24/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژیان لەسەر سنوور لە فێستیڤاڵی فیلمی کراکۆف لە پۆڵەندا نماییش کرا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

فیلمی دیکیۆمێنتاریی ژیان لەسەر سنوور لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شەنگال و لە بەرھەمھێنانی بەھمەن قوبادی، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کراکۆف لە وڵاتی پۆڵەندا
نماییش کرا.

فیلمی دیکیۆمێنتاریی ژیان لەسەر سنوور لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شەنگال و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی، کە لە لایەن کۆمپانیای ھۆڵەندیی ئیلۆمینا فیلمس لە سینەماکان و فێستیڤاڵە جیھانییەکاندا بڵاو دەبێتەوە؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، لە سێ شانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵندەکانی پەنجاوشەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کراکۆف لە وڵاتی پۆڵەندا نماییش کرا.

Jiyan Lasar Sonoor La Festivali Filmi Tiburoni Amariki Nmaysdakreyt

ئەم فیلمە ٧٣ خولەکییە سەرەتا کاتژمێر ١٢ـی نیوەڕۆی ڕۆژی ٣٠\٥\٢٠١٦، لە ھۆڵی ژمارە ٢ـی باخچەی ھونەریی ماتۆپۆلێسکی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کراکۆف چووە سەر پەردەی سینەماکان، پاشان کاتژمێر ٥ـی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١\٦\٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ١ و لە کۆتاییشدا کاتژمێر ٩ـی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر لە ھۆڵی ژمارە ٢ نماییش کرا.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان پێک ھاتوون لە کڵاوس ئێدێر، ڕەخنەگری سینەما و سەرۆکی لیژنەی دادوەران لە وڵاتی ئەڵمانیا، کارۆلینا بیلاویسکا، دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی پۆڵەندا، حوسێن کۆریمبھۆی، بەڕێوەبەری ھونەری ی لە وڵاتی ئەمەریکا، ئەمیر لەبەکی، ڕەخنەگر، دەرھێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی بڕازیل و میشێل نوول، دەرھێنەری فیلمی دیکیۆمێنتاری لە وڵاتی فەڕەنسا.

فێستیڤاڵەکە کە یەکێکە لە کۆنترین ڕووداوە سینەمایییەکانی ئەوروپا، بە نماییشی ٢٥٠ فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێ و دەرەوەی پێشبڕکێ، لەوانە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی، بەشی پێشبڕکێی فیلم دیکۆمێنتارییە بڵندەکان، بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلم، بەشی پێشبڕکێی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان، بەشی پێشبڕکێی موزیک لە سینەما، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی فیلمە دیکیۆمێنتارییە نوێیەکان، بەشی چاوخشاندنیک بە بەو بەرھەمانەی کە لە لایەن ئەندامانی لیژنەی دادوەرانەوە ساز کراون، بەشی تەرکیز لەسەر بەرھەمی دەرھێنەرە ناودارەکانی سینەمای جیھانی، بەشی براوەکانی ساڵانی پێشوو، بەشی سەرنج لەسەر سینەمای سوید، بەشی بازاڕی فیلم، بەشی خوێندکارانی خوێندنەوەی شەوانە، بەشی چیرۆکی جیھان، بەشی پانۆرامایەک لە فیلمی پۆڵەندا، بەشی بەڵگەیی و زانست و بەشی دەنگی موزیک، لە ڕۆژانی ٢٩\٥-٥\٦\٢٠١٦ لە شاری کراکۆف لە وڵاتی پۆڵەندا بەڕێوە دەچێت.

ئامانج لە دامەزراندی ئەم فێستیڤاڵە، نماییشی کورتەفیلمی چیرۆکی، دیکیۆمێنتاری و ئەنیمەیشنییە و لە لایەن ئەندامانی لیژنەی دادوەرانەوە خەڵاتەکانی ئەژدیھا و ئەسپی داری بە ھونەرمەندانی سەرکەوتوو پێشکەش دەکرێت، ھەروەھا خەڵاتەکانی ئەنجوومەنی ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتیی سینەمای جیھانی و خەڵاتی فیسک، چەندین خەڵاتی دیکەش لەوانە خەڵاتی پریکس یو ئای پی کڕاکۆف و خەڵاتی ئێف ئای سی سی پێشکەش بە براوەکانی بەشی پێشبڕکێکانی ئەم فێستیڤاڵە دەکرێت.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کراکۆف لە لایەن فیدڕاسیۆنی بەرھەمھێنەرانی سینەما فیاپ، ئاکادیمیای فیلمی ئەوروپا و ئاکادیمیای زانست و ھونەرە سینەمایییەکان بەڕێوە دەچێت و ئەو فیلمانەی کە لەم فێستیڤالەدا ھەڵدەبژێردرێن دەچنە بەشی پێشبڕکێی خەڵاتەکانی سینەمای ئەوروپا و خەڵاتی ئۆسکاـرەوە، ھەروەھا ئەم فێستیڤاڵە لە ئەنجوومەنی فێستیڤاڵەکانی فیلمی ئەوروپا ئەندامە.

ژیان لەسەر سنوور لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، ڕۆژی ١١\٤\٢٠١٦، لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە دیکیۆمێنتارییەکان لە پازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تیبوڕۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نماییش کرا، توانی خەڵاتی مرۆڤدۆستانەـی ئەم فێستیڤاڵە سەربەخۆ سینەمایییە گرنگە بۆ خۆی مسۆگەر بکات و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵکەوە، بە دروشمی “تێگەیشتنی جیھان لە ڕێگای فیلم”ـەوە، خەڵاتی زنجیرەی زێڕینی سینەما بەم ھەشت منداڵەی شارەکانی کۆبانێ و شەنگال پێشکەش کرا. ھەروەھا ئەم فیلمە کوردییە، ڕۆژی ١٠\٤\٢٠١٦، لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی ئەوروپا بە ناونیشانی ئێکۆ لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا، نماییش کرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکیۆمێنتاری ئەم فێستیڤاڵە گرنگە سینەمایییەی پێ بەخشرا.

 

هاوبەشی بکە

BahmanQobadi, ZhyanLasarSnur,