26/04/2024
DidiMn Logo
Top

پێشاندانێکی جیاوازی باشووری کوردستان و عێراق لە پراگ

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منلاژە تەها

لە سەنتەری هونەری هاوچەرخی شاری پراگ، پایتەختی وڵاتی کۆماری چیک، بۆ ماوەی چوار مانگ پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی لەژێر ناونیشانی سەرچاو بۆ پیشاندانی چیرۆکەکانی عێراق بە جۆرێکی تر و لە چاوی عێراقییەکانەوە، کرایەوە. لەم پێشانگەیەدا ئارام کەریم، بنار سەردار، سیڤان سالم، هاوڕێ خالید، ڕەوشت توانا، توانا عەبدولڵا، عەلی ئارکادی، سێباستیان مایەر، دارێۆ بۆسیۆ بەشدارییان کردووە و تێیدا ژیان لە عێراق و باشووری کوردستان لە چاوی فۆتۆگرافەرە کورد و عێراقییەکانەوە پیشان دەدات، هەروەها کەسانی نزیک لە ژینگەی ژیانی عێراقییەکان لە ساڵانی 1970 تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ.

ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پێشانگەیە و کۆبونەوەی ئەم فۆتۆگرافەرانە لە پێشانگەیەکی هاوبەشدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە فۆتۆ ئیدیتەری ئیتاڵی ستیفانۆ کارینی، بۆ ماوەی شازدە مانگ لەگەڵ فۆتۆگرافەرانی ئاژانسی مێترۆگرافی لە باشووری کوردستان وەک ئیدیتەر شێف کاری دەکرد، لەو ماوەیەدا پرۆژەیەک دروست بوو بە ناوی ماپ ئۆف دیسپلەیسمێنت، کە فۆتۆستۆریی ناوچە جیاوازەکانی عێراق و باشووری کوردستانی لە خۆ دەگرت دەربارەی ئاوارەکانی شەڕی داعش و هەریەک لە ڕەوشت توانا، بنار سەردار، سێباستیان مایەر، هاوڕێ خالید، سیڤان سالم، داریۆ بۆسیۆ و ئارام کەریم ستۆرییان بۆ ئەم  پڕۆژەیە دروست کردبوو، دواتر بە پێشکەشکردنی سیمینارێک لە لایەن ستێفانۆ بۆ سەنتەری هونەری هاوچەرخی شاری پراگ دەربارەی پرۆژەکە، هەروەها باسکردن لە کارەکانی فۆتۆگرافەری کورد عەلی ئەرکادی و ئەرشیفی فۆتۆگرافەر توانا عەبدولڵا و ناساندنی، ئەمانە دەبنە جێی بایەخی سەنتەرەکە و بڕیار دەدەن لە مانگی 9ـی ساڵی2017  پێشانگەیەک بۆ کارەکانی ماپەکە و ئەرشیفی فۆتۆگرافیی توانا بکەنەوە و تێیدا بەشێکی گەورە لە کارەکانی فۆتۆگرافەر علی ئەرکادی نمایش بکرێت.

بنار سەردار، عەلی ئارکادی، ڕەوشت توانا، دارێۆ بۆسیۆ، ستیفانۆ کارینی و بەشێک لە ئاماده‌بووانی سەرچاو || فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

بنار سەردار، عەلی ئارکادی، ڕەوشت توانا، دارێۆ بۆسیۆ، ستیفانۆ کارینی و بەشێک لە ئاماده‌بووانی سەرچاو || فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

ماڵپەری دارست دەربارەی پێشانگەکە دەڵێت: ”ئەو وێنە نمونەییەی ئێمە بۆ عێراق هەمانە چییە؟ شەڕ، توندوتیژی، میلیشیا، قەیرانە مرۆڤایەتییەکان، کەمپی ئاوارەکان… ئەمانە وێنەی گشتیی میدیاکانن کە ئێمە پێی ئاشنا بووین، وڵاتەکە ئێستا لە کێشەیەکدایە کە دەرەنجامەکانی دوور لە سنوورەکانی ڕۆیشتوون. پێشانگەی سەرچاو، بینینی عێراق لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە پێشنیار دەکات.“

