21/01/2020
DidiMn Logo
Top

گرەو و سەرەتای وێنەی جوڵاو

لە لایەن دیدی من 2 هەفتە پێش ئێستا

دیدی من
لە ئینگلیزییەوە: توانا باران

له‌ ساڵى 1872 پرسيارێك له‌ ناو گۆمه‌ڵگەى ئه‌مريكیدا بڵاو بووبووه‌وه‌، ئەویش ئەوە بوو کە ئايا ئه‌سپ له‌ كاتى غارداندا هه‌ر چوار پێى له‌ هه‌وايه‌ يان پێيه‌كى له‌ سه‌ر زه‌ويدا دەمێنێتەوە، لەبەرئەوەی به‌ ڕوانگه‌ى شێوه‌كارانى ئه‌و كات ئه‌سپ هه‌ميشه‌ له‌ كاتى غارداندا پێيه‌كى له‌ سه‌ر زه‌وى دەمێنێتەوە، به‌ڵام ڵيلاند ستانفۆرد كه‌ ئه‌و كات له‌ ئه‌مريكا سياسه‌تمه‌دار و سه‌رمايه‌دارێكى به‌ناوبانگ بوو و هه‌روه‌ها خاوه‌ندارێتى يه‌كێك له‌ گۆڕه‌پانه‌كانى ئه‌سپسوارى دەکرد، بڕياری دا ئه‌و بابه‌ته‌ يه‌كلايى بكاته‌وه‌.

بۆيه‌ ئيدوارد مۆيبريجى فۆتۆگرافه‌ر لای خۆی تايبه‌ت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ دادەمەزرێنێ. فۆتۆگرافى بۆ ئه‌و كات بوار و ناوه‌ندێكى تازه‌ بوو، به‌ ڕاده‌يه‌ك كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى فۆتۆگرافه‌ر بوو خۆى كه‌ره‌سته‌ و ماتڕياڵه‌كانى خۆى دروست ئه‌كرد، مۆيبرێجیش يه‌كێك بوو له‌و فۆتۆگرافه‌رانه‌ .

مۆيبرێج بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ 12 كامێراى فۆتۆگرافى به‌ درێژايى گۆڕه‌پانى غاردانى ئه‌سپه‌كه داده‌نێ، ئه‌و 12 كامێرايه‌ی به‌ چه‌شنێك دانا  كه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ر كامێرايه‌ك په‌تێكى باريك دەه‌به‌ستێ، ئه‌و په‌ته‌ باريكه‌ كه‌ ئه‌سپه‌كه‌ پێى لێ ده‌دات ڕاسته‌خۆ فۆتۆى ده‌گرێ، مۆيبرێج ئه‌و كاره‌ى به‌ سه‌ركه‌وتوويى ئه‌نجام دا و بابه‌تى غاردانى ئه‌سپه‌كه‌ يه‌كلايى بووه‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ ئه‌سپ له‌ كاتى غارداندا هه‌ر چوار پێى ئه‌كه‌وێته‌ هه‌وا و دواتر دوو پێى دواوه‌ پاڵ ده‌نێن و دوو پێى پێشه‌وه‌ ڕاده‌كێشن .

له‌ سه‌ره‌تادا مۆيبرێج وه‌كو فۆتۆ نمايشى دەکات، به‌ڵام جارێكيان فۆتۆكان ده‌خاته‌ ته‌نيشت يه‌كترەوە و دەبينێ وەکو وێنه‌ى جوڵاو (یان ڤيديۆ) دێته‌ پێش چاوى و ئه‌و شته‌ واى لێ ده‌كات كه‌ ئامێرى (زووپرازيسكووپ) دروست بكات كه‌ به سه‌ره‌تاى پڕۆجێكته‌ری فيلم داده‌نرێ، هه‌روه‌ها ئه‌و وێنه‌ جوڵاوانه‌یش دواتر به‌ (Sallie Gardner at the Gallop) يان (The Horse in Motion – ئه‌سپى جوڵاو) ناونرا.

Photography,