23/04/2024
DidiMn Logo
Top

پانێلی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە: ڕێگە، ڕێگەیەک بەرەو مەنفا

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

بڕیارە ڕۆژی ٢/٤/٢٠١٧، سەعات ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، لەمیانی بەڕیوەچوونی ئیڤێنتی کلتووریی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە، کە تایبەتە بە یادکردنەوەی گەورە فیلمسازی کورد، یەڵماز گونەی، لە هەشتایەمین ساڵیادی لەدایکبوونیدا، پانێڵێکی تایبەت بە ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی گونەی لە ناو هۆڵی سینەما سالم بەڕێوە بچێت. لەو پانێڵەدا چەند لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بە گونەی پێشکەش دەکرێت.

ئێدی هۆبشمید خەڵکی سویسرایە و لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی یەڵماز گونەیدا، هاوڕێی نزیکی ئەو دەرهێنەرە بووە. ئێدی لە ساڵی ١٩٨٠دا، پاش کودەتاکەی ١٩٨٠ی تورکیا، بۆ یەکەم جار لە تورکیا چاوی بە یەڵماز گونەی دەکەوێت و تا مردنی یەڵماز گونەی لە ساڵی ١٩٨٤دا، هاوڕێ دەمێننەوە.

هۆبشمید لە ئێستادا خەریکی بڵاوکردنەوەی کتێبێکە سەبارەت بەو پەیوەندییەی لەگەڵ یەڵماز هەیبووە لەو ساڵانەی کۆتایی تەمەنیدا، کە گونەی بە گرنگترین ساڵەکانی ژیانی خۆی ناوی بردووە. ئەو لە کتێبەکەیدا چیرۆکی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەکتەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر، یەڵماز گونەی باس دەکات، کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دوو فیلمی بۆ کۆمپانیای کاتوس فیلمی سویسری بەرهەم هێناوە. ئەم کتێبە، کتێبە یادەوەرییەکی وێنەیی یەڵماز گونەیە، لەو ساڵانەدا و ئەوە باس دەکات کە هەلومەرجی گونەی چۆن بووە لەو ساڵانەدا، چۆن ژیاوە و چۆن کاری کردووە.

گونەی چیرۆکی ڕاکردنی گونەی لە زیندان دەگێڕێتەوە، کە بە هۆی کێشەیەکی سیاسییەوە خرابووە زیندان. ئەو بە هۆی یارمەتیی چەند کەسێکەوە، توانیی فیلمی ڕێگە لە فەڕەنسا تەواو بکات و دواتریش خەڵاتی چڵەخورمای ئاڵتوونی لە فێستیڤاڵی کان بەدەست هێنا لە ساڵی ١٩٨دا. کتێبەکە هەروەها چیرۆکی هاوڕێیەتیی دوو پیاویش دەگێڕێتەوە، لە دوو کلتووری جیاواز، کە دوای هەمان ئامانج کەوتوون.

ئەم کتێبەی ئێدی هۆبشمید بە هەرسێ زمانی ئەڵمانی، کوردی و تورکی بڵاو دەکرێتەوە لە لایەن دەزگای جی ئێم بی ئێچی سویسری.

هۆبشمید پڕۆدوسەری کۆمەڵێک فیلمی گرنگ بووە، لەوانەش فیلمی ڕێگەی یەڵماز گونەی.

ئێدی لە پانێڵی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە، وەک پانێڵیستێک بەشدارە و لەسەر بنەڕەتی ئەو هاوڕێیەتی و هاوکارییەی لە نێوانیاندا بووە، لەبارەی گونەیەوە  قسە دەکات.

 

هاوبەشی بکە

A Director From Prison, Cinema Salim, DidiMn, Edi Hubschmid, Kashkul, Yilmaz Guney,