە، بەڵام شتێک بوونی نییە بە ناوی خودەوە، خودێکی تەواو جیا لە ئەوی دی. گوڵێک تەنها لە چەند ڕەگەزێکی نا گوڵەوە دروست بووە، وەک کلۆرۆفیل،  خۆرەتاو و ئاو. ئەگەر ئەم ڕەگەزانە بوونیان نەبێت ئەوا گوڵیش بوونی نابێت. گوڵ ناتوانێت هەر خۆی بە تەنها بوونی هەبێت بەبێ ئەو ڕەگەزانە. مرۆڤەکانیش بە هەمان شێوە، ناتوانین هەر خۆمان بە تەنها بوونمان هەبێت چونکە لە ڕەگەزی بێخودی منەوە دروست بووین، وەک زەوی، خۆر و باوان. لە پەیوەندییەکانیشماندا دەتوانین سروشتی لەیەکبوون ببینیت لە نێوان خودی خۆت و بەرامبەرەکتدا، دەتوانیت ئەوە ببینیت کە ئازارەکانیان یەکە، بەڵام جۆر و شێوازی قسەکردنیان جیاوازی هەیە، ئەکت و کردارەکانیان جیاوازن. ئەمە خودی خۆی دەتوانێت چەندین ئازار و نەهامەتیی تاک چارەسەر بکات.“

هاوبەشی بکە

Art of Love, Rawand Qadir,