25/04/2024
DidiMn Logo
Top

وتاری ئەسغەر فەرهادی لە کاتی بەخاکسپاردنی عەباس کیاڕۆستەمی

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – پەندار

لە فارسییەوە: بیار رەشید

بەڕێز کیاڕۆسته‌می ئازیز، سڵاو

باوه‌ڕ به‌وه‌ ناکه‌م چه‌ند هه‌فته‌ دوای کۆتا دیدارمان، ئه‌مڕۆ له‌ ناو ئەم هەموو خەڵکەدا وەستاوم تا بە بیانووی سەفەری بێ گەڕانەوەتان، ئەم ڕستانە دەرببڕم.

ئەم ڕۆژانە لە دەربارەی ئێوەوە زۆر دەگوترێت و گوتراوە، هەرچەند درەنگە، زۆر درەنگ، بەڵام ئەمڕۆ من لێرە وەستاوم تا دۆستانە و دڵسۆزانە سوپاسگوزاریی ئێوە بکەم.

سوپاست دەکەم کە لە جیهاندا ناوی ئەم نیشتمانەت گێڕایەوە بۆ ناوێکی دڵگیر و پڕ لە ڕێز. سوپاست دەکەم لەگەڵ هەموو پشتگوێخستنەکان و قەدرنەزانی و ڕێگرییەکانی کاسەلێسانی سیاسەت لەم خاکە مایتەوە. سوپاست دەکەم کە ڕێگەی ناهەموار و بەردینی بە جیهانیکردنی سینەمای ئەم وڵاتەت بە ئارامی کردەوە، کە ئەگەر ئەمڕۆ حەز و پەرۆشییەک هەیە بۆ بینینی بەرهەمی ئێرانی لەدەرەوەی وڵات، قەرزاری ئەو هەنگاوانەیە کە لەو سەردەمە سەختەدا هەڵتهێنان.

سوپاست دەکەم کە زیاتر لە ژمارەی فیلم و فۆتۆ و شیعرەکانت لەهەر سوچێکی جیهاندا، تینوانی فێربوونت لە لای خۆت کۆ کردەوە، نەک تەنها بۆ فێرکردنیان، بەڵکو گرنگتر لەوە بۆ هاندانیان بەوەی دەتوانن لە هەر دۆخێکدا بێت بە توانایەکی کەمەوە، خەونەکانیان بهێننە دی.

سوپاست دەکەم نەک لەبەرئەوەی کە جوانییەکانی جیهانت دەبینی، بەڵکو لەبەرئەوەی جیهانت بە جوانی دەبینی، سوپاست دەکەم کە فێرت کردین دوور بین لە قەرەباڵغی، کە بە هەموو گەورەیییتەوە، لە بازنەی ملکەچیدا سەرت شۆڕ نەکرد.

من سوپاست دەکەم لەبەر هەموو زەحمەتەکانت و کۆتا داواشم گەیاندنی ئەم نامەیەیە.

” بەڕێز کیاڕۆستەمی ئازیزم، تۆ ئەگەر لە ترپەی باخ دا خودات بینی، هیمەتێک بکە و بڵێ ماسییەکان حەوزەکەیان بێ ئاوە.”

2

 

هاوبەشی بکە

Abbas Kiarostami, Asghar Farhadi, Biyar Rashid, Kiarostami,