19/04/2024
DidiMn Logo
Top

پیاو و دروستکەرەکەی: نامەیەک بۆ باوکم

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئێن وای سەن، سی ئێس مۆنیتۆر
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

نزیکەی 97 ساڵ پێش ئێستا، لە بەرواری 10/11/1919، فرانز کافکا دەستی کرد بە نووسینی نامەیەکی درێژ بۆ ئەو کەسەی لە ژیانیدا زۆرترین ترسی لێی ھەبوو؛ ئەو کەسەش باوکی بوو. ھێرمان کافکا، بازرگانێکی سەرکەوتوو بوو، بەڵام وەک زۆردارێک بوو لە خێزانەکەیدا.

کافکا دوو مانگ بە نووسینی نامەکە سەرقاڵ بوو، کە بە 100 پەڕە کۆتایی پێ ھێنا. بە ھاوڕێکانی و خۆشەویستەکەی، مێلینا جێسینسکاـی گوتبوو، کە ئەمە نامەی پارێزەرێکە. لە ڕاستیشدا نامەیەک بوو زۆر بە توڕەیی باوکی تێدا تاوانبار دەکرد. لەم نامەیەدا کافکا وەک پارێزەرێک لە ژیان دەڕوانێت، کە یاساکان لە شوێنی بەندکراوێکەوە پەیڕەو دەکات. لە نامەکەدا کافکا سکاڵای یاسایی دەکات. بەڵام بە دڵنیایییەوە ھەموو تۆمەتەکان تەنھا ڕووبەڕوی باوکە تۆقێنەرەکەی نییە، بەڵکو تۆمەت دەداتە پاڵ خۆشی.

نامەیەک بۆ باوکم، لە ئەڵمانییەوە بۆ ئینگلیزی لە لایەن ھاورد کۆڵەر وەرگێڕانی بۆ کراوە، بەڵام ھەتا ئێستاش بە دیکیۆمێنتێکی نیگەرانکار ھەژمار دەکرێت. ھۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە کافکا ھەموو وردەکارییەکان دەردەخات. لە نامەکەدا باسی ھەموو ئەو ڕێگەیانە دەکات کە باوکی لە ڕێیەوە سوکایەتی پێ کردووە.

”شەوێک بۆ ئاو دەگریام، تینووم بوو، بەڵام بەشێکی گریانەکەش ئەوەبوو دەمویست بێزاریان بکەم و خۆمی پێ بخافڵێنم. دوای ئەوەی چەند جارێک ھەڕەشەکانت سەریان نەگرت، ھەستایت و لەو جێگەیەی لێی دەخەوتم، دەرت هێنام و لە ماڵەکە منت کردە دەرەوە، لەوێ بۆ ماوەیەک بە جلی خەوەوە جێت ھێشتم و دەرگەت لەسەر داخستم. من ناڵێم ئەم کارە ھەڵە بوو، ڕەنگە ئەمە تەنھا ڕێگە بووبێت بۆ بەدەستھێنانی کەمێک ئارامی لەو شەوەدا. دەتوانم بڵێم لەدوای ئەو ڕووداوە زۆر گوێڕایەڵتر بووم، بەڵام ناخمت ئازار دا.“

شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە کە کافکا ئەم ڕووداوە ناخۆشەی لە یادە. بەڵام ئەوە سەرسوڕھێنەرە کە دەتوانێت وەک ئەوەی چەند دەقەیەک پێش ئێستا ڕووی دابێت، باسی بکات کە لە ڕاستیدا دە ساڵی بەسەردا ڕۆشتووە.

ئەم ڕووداوە کاردانەویەکی وەک ئەفسانەی لە ژیانیدا ھەبوو: باوکی دەتوانێت لەماڵ دەری بکات، بەڵام لێی ناگەڕێت ڕابکات و ڕزگاری بێت. لەوەش خراپتر وەک خۆی دەڵێت، ”چەند ساڵێکی زۆر ئەشکەنجە دەدرام لە لایەن ئەم پیاوە زەبەلاحەوە، کە باوکم بوو، دەیتوانی بە بێ ھیچ ھۆکارێک شەوان بێت و لە جێگەکەم دەرم بکات و لە دەرەوە بەجێم بهێڵێت.“

ئەم ھۆکارانە ھەموو بوونە ھۆی ھەستکردن بە ھیچی و ھەستی دەکرد بۆ باوکی ئەو جێگەی ھیچ ناگرێتەوە. لە باوکی دەترسا، چونکە دەیتوانی بەچێژەوە کافکا ئازار بدات. بەڵام ترسە گەورەکەی ئەوە بوو ھەستی دەکرد بوونی نییە. ژیان لەگەڵی ھەمیشە دژایەتیکردن بوو، ھەر دەبوو یەکێکیان ڕاست بن و ئەوی تر ھەڵە.

ترسی کەفکا لە باوکی ھەرگیز دانەمرکایەوە. لە نامەکەشدا لە یەکەم ڕستەوە تا کۆتایی، ھەست بە ترس دەکرێت.

”لەم دوایییەدا لێت پرسیم، بۆ ھەتا ئێستاش ترسم ماوە، بەڵام وەک ھەمیشە نەمزانی چۆن وەڵامت بدەمەوە، ھۆکاری ئەمەش بەشێکی ترس بوو و بەشەکەی تریش ئەوە بوو ئەوەندە وردەکاری ھەبوو کە بوار نەبوو نیوەشیان باس بکەم.“

ھێرمان کافکا ھەرگیز نامە بێھیواکەی کورەکەی نەخوێندەوە. کافکا ھەرگیز بۆی نەنارد. لەوانەیە بە ھاوارەوە نامەکەی ڕەت بکردایەتەوە، وەک چۆن ھەموو ئێوارانێک لەسەر سفرەی نانخواردن ھاواری دەکرد ”گوێم لە ھیچ وشەیەک نەبێت پێچەونەی ئەوەی من بێت!“، یان لەوانەیە فڕێی دابێتە لایەک و وەک چۆن پێشتر چەند بڵاوکراوەیەکی کوڕەکەی فڕێ دابوو. ئەگەر بیخوێندایەتەوە، سەرسام دەبوو بەو ھەموو ڕقەی کە لە نێوان ئەو ھەموو دێڕەدا ئاگریان دەکردەوە. لەکۆتاییدا، ڕق و کینە خۆی سروشتی ئە بوون، بەڵام بەو خۆشەویستییە تۆقێنەر و سەرسامکەرەی کە نامەکەی پڕ کردووەتەوە لە سەرەتاوە تا کۆتایی.

بەڵام دیسان، ئێمە تەنھا یەک لایەنی چیرۆکەکانمان لەبەر دەستە. ڕۆژێک فرانز کافکا لەگەڵ گوستاڤ جانۆچ‌ـی ھاوڕێیدا لە پراگ، هێرمان کافکاـیان بینی کە دوکانەکەی دادەخست. باوکی کە کافکاـی بینی، بەتوڕەییەوە وتی ”فرانز! بڕۆ ماڵەوە، ھەوا شێدارە.“ کافکاـش بەھێواشی بە ھاوڕێکەی وت، ”باوکمە. خەم لە من دەخوا. خۆشەویستی ھەندێک جار ڕووخسارێکی شەڕانی ھەیە.“

0703-kafka

هاوبەشی بکە

Kafka, nama,