20/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژياننامە و کاریگەرییەکانی ئێرنست هەمينگواى

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – ڤيستا

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

ئێرنیست هەمينگواى لە شوێنێكى ئارام و بێدەنگى نزیک ویلایەتی شيكاگۆ، لە ئۆک پاركى ئيلينۆيزـى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەريكا، ساڵى ١٨٩٩ لەدایک بوو. لە دوازدەيەمين ساڵڕۆژى لە دايكبوونى، باپیری ئێرنست دەمانچەيەكى بە ديارى پێشكەش كرد. هەمينگواى لە سەرەتاى ژيانيدا فێرى ڕاوەماسى، كەشتيوانى، ياریی خليسكێنە وبۆكسينگ بوو، ڕقێكى زۆرى لە خوێندنگە دەبووەوە، بەڵام خوێندنى لە خوێندنگەى ئۆک پارک بە ئاسانى بە كۆتا هێنا.

لە ئۆكتۆبەرى ساڵى ١٩١٧، وەک پەيامنێرێكى نوێكار لە ڕۆژنامەى ستار كانزاس سيتى دەستى بە كاركردن كرد. ئەو پەيامنێرە بەتوانايە كتێبى ڕێنمايىی پێشكەش بە هاوكارەكانى خۆى دەكرد و تێيدا خوازيار بوو، بە پەلەپەل وێناى نەرێنى بۆ وتەى كورت و پەرەگرافى كورت و پوخت نەكەن.

بەو شێوەيە شێوازى كارى هەمينگواى  فۆڕمى خۆى وەرگرت، هەروەها كارى ڕۆژنامەوانيش لەگەڵ سروشت و زەوقى ئەو گونجا. ئێرنست بە هۆى گرفتى لێڵى لە چاوى چەپيدا لە سەربازى ڕەتيان كردەوە، بەڵام لە ساڵى ١٩١٨ لە خاچى سوورى ئەمەريكا ناونووسىی كرد و بوو بە هاودەمى شۆفێرى ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن؛ سەرەتا لە شەڕگەى وڵاتى فەڕەنسا و دواتر لە شەڕگەى وڵاتى ئيتاڵيا لە جەنگى جيهانىی يەكەم بەشداریى كرد، ئەمەيان بەشێک بوو لە ژيانى هەمينگواى.

ErnestHemingway

بەشێکی ديكەى ژيانى پەيوەندیی هەبوو بە خاتوو ئگنيس فۆنكۆرۆسكى، پەرستارى هەمينگواى لە نەخۆشخانەى ميلان؛ هەمينگواى ئەوى خۆش دەويست و پێشنيارى هاوسەرگيرىی پێ دا. دواى بە كۆتا هاتنى جەنگى جيهانىی يەكەم، هەمينگواى لە ساڵى ١٩١٩ بە كەشتى بەرەو نیو یۆرک بەڕێ كەوت و پێشوازيیەكى گەرمى لێ كرا، كەچى هەر بە زوويى مەيل و ويستى ئيتاڵي و ئەوینی خاتوو ئگنيس كەوتە دڵییەوە، بەڵام كاتێک كە پەيامى ئگنيس بە دەستی گەيشت، ئاماژەى بەوە دابوو كە لەگەڵ پياوێكى ديكە هاوسەرگيریی كردووە. بەو هۆيەوە ئێرنست بۆ دڵخۆشیی خۆى ڕووى كردە كچانى ئەمەريكى، بە شێوەيەک كە دايكى ڕووى گرژى خۆى تێكرد و پێى دەگوت، ئەو ڕۆحى خۆى بە شەيتان فرۆشتووە.

لە ساڵى ١٩٢١ لەگەڵ ئێليزابێت هێدڵى، يەكێک لە دانيشتوانى سانت لوئيز هاوسەرگيریی كرد و دواتر بەرەو فەڕەنسا بەڕێ كەوتن. هەمينگواى كارى پەيامنێریی خۆى بەردەوامى پێ دا و چەند هاوڕێيەكى نووسەر و شاعيرى دۆزينەوە، هەروەها يەكێک لە نووسەرانى بەناوبانگى ئەوكات، فيتز جێڕالد لە ستايیشى هەمينگواى دەڵێت: “من بە ديدێكى ڕێزەوە لە ئێرنست دەڕوانم؛ ئەو لەتێكە لە گەوهەر.”

ساڵى  ١٩٢٤ یەکەمین كۆمەڵەچيرۆكى هەمينگواى بە ناوى لافاوى بەهارى، لە سەر دەستى ماكس پێڕكينز، هەڵەبڕى زيرەک و كارامەى ڕێكخراوى ئێسكريپێنەر قبوڵ كرا و بڵاوبووەوە.

ErnestHemingway-and-cat

كاتێک كە ڕۆمانى خۆر دیسان هەڵدێتەوە بڵاو بووەوە، پێشبينیيەكانى پێڕكينز دروست بوون سەبارەت بە كارامەيىی هەمينگواى، هەروەها ڕەخنەگران دانيان بەوەدا نا كە ڕۆماننووسێكى نوێگەر بە كارامەيیيەكى بێ وێنە خۆى پەلكێش كردووە.

ساڵى ١٩٢٦ هەمينگواى دەكەوێتە داوى ئەوینی كچێكى دانيشتووى ئێركانزاس. ئێليزابێت هێدڵ‌ـیش ئەوى جێهێشت و لە ساڵى ١٩٢٧ لە يەكترى جيابوونەوە. دواتر لەگەڵ پاوۆڵين فايفر كانزاسى هاوسەرگيرىی كرد.

لە سێپتەمبەرى ساڵى ١٩٢٨، يەكەمين نووسراوى كتێبى ماڵئاوايیى لەگەڵ چەک‌ـی بە كۆتا هێنا و دواى دوازدە ساڵ ڕێكخراوى ئێسكريپێنەر ئەو كتێبەى چاپ و بڵاو كردەوە. لە ساڵى ١٩٣٢ بەسەرهاتى هەستبزوێنى مەرگ لە دواى نيوەڕۆـى نووسى. مەرگگەرايى ئەوى تێكدەشكاند. ماكس ئيستمەن لە ڕەخنەيەكى بێبەزەيیيانەى لە سەر كتێبى هەمينگواى ، ئەوى بە گامێشى دوانيوەڕۆ ناوهێنا و گاڵتەى بە شێوازى ئەدەبى و جۆرى ئەندێشە و بيركردنەوەى هەمينگواى كرد.

لە كتێبى تەپۆڵکە سەوزەکانی ئەفريقاـى ساڵى ١٩٣٥، هەمينگواى باس لە نەيارەكانى دەكات و ڕەخنەگران بە مێشوولەى سەر ڕووخسارى ئەدەبی دەشووبهێنێت، كاتێک كە بە سەر ئەندامى ئەدەبدا سەردەكەون، هەروەها زۆرێک لە نووسەرانى نيويۆرك بە كرمى خاكى نێو شووشە هەڵسەنگاند، كاتێک خۆراک لە يەكترى وەردەگرن.

OLYMPUS DIGITAL CAMERA

 

ساڵى ١٩٣٦، كاتێک كە جەنگەكانى ناوخۆ ئيسپانياـیان دابەشى دوو بەرە كرد، هەمينگواى پاڵپشتىی خۆى بۆ حكومەتى كۆمارى لە ئيسپانيا ڕاگەياند، هەروەها بانگهێشت كرا تاكو بەرەو ئيسپانيا بەڕێ بكەوێت، كە بە ئەركى پەيامنێرى جەنگى ڕاسپێردرا بوو. لەگەڵ هاوڕێى ڕۆژنامەنووسى مارتا گێڵهۆرن، لە تارمايیى جەنگدا هاوشانى يەكدى بوون. كاتێک كە پاوۆڵين فايفر دەستپێشخەریی كرد بۆ جيابوونەوە لێى، ئێرنست هەمينگواى دەستبەجێ لە جەنگ دووركەوتەوە و بەرەو كوبا هەنگاوى هەڵێنا و هاوشانى خاتوو گێڵهۆرن لە كێڵگەيەكى نزيك سان فڕانسيسكۆ دو پاوۆڵا نيشتەجێ بوون.

لە بەرواری ٢١/١٠/١٩٤٠، یەکێک لە باشترين كتێبەكانى هەمينگواى بە ناوى گەڕناڵەكان ماتەمينى كێ دەژەنن؟ چاپ و بڵاو بووەوە. ناوەڕۆکی كتێب بە گەرمى باس لە جەنگەكانى ناوخۆی ئيسپانيا دەكات. ناوەندى ڕۆشنبيریى مانگ، ئەو ڕۆمانەى بە باشترين ڕۆمان ناساند. لە هەمان كاتدا ڕێكخراوى سينەمايى پاڕامۆنت، زۆرترين داهاتى بۆ بەفيلمكردنى ئەو ڕۆمانە تەرخان كرد. هەروەها هەمينگواى ئەو كتێبەى پێشكەش كرد بە مارتا گێڵهۆرن، کە لە ساڵى ١٩٤٠پڕۆسەى هاوسەرگيريیان ئەنجام دا. مارتا كە خۆى نووسەرو ژنێكى خاوەن ئەندێشە بوو، لەو خوو و پێداگريیانەى ئێرنست هيلاک ببوو، سەبارەت بەوەى كە دەبێت ئافرەتان لە ژێر فەرمانى پياواندا بن و ڕەگ و ڕيشەيان وەک ئەوان بێت، وە بڕياريدا كە لێى جياببێتەوە. ئێرنست دواى بڕيارى جيابوونەوەى مارتا لە ئەو، هەستێكى خراپ ڕوى تێكرد و دەستى كرد بە مەیخواردنەوە.

كاتێك كە مارتا لە ئێرنست جيا بووەوە، لە ساڵى ١٩٤٥ لەگەڵ چوارەمين ژن بە ناوى مارى وێڵش هاوسەرگيریی كرد.

لە بەرواری ٢٨/١٠/١٩٥٤، خەڵاتى نۆبڵى لە ئەدەب پێ بەخشرا. لەوانەيە كتێبەكانى وەک ئەفسانە لێكچوو و بەردەوام نەبن، بەڵام بە سەرنجێكى كارامە تێڕوانينى خۆى لەم ژيانە پڕ لە ژاوەژاوە باس كردووە، كە ئێمە پێشبينيیەكى بۆ ناكەين.

هەمينگواى بەم شێوەيە ڕاڤە و پەسنی ڕێبازی خۆى دەكات: “ژيان، ئازادى و گەڕان بە دواى شادى.”

ساڵى ١٩٦٠، دواى ئەوەى كە هەمينگواى نەخۆش دەكەوێت و هاوڕێكانى بۆ نەخۆشخانەى دەبەن و تاقيكردنەوە پزيشكیيەكان نيشانی دەدەن كە تووشى نەخۆشىی شەكرە بووە، لە دواى ئەوە واز لە نووسين دەهێنێت و چەند جارێک هەوڵى خۆكوشتن دەدات، بەڵام لە لايەن مارى وێڵش‌ـی هاوسەرى ڕزگار دەكرێت. تاوەكو بۆ جارى سێيەميش هەوڵى خۆكوشتنى دەدات، بەڵام ئەم جارەيان كەس بە فرياى ناكەوێت و لوولەى ئەو تفەنگەی باپیری بۆی کڕیبوو، لە سەر تەوێڵى دادەنێت و دەیتەقێنێت.

لە دواى مەرگى هەمينگواى، چەند لاساييكەرەوەیەک سووديان لە ئەندێشە و گوتارە ڕەخنەييیەكان و تەكنيكى كار و گفتوگۆيە پچڕپچڕەكانى ڕابردووى ئەویان وەرگرت، بەڵام هەرگيز نەيانتوانى لەگەڵ سادەيى و ڕۆشنگەرى و شێوازى كاركردنى ئێرنست هەمينگوايى ڕكابەرى بكەن.

هاوبەشی بکە

Biography, Ernist Hemingway, SaleemJamal,