20/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕاستییه‌ خه‌مناک و سه‌رسووڕهێنه‌كانی كتێبی ئه‌و شوێنانه‌ی منداڵان لێی ده‌خه‌ون

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منجه‌یمس مۆڵیسۆن
وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ژیوار جه‌وهه‌ر

ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌مه‌ریكی، كریس بووس، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ جه‌یمس مۆڵیسۆنـی فۆتۆگرافه‌ر، كتێبێكیان به‌ ناوی ئه‌و شوێنانه‌ی منداڵان لێی ده‌خه‌ون بڵاو كردووەته‌وه‌ئامانجی كاره‌كه‌یان بریتییه‌ له‌ پیشاندانی جیاوازیی شوێنی خه‌وتنی منداڵانی وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌گه‌ڵ منداڵانی وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان.

به‌ ته‌ماشاكردنی وێنه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانیان، له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ به‌م كتێبه‌ ویستوویانه‌ ژیانی ئه‌و منداڵانە پیشان بده‌ن كه‌ هه‌موو شتێكیان هه‌یه‌: جێخه‌وێكی خۆش، گه‌رمی، كاره‌با و شته‌كانی دیكه‌ش؛ هه‌روه‌ها به‌راوردكردنی ژیانی ئه‌مان به‌ ژیانی ئه‌وانه‌ی دیکە، به‌مانای وشه‌، هیچ شتێكیان نییه‌ جگه‌ له‌ زه‌وییه‌كه‌ی ژێریان.

كۆمه‌ڵێك له‌ چیرۆكه‌كانی ناو کتێبەکە:

ئیندریا، ٧ ساڵ
Nepal_Indira_5727
ئیندریای حه‌وت ساڵان، له‌ گه‌ڵ دایک وباوک و خوشک و براكه‌ی له‌ نزیک كاسماندوو له‌ وڵاتی نیپاڵ ده‌ژی. خانووه‌كه‌یان ته‌نیا یه‌ک جێخه‌و و یه‌ک دۆشه‌كی تێدایە. شه‌وان كاتی نووستن، منداڵه‌كان له‌سه‌ر زەوییەکە ئه‌و تاقه‌ دۆشه‌كه‌ ڕاده‌خه‌ن و ده‌خه‌ون. ئیندریا له‌ ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه‌ له‌ كانه‌ به‌ردێكی ده‌رهێنانی به‌ردی گرافیت ئیش ده‌كات. خێزانه‌كه‌یان زۆر هه‌ژارن، هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مووان ئیش بكه‌ن. سه‌د و په‌نجا منداڵی دیكه‌یش له‌هه‌مان كانه‌ به‌رد كار ده‌كه‌ن. ئیندریا ڕۆژانه‌ شه‌ش كاتژمێر ئیش ده‌كات و دواتریش، له‌ ئیشه‌كانی ماڵه‌وه‌ یارمه‌تی دایكی ده‌دات. هه‌روه‌ها ئیندریا ده‌چێته‌ فێرگه‌، كه‌ ده‌بێت سی خوله‌ک به‌ پێ بڕوات. خواردنه‌ دڵخوازه‌كه‌ی سپاگێتی‌ـیە‌. ئه‌و ئاره‌زوو ده‌كات ببێت به‌ سه‌ماكار كاتێک كه‌ گه‌وره‌ بوو.

لامین، ١٢ ساڵ
Senegal_Lamine_5788
لامین‌ـی دوازده‌ ساڵان له‌ سەنیگال ده‌ژی، ئه‌و خوێندكاره‌ له‌ خوێندنگه‌ی ئایینیی گونده‌كه‌، كه‌ هیچ كچێک بۆی نییه‌ له‌وێ بخوێنێت. لامین له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی دیكه‌ هاوبه‌شی بە ژوورەکەی ده‌كات. ته‌خه‌تەی خه‌وه‌كان زۆر ساده‌ن، قاچی هه‌ندێک له‌ ته‌خته‌ خه‌وه‌كان بلۆكیان وه‌ک ڕاگر بۆ داندراوه. له‌ كاتژمێر شه‌شی هه‌موو به‌یانییه‌ک، كوڕه‌كان ئیش له‌ كێڵگه‌ی خوێندنگه‌كه‌دا ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌وێش فێری هه‌ڵكۆڵین ده‌بن، فێری ئه‌وه‌ ده‌بن چۆن دروێنه‌ی دانه‌وێڵه‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها كێڵان به‌ گاسن به‌ به‌كارهێنانی گوێدرێژ. پاشنیۆەڕۆ‌كانیش، كوڕه‌كان قورئان ده‌خوێنن. له‌ كاته‌ به‌تاڵه‌كانیدا، لامین ئاره‌زوو ده‌كات دووگۆڵی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا بكات.

تزڤیكا، ٩ ساڵ
Israel_Tzvika_9562
تزڤیكاـی نۆ ساڵان له‌ ئاپارتمانێک له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بێیتار لیت، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نزیک شاری قودس، ده‌ژی؛ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ٣٦،٠٠٠جوله‌كه‌ی ئۆرسادۆكسی ژیان ده‌گوزه‌رێنن. ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌كا‌ن له‌م ناوچه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ كراون. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، خێزانێكی ئاسایی نۆ منداڵی هه‌یه‌، به‌ڵام تزڤیكا ته‌نیا خوشكێک و دوو برای هه‌یه‌، كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ژوورێک ده‌مێننه‌وه‌. به‌ ئۆتۆمبێل ده‌یبه‌ن بۆ خوێندنگه‌، دوو خوله‌ک دووره‌. وه‌رزش له‌ خوێندنگه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌. تزڤیكا هه‌موو ڕۆژێک ده‌چێته‌ كتێبخانه‌ و چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌ پیرۆزه‌كان ده‌بینێت. هه‌روه‌ها چێژ له‌ ئه‌نجامدانی یارییه‌ ئایینییه‌كان، له‌سه‌ر کۆمپیوتەرەکەی ده‌بینێت. كه‌ گه‌وره‌ بوو، ئاره‌زوو ده‌كات ببێت به‌ مامۆستایه‌كی ئایینیی جوله‌كه‌ و خواردنه‌ دڵخوازه‌كه‌شی گۆشتی سووركراوه‌ و چپس‌ـە.

جه‌یمی، ٩ ساڵ
USA_Jaime_88601
جه‌یمی‌ـی نۆ ساڵان له‌گه‌ڵ دایك وباوک و خوشک و برا دوانەکەی، كه‌ له‌و منداڵترن، له‌ ناوچه‌یه‌كی نیویۆرک ده‌ژی. جه‌یمی له‌ خوێندگه‌یه‌كی باڵا ده‌خوێنێت و خوێندكارێكی زیره‌كه‌. له‌ كاته‌ به‌ته‌ڵاكانیدا، یاری جودۆ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات و ده‌چێت بۆ مه‌له‌كردن. زۆر ئاره‌زوو ده‌كات ژمێریاری بخوێنێت. كه‌ گه‌وره‌ بوو، ئاره‌زوو ده‌كات وه‌كو باوكی ببێت به‌ پارێزه‌ر.

كایا، ٤ ساڵ
Japan_Kaya_1035
كایاـی چوار ساڵان، له‌گه‌ڵ دایک و باوكی له‌ ئاپارتمانێکی بچووكی شاری تۆكیۆـی وڵاتی یابان ده‌ژین. ژووره‌كه‌ی، له‌ زەوییەکەوە تا بنمیچەکە، پڕه‌ له‌ جلوبه‌رگ و بووكه‌شووشه‌. دایكی كایا خۆی جله‌كانی بۆ دروست ده‌كات- كایه‌ ٣٠ پارچه‌ جل و چاكه‌تی هه‌یه‌، ٣٠ جووت پێڵاو و ژماره‌یه‌كی زۆریش باڕۆكه‌ی هه‌یه‌. كاتێک ده‌ڕوات بۆ خوێندنگه‌، ده‌بێت جلی تایبه‌تیی خوێندنگه‌ بپۆشێت. خواردنه‌ دڵخوازه‌كانی بریتین له‌ گۆشت، په‌تاته‌، شاتوو و قۆخ. كه‌ گه‌وره‌ بوو، كایا ئاره‌زوو ده‌كات ببێت به‌ كارتۆنیست.

ده‌وحه‌، ١٠ ساڵ
Israel_Douha_9335
ده‌وحه‌ـی ده‌ ساڵان له‌گه‌ڵ دایک وباوک و یازده‌ خوشک و براكه‌ی له‌ كامپێكی پەنابەران له‌ هێبرۆن وێست بانك ده‌ژی. ئه‌و و پێنج خوشكی دیكه‌ی له‌ ژوورێک ده‌مێننه‌وه‌. ده‌وحه‌ ده‌چێته‌ خوێندنگه‌، ده‌ خوله‌ک دووره‌ و ئاره‌زوو ده‌كات ببێت به‌ پزیشكی منداڵان. براكه‌ی، محەمەد، له‌ هێرشێكی خۆكوژیدا له‌ دژی ئیسرائیل، خۆی و ٢٣ هاوڵاتی، له‌ ساڵی ١٩٩٦، كوشتووه‌. دوای ئه‌م ڕووداوه‌، سوپای ئیسرائیل ماڵ و حاڵی خێزانه‌كه‌ی وێران كرد. ده‌وحه‌ وێنه‌یه‌كی محەمەدـی له‌سه‌ر دیواری ژووره‌كه‌ی هه‌یه‌.

یاسەمین، ٤ ساڵ
USA_Jazzy_4509_
یاسەمین یان یاسی‌ـی چوار ساڵان، له‌ خانوویه‌كی گه‌وره‌ له‌ كێنتوكیم له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌گرتووه‌كانی ئه‌مەه‌ریكا، له‌گه‌ڵ دایک وباوک و سێ براكه‌یدا ده‌ژی. خانووه‌كه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره، به‌ زه‌ویی جوتیاریی ده‌وره‌ دراوه‌. ژووره‌كه‌ی پره‌ له‌و تاج و پشتێنانه‌ی كه‌ له‌ پێشبڕكێی شاجوانیدا بردوونیەتە‌وه‌؛ به‌شداری له‌ زیاتر له‌ سەد پێشبڕكێدا كردووه‌. له‌ كاته‌ به‌تاڵه‌كانیدا سه‌رقاڵی ڕاهێنان و خۆئاماده‌كردنه‌. هه‌موو ڕۆژێک، ڕاهێنانه‌ ڕۆتینییه‌كانی سه‌ر سته‌یچ له‌گه‌ڵ ڕاهێنه‌رێک ئه‌نجام ده‌دات. كه‌ گه‌وره‌ بوو، یاسی ئاره‌زوو ده‌كات ببێت به‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی ڕۆک.

نه‌ناسراو
Italy_Roma-boy_01791

ماڵی ئه‌م كوڕه‌ و خێزانه‌كه‌ی، دۆشه‌كێكه‌ له‌ كێلگه‌یه‌كی ده‌روه‌ی شاری ڕۆماـی وڵاتی ئیتاڵیا. خێزانه‌كه‌ له‌ ڕۆمانیاـوه‌ به‌ پاس هاتوون، دوای پاڕانه‌وه‌یه‌كی زۆر بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی بلیته‌كانیان بده‌ن. كاتێک كه‌ گه‌یشتوونه‌تە ڕۆما، له‌ زه‌وییه‌كی تایبه‌تیی نیشته‌جێ بوون، به‌ڵام پۆلیس ده‌ری كردوون. ئه‌وان هیچ ناسنامه‌یه‌كیان پێ نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ ناتوانن ئیشی یاسایی بكه‌ن؛ دایک وباوكی كوڕه‌كه، له‌ ترافیک لایت، جامی ئۆتۆمبێله‌كان خاوێن ده‌كه‌نه‌وه‌. هیچ كامێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌م خێزانه‌، نه‌چوونه‌تە خوێندنگه‌.

دۆنگ، ٩ ساڵ
China_Dong_0876
دۆنگ، نۆ ساڵان، له‌گه‌ڵ دایک وباوک و خوشک و باپیری، له‌ شاری یوونان له‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاتی چین ده‌ژی. ژوورێكی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دایک وباوک و خوشكه‌كه‌یدا هه‌یه‌. خێزانه‌كه‌ هه‌ر خاوه‌نی هێنده‌ خاكن كه‌ ده‌توانن به‌شی بژێویی ژیانیان برنج و شه‌كر به‌رهه‌م بهێنن. خوێندنگه‌كه‌ی دۆنگ بیست خوله‌ک دووره‌. ئه‌و چێژ له‌ نووسین و گۆرانیگوتن ده‌بینێت. زۆربه‌ی ئێواران، كاتژمێرێک خه‌ریكی وانه‌كانی دوێندنگە‌ ده‌بێت و كاتژمێرێكیش به‌ سه‌یركردنیی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌بات. كه‌ گه‌وره‌تر بوو، دۆنگ ئاره‌زوو ده‌كات ببێت به‌ پۆلیس.

ڕۆسی، ٨ ساڵ
Cambodia_Roathy_0677

ڕۆسی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵان له‌ ناوچه‌ی فنۆم پێنهی وڵاتی كۆمبۆدیا ده‌ژی. ماڵه‌كه‌یان له‌ناو شوێنێكی فڕێدانی زبڵ و خاشاكه‌. دۆشه‌كه‌کەی ڕۆسی له‌ تایه‌ی كۆن دروست كراوه‌. پێنج هه‌زار خه‌ڵک له‌و شوێنه‌ ده‌ژی و کار دەکەن. له‌ كاتژمێر شه‌شی هه‌موو به‌یانییه‌ک، ڕۆسی و سه‌دان منداڵی دیكه‌ لە سه‌نته‌رێكی خێرخوازی خۆیان ده‌شۆن، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌ن به‌ کار؛ کاریان گه‌ڕانه‌ به‌ دوای قوتوو و بوتڵی پلاستیكی، كه‌ دواتر به‌ كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ ده‌یفرۆشنه‌وه‌. زۆربه‌ی جار، نانخواردنی به‌یانی تاكه‌ ژه‌میانه‌.

سایس، ١١ ساڵ
Brazil_Thais_71251
سایس‌ـی یازده‌ ساڵان له‌گه‌ڵ دایک وباوكی و خوشكه‌كه‌ی له‌ نهۆمی سێی ئاپارتمانێک له‌ ڕیۆ دی جانیرۆـی وڵاتی به‌ڕازیل ده‌ژی. له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ی یه‌ک ته‌خته‌خه‌ویان هه‌یه‌. ئه‌وان له‌ ناوچه‌ی شاری خودا ده‌ژین، كه‌ كاتی خۆی زۆر به‌ناوبانگ بوو بۆ گروپ و ده‌سته‌ی چه‌ته‌ و به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر. له‌ دوای فیلمی شاری خودا له‌ ساڵی ٢٠١٢، ناوچه‌كه‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنێكی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌. سایس هه‌واداری گۆرانیبێژی پۆپ، فێلیف دیلۆن‌ـە و وێنه‌كه‌یشی له‌ دیواری ژووره‌كه‌یدا هه‌ڵواسیوه‌. ئه‌و ئاره‌زوو ده‌كات ببێت به‌ نماییشكار.

نانتیۆ، ١٥ ساڵ
Kenya_Nantio_0373
نانتیۆـی پازده‌ ساڵان، ئه‌ندامی هۆزی ڕێندیل‌ـە له‌ باكووری وڵاتی کینیا. دوو خوشک و برای هه‌یه‌. ماڵه‌كه‌ی له‌ گومه‌زێكی شێوه‌ چادرییه‌، كه‌ له‌ پێسته‌ی ئاژه‌ڵ و پلاستیک دروست كراوه‌، له‌گه‌ڵ ژوورێكی بچوک. له‌ ناوه‌ڕاست، له‌و شوێنه‌ی كه‌ خێزانه‌كه‌ لێی ده‌خه‌ون، ئاگر هه‌یه‌. ئه‌ركه‌كانی ناتیۆ بریتین له‌ چاودێریكردنی بزنه‌كان، بڕینه‌وه‌ی دار و ئاوهێنان. بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک ڕۆیشتووه‌ بۆ خوێندنگه‌ی گونده‌كه‌، به‌ڵام دواتر بڕیاری داوه‌ به‌رده‌وام نه‌بێت. ناتیۆ ئاره‌زوو ده‌كات جەنگاوەریک وه‌ک هاوژینی خۆی هەڵیببژێرێت. ئه‌و ئێستا خۆشه‌ویستی هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ژنێكی هۆزی ڕێندیله، هه‌بوونی چه‌ند خۆشه‌ویستێک، پێش شووكردن، شتێكی ئاسایی نییه‌. یه‌كه‌م شت، ده‌بێت كچه‌كه‌ خه‌ته‌نه‌ بكرێت، ئه‌وه‌ نه‌ریته‌كه‌یه‌.

جۆی، ١١ ساڵ
USA_Joey_-1960
جۆی‌ـی یازده‌ ساڵان له‌ كێنتوكی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌گرتوه‌كانی ئه‌مەه‌ریكا، له‌گه‌ل دایک وباوک و خوشكه‌كه‌ی، كه‌ له‌خۆی گه‌وره‌تره‌، ده‌ژی. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، هاوده‌میی باوكی ده‌كات له‌ كاتی ڕاوكردن. خاوه‌نی تاپڕێک و تیرۆكه‌وانێكه‌ و له‌ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا یه‌كه‌مین نێچیری خۆی، كه‌ ئاسكێک بوو، ڕاو كردووه‌. ئه‌و هیواخوازه‌ له‌ وه‌رزی داهاتووی ڕاودا بتوانێت تیرۆكه‌وانه‌كه‌ی به‌كار بهێنێت، چونكه‌ بێزار بووه‌ له‌ به‌كارهێنانی تاپڕه‌كه‌ی. ئه‌و خۆشی له‌ ژیانی ده‌ره‌وه‌ دێت و هیواداره‌ كه‌ گه‌وره‌ش بوو، له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ به‌رده‌وام بێت. خێزانه‌كه‌یان هه‌میشه‌ گۆشتی ئه‌و گیانله‌به‌ره‌ ده‌خۆن كه‌ ڕاوی ده‌كه‌ن. جۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌بێت گیانله‌به‌رێک بكوژرێت، ته‌نیا وه‌ک وه‌رزشێک. كاتێ ناچێت بۆ ڕاو، جۆی ده‌چێته‌ خوێندنگه‌ و له‌گه‌ڵ مارمێلكه‌ شێوه‌ ئه‌ژدیهایه‌ ڕیشنه‌كه‌ی ته‌ماشای ته‌له‌فیزیۆن ده‌كات.

 

هاوبەشی بکە

Children, Photography, Sleeping Room, ZhiwarNazanin,