تەواوی فۆتۆ نمایشکراوەکان لە پێشانگەکەدا، کە بەشێکی زۆر لە ژیانی ئەم ناوچەیە پیشان دەدات و گرنگیی مێژوویی گەورەی هەیە، کراوە بە کتێبێک و لە ئێستادا تەنها لە ماڵپەری دارست دەست دەکەوێت و بە داواکردنی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەگاتە دەستی وەرگرەکان.

دەتوانن لێرەوە کتێبەکە داوا بکەن: داواكردنی كتێب

كتێبی سه‌رچاو، فۆتۆنامه‌ی پێشانگه‌كه‌

كتێبی سه‌رچاو، فۆتۆنامه‌ی پێشانگه‌كه‌

ناونیشانی پێشانگەکە لە وشەی ”سەرچاو“ـی کوردی و ”علی عيني“ـی عەرەبییەوە هاتووە، بە ”over my eyes“ وەرگێڕدراوە بۆ ئینگلیزی. سەرچاو دەیەوێت لە ڕێگەی پێشاندانی ژیانی ڕۆژانە و بینینی ئەو شتانەی ڕۆژانە بە شێوەیەکی ڕۆتینی بەری دەکەوین و تێبینیی ناکەین، دیوێکی تری ئەم ناوچەیە پیشان بدات و بڵێت ئەم ژیانەش بوونی هەیە، لەم جێگایەی کە بەردەوام بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناسراوە.

بەشێکی گرنگ لە پێشانگەکە فۆتۆکانی فۆتۆگرافەر توانا عەبدولڵایە، ئەو ئەرشیفە گرنگەیە کە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە. ئەمە یەکەمین پێشانگەی ئەوە.

ڕه‌وشت توانا، له‌ به‌رده‌م فۆتۆكانی توانا عه‌بدووڵای باوكی

ڕه‌وشت توانا، له‌ به‌رده‌م فۆتۆكانی توانا عه‌بدووڵای باوكی

ڕەوشت توانا دەربارەی ئەرشیفەکانی باوکی لە پێشانگەکەدا و کاردانەوەی سەردانیکەرانی پێشانگەکە بۆ دیدی من گوتی: ”بەر لە شەهیدبوونی، باوکم ئاواتی کردنەوەی پێشانگەیەکی هەبوو، بەڵام بە هۆی شەهیدبوونیەوە نەهاتە دی. دوای بیستوپێنج ساڵ ئاواتەکەی بە هۆی ستێفان و دۆکس سەنتەر هاتە دی. توانا نزیکەی %35ی هۆڵی نمایشەکەی لە خۆ گرتبوو، کە لە فۆتۆکاندا ژیانی کورد لە ساڵانی حەفتا بۆ 1992 دەگێرێتەوە، کە بریتی بوون لە وێنەی سروشتی باشووری کوردستان، ژیانی رۆژانەی خەڵک، شۆڕشی نوێ، خۆپیشاندان و پرۆتێستەکانی ئەو سەردەمەی عێراق و بەشێکیشی تایبەت بە ژیانی کەسیی خۆی بوو، کە دۆکیومێنتی کردبوو. سەردانیکەرانی پێشانگەکە پێشبینیی کاری لەو جۆرەیان نەکردبوو و سەرسام بوون پێی، هەندێکیان بەراوردی ژیانی ناو فۆتۆکانی توانایان دەکرد بە ژیانی ئەورووپا، کە نزیکی هەبوو لە جلوبەرگ و شێوازی ژیانکردنیاندا.“

توانا عەبدولڵا سەرەتای کارکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 لە ستۆدیۆی تایبەتی خۆی بە ناوی گۆوەند و وەکو فۆتۆگرافەرێکی پیشه‌یی کاری کردووە، جگە لەوەی هەر دەرفەتێکی سەفەرکردن و کارکردنی خۆی قۆستووەتەوە و دۆکیومێنتی کردووە. فۆتۆکانی دەربارەی سروشتی باشووری کوردستان، ژیانی لادێکانی، بەشێک لە خۆپیشاندانەکانی ئەو سەردەمەی قەڵادزێ و سلێمانی و چالاکیی خوێندنگەکان، ئەرشیفی وێرانکردن و پاشان بونیادنانەوەی شاری قەڵادزێ لە لایەن دانیشتوانەکەیەوە، شێوازی ژیانی ناوچە قەڵادزێ و ڕانیە و دەوروبەری و باشووری کوردستان و عێراق بە گشتی و زۆر وردەکاریی تری ژیانی ئەو سەردەمە، کە لە ئێستادا لە ناو چوون یاخود گۆڕاون.

فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

توانا لە ساڵی 1992ـدا شەهید دەبێت، لە پاش خۆی هاوژینەکەی و چوار کوڕ و کچێک جێ دەهێڵێت، لەگەڵ ئەرشیفێکی دەوڵەمەند و گرنگی فۆتۆگرافی بۆ باشووری کوردستان و مێژووی جیهان. لەو کاتەدا ڕەوشت تەمەنی سێ ساڵانە و بۆ دەستکردن بە خوێندنی سەرەتایی و تەواوکردنی لە لایەن پیاوێکی ئیتاڵیی خەڵکی شاری ئێڤرێیا هاوکاری کراوە، ئەم هاوکارییەش لە ڕێی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانەوە کرا.

2ـی مانگی 10ـی ئەمساڵ ڕەوشت لەو شارەی لێیەوە هاوکاریی کرابوو بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن لە دوای لەدەستدانی باوکیەوە، شاری ئێڤرێیا، سیمیناری لەسەر کارەکانی باوکی، توانا عەبدولڵا پێشکەش کرد و باسی لەو ئەرشیفە گرنگە کرد کە لە لایەن دایکیەوە پارێزرابوو و تا گەوروبوونی و درککردنی بە گرنگییەکەی و کارکردن بۆ پاراستنی ئەرشیفەکە، سەرەنجام لەم گەشتەیدا ڕەوشت بۆ یەکەمین جار چاوی کەوت بە باوکە ئیتاڵییەکەی.

كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی فۆتۆگرافه‌ره‌ به‌شداربووه‌كانی پێشانگه‌كه‌: ڕەوشت توانا. ستیفانۆ کارینی، داریۆ بۆسۆ، بنار سەردار، هاوڕێ خالید، عەلی ئارکادی || فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی فۆتۆگرافه‌ره‌ به‌شداربووه‌كانی پێشانگه‌كه‌: ڕەوشت توانا. ستیفانۆ کارینی، داریۆ بۆسۆ، بنار سەردار، هاوڕێ خالید، عەلی ئارکادی || فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی فۆتۆگرافه‌ره‌ به‌شداربووه‌كانی پێشانگه‌كه‌ || فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی فۆتۆگرافه‌ره‌ به‌شداربووه‌كانی پێشانگه‌كه‌ || فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

دیمه‌نێك له‌ پێشانگه‌كه‌ || فۆتۆ: سه‌نته‌ری دۆكس

دیمه‌نێك له‌ پێشانگه‌كه‌ || فۆتۆ: سه‌نته‌ری دۆكس

به‌ختیار عه‌لی له‌ پێشانگه‌كه‌ || فۆتۆ: سه‌نته‌ری دۆكس

به‌ختیار عه‌لی له‌ پێشانگه‌كه‌ || فۆتۆ: سه‌نته‌ری دۆكس

دیمه‌نێك له‌ پێشانگه‌كه‌ || فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

دیمه‌نێك له‌ پێشانگه‌كه‌ || فۆتۆ: سەنتەری دۆکس

هاوبەشی بکە

Art Exhibition, Kurdia Art, LazhaTaha, Over My Eyes, Photography,