26/04/2024
DidiMn Logo
Top

کاریگەریی کلتووری عەرەبی لە پێشاندانی دراماکان لە مانگی ڕەمەزاندا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من ئاراس عەبدولڵا

هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا، کە مانگێکی تایبەتە بە مسوڵمانان، زۆرینەی کەناڵە تەلەفیزیۆنییە کوردییەکان، بەتایبەتی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەم مانگە. لەچوارچێوەی ئەم خۆ ئامادەکردنەی تیڤییەکاندا، ژمارەیەک درامای تەلەفیزیۆنی ئامادەدەکرێت و لە یەک مانگدا بۆ بینەرانی کورد نماییش دەکرێن.

لەسەر ئەم بابەتە، بەشێک لە هونەرمەندان پێیان وایە؛ ئەم ئامادەکارییە لە مانگی ڕەمەزاندا لەناو کلتووری عەرەبەوە هاتووەتە ناو تیڤییەکانی کوردستانەوە و بەکارێکی خراپی دەزانن، هاوکات دەرهێنەری یەکێک لەو درامایانەی کە لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا پێشان دەدرێت گوتی: من دراماکەمم بەتایبەتی بۆ ئەم مانگە دروست نەکردووە، بەڵکو لەناو پرۆگرامی کەناڵەکەدا وایان دانا. لەلایەکی دیکەوە هونەرمەندێک ئاماژە بە خراپیی ئەو جیاکاری و ئامادەکارییە تایبەتە بە بۆنەیەکی ئایینی دەکات و قسە لەسەر ئاستی مەعریفیی ئەو هونەرمەند و نووسەرانە دەکات، کە بەتایبەتی بۆ بۆنە و مانگێکی ئایینی کارەکانیان بەرهەم دەهێنن، هەموو ئەم بۆچوونانە لەم ڕاپۆرتە تایبەتەی دیدی من-دا بخوێننەوە:

Sketch17504435

گەزیزە عومەر دەرهێنەری درامای (هەنگاوەکانی سەر خۆڵەمێش) کە لەمانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا پەخش دەکرێت، دەربارەی ئەم بابەتە بە دیدی منی ڕاگەیاند: “ئەم درامایە بەتایبەت بۆ مانگی رەمەزان نەکراوە، بەڵکو ئەم بەرهەمە لە سالی ٢٠١٣ دەستکراوە بە وێنەگرتن و کاری مۆنتاژی لە ٢٠١٤ تەواوبووە، بە هۆی بارودۆخی دارایییەوە مەسەلەی پەخشکردنی دواکەوت، وەک نەریتی هەموو تیڤییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، دیارە تیڤییە کوردییەکانیش پییانخۆشە لەو مانگەدا بەرهەمیان هەبێت، چونکە زۆرترینی خێزان لە مانگی رەمەزاندا لە تیڤییەکان کۆدەبنەوە.”

دەربارەی کلتووری پێشاندانی دراما لەمانگی ڕەمەزاندا لەلای تیڤییە کوردییەکان، نووسەر و شانۆکاری دێرین ئەنوەر قادر ڕەشید بۆ خوێنەرانی دیدی من، گوتی: “لە راستیدا بە نەریتکردنی نماییشکردنی دراما لە مانگی رەمەزاندا، دەگەڕێتەوە بۆ  بەکلتوورکردنی ئەو دیاردەیە لەلایەن میدیای عەرەبییەوە. رەنگە پاساویش ئەوە بێت؛ کە لە مانگی رۆژوودا خەڵکی زیاتر گرێدراوی ماڵ بن، هەرچەندە بە هۆی بێتاقەتی و ماندوبوونی رۆژەوە، خەڵکی زیاتر بە شەو روو لە باخ و شوێنە گشتییەکان دەکەن، هەندێکیش شەو بە تەراویح کردن لە مزگەوتەکاندا بەسەر دەبەن، بەهەرحاڵ؛ ئەگەر بە درێژایی ساڵ درامای نوێ هەبوونایە، ئەوە لە رەمەزانیشدا ئاسایی بوو درامای نوێ نماییش بکرێن، بەڵام لە ساڵێکدا چاوەڕێی مانگێک بین و ئەویش بە پەلەپڕوزێ چەند بەرهەمێک ئامادە بکرێن و بێ خۆ ئامادەکردنی تەواو پێشکەش بکرێن، ئەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی بینەر لە درامای کوردی.”

anwar qadr rashid

هەر سەبارەت بەم بابەتە، هونەرمەند شوان کەریم، مەترسیی ئەم دیاردەیە گەورەتر دەبینێت و ڕوونیدەکاتەوