26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژیان و هونەری موزیسیان بێلا بارتووک

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

توانا حەمە

بێلا بارتووک ئاوازدانەر، پیانۆژەن و ئیتنۆمیوزیکوڵوجیست، لەدایکبووى 1881ى وڵاتى هەنگاریایە، ئەو بە یەکێک لە گەورەترین ئەو موزیکدانەرانى سەدەى بیستەم و بە پێشنگەکانى موزیکى مۆدێرن و بە گەورەترین ئاوازدانەرى هەنگاریا هەژمار دەکرێت.  بارتووک لە سەردەمى ئیمپڕاتۆریەتى ئاسترۆ چاوى بە ژیان هەڵهێناوە، بەڵام ئەم دەوڵەتە گەورەیە لە دواى جەنگى جیهانىی یەکەم لە یەکدى ترازاوە و جیا بوونەتەوە.

بارتووک لە تەمەنى 7 ساڵیدا باوکى لە دەست دەدات و لەگەڵ پائولاى دایکیدا پێکەوە ژیانیان بەسەر دەبەن. بارتووک دایکى مامۆستاى ئامێرى پیانۆ بوو، بە هۆکارى ئەوەى کە بارتووک هەر لە منداڵییەوە دووچارى نەخۆشى ببوو، هەمیشە  لە ماڵەوە کاتەکانى هەموو ساتەکانى بە گوێگرتن لە پیانۆژەنینى دایکى بەسەر دەبرد.

دواتر بارتووک زیاتر پەرە بە موزیک دەدات و تا دواجار پەروەردەى موزیکى لە ئەکادیمیاى شاهانەى بۆدابێستى هەنگارى تەواو دەکات.

bartok-bela

دواى ئەوەش بە ناونیشانى پیانۆژەن دەست بە کارکردن دەکات و هاوکات دەستى بە سەرەتاکانى ژیانى موزیکدانانى دەکات.

ئەو یەکەمین کارى دانراوى بە ناوى لاجووست کشوت  دادەنێت، کە باس لە پاڵەوانێکى میللىی شۆڕشى هەنگارى دەکات.

دواجار لە ساڵى 1907 بە ناونیشانى مامۆستاى پیانۆ لە ئەکادیمیاى بودابیست دادەمەزرێنێت و بۆ ماوەى 25 ساڵ لەم ئەکادیمیەدا کار دەکات.

بارتووک تەنیا بە کارکردن لە نێو دنیاى موزیکدانان و پیانۆژەنیندا، بەهرەکانى قەتیس ناکات، بەڵکو لە بوارى کارکردن و کۆکردنەوەى موزیکى گەلان و فۆلکلۆرى نەتەوە ئەوروپى و نائەوروپییەکان دەستێکى باڵاى هەبووە. ئەوەى کە زیاتر بارتووکى بەرەو دونیاى زانستى ئیتنوموزیکولوجى پەلکێش کرد، بۆ  ساڵی 1904 دەگەڕێتەوە، کە لە کاتێکدا بۆ مەبەستى ڕاهێنانکردن لەسەر موزیک لە سلۆڤانیا دەژیا، هەمیشە دەنگى گۆرانىچڕینى ژنان سەرەنجى ڕادەکێشا. هاوکات گفتوگۆکردنى بارتووک بە لیدى دوپ دەربارەى ئەو ئاوازانەى کە دەیانزانیت، هۆکارێکى دیکە بوو، بۆ ئاڕاستەى کارکردنى بارتووک بەرەو دونیاى موزیکى فۆلکلۆرى.

دواجار هەر ئەمە بووە زەمینەک کە بە هاوکارى زوڵتان کۆدالى کە ئەویش یەکێکە لە موزسیان و دانەرە دیارەکانى سەدەى بیستەم، دەست بە کارکردن لەم بوارى موزیکناسىی گەلاندا بکات.

لە سەرەتادا ئەو بە بنەما باوەکانى سونەتى موزیکناسىی بەراوردکارى و بە سوودوەرگرتن لە ئامێرى گرامافۆن کارى دەکرد، کە سەرەتاى هەنگاوى گرنگ بوو، بۆ دەستکەوتنى مادەى خامى ڕەسەنى موزیکى فۆلکلۆرى لە ڕۆژهەڵاتى ئەوروپا.

بارتووک توانى زۆر بە سەرکەوتوانە زۆرترین موزیسیانی هەنگارى کۆ بکاتەوە.

LEAD Technologies Inc. V1.01

لە کۆتاییدا کارکردن و لێکۆڵینەوە و گەڕانە مەیدانییەکانى بارتووک لە چوارچێوەى سنوورى موزیکى فۆلکلۆرى هەنگارى نەمایە و بەڵکو بە مەبەستى کۆکردنەوەى موزیکى چەندین گەشت ئەنجام دەدات، لەوانە:

 لە ساڵى 1906 دەکاتە دوورگەکانى ڕۆمانیا، سۆلۆڤانیا.

 لە ساڵى 1936 سەردانى تورکیاى کردووە کە زۆر کارى لە ناوچە کوردییەکان و لەچەندین کۆنفرانسى نێو نەتەوەى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کردووە.

بارتووک بە هۆکارى گەشەسەندن و بەرفراوانبوونى نازیزم و ناسەقامگیرىی ئەو سەردەمەى ئەوروپا، بە ناچارى بیرى لە بەجێهێشتنى هەنگاریا دەکاتەوە.

سەرئەنجام لە ساڵى 1940 لە ڕێگەى دەریاوە ڕوو لە ئەمەریکا دەکات، پاش 5 ساڵ ڕەگەزنامەى ئەمریکى پێ دەدرێت. .دواى جێهێشتنى وڵاتەکەى لە زانکۆى کۆڵۆمبیا لە بوارى موزیکى سڕبى – کرواتى  لە وانەگوتنەوە و ئاوازدانان بەردەوام دەبێت.

بارتووک بە تاکە دانەر دادەنرێت کە تێڕوانینەکانى و ناسنامەکەى وابەستەیە بە موزیکى فۆلکۆرى گەلان، ئەو دەربارەى موزیکى فۆلکلۆرى و میللى تیڕوانینەکانى خاوەنى دەیان گوتار و لێکۆڵینەوە یەو لە یەکێک لە باسەکانیدا بەم جۆرە دەربارەى کارکردن لە بوارى موزیکى فۆلکلۆر و دانراوەکانى دەدوێت: “کەسانێکى زۆر وا بیر دەکەنەوە کە بە هارمۆنىکردنى میلۆدىی میلى و فۆلکلۆرى کارێکى سادە و ئاسانە و کارکردن لە نیو تێماکانیدا بە ئارەزووى خۆت نییە، بەڵام ئەم تێروانینە بە تەواوەتى هەڵەیە، کارکردن لەسەر گۆرانى میللى و فۆلکلۆرى سەختترین کارى دەوێت.”

بارتووک لە کۆتایى تەمەنیدا بە نەخۆشىی شێرپەنجەى خوێن لە گوزەرانێکى زۆر خراپ و بیماریدا ژیانى بەسەر دەبرد و زۆربەى کاتەکانى کۆتا مانگەکانى تەمەنى لە نەخۆشخانە بەسەر دەبرد بەڵام هاوکات سەرقاڵى کارکردن و نووسینى کۆنسیرتۆى ژمارە سێ بوو، پێشمەرگیى تەواوى کرد و تا دواجار لە لە ١٦/٩/١٠٤٥کۆچى دواىی دەکات و تەرمەکەى لە نیوۆرک بە خاک دەسپێرێت.

 بەڵام دواتر لە ساڵى 1988 لە لایەن کوڕەکەیەوە تەرمەکەى بۆ زێدى خۆى لە بودابێست گواستەوە.

کلیک لێرە بکە:

سەرچاوە:

  • بیلا بارتوک، 1377، مقالە دەربارە موسیقى محلى ، ترجمە: سیاوش بینایى، تهران انشارات بارتوک، بیلا.

ترجمە: تبیچاى – سیاوش، تهران، 1378 (ئەم کتێبە چەند گوتارێکی بیلا بارتووک‌ى خۆى گرتووە، کە بیروڕاکانى ئەوە دەربارەى موزیکى فۆلکلۆر و میللی.)

  • جین فریس موسیقی ھنر شنیدن، ترجمە: کتایون ێارمی چاپخانەی مشعل: ١٣٨٥، ل 478، 2003

 

هاوبەشی بکە

Bela Barork, TwanaHama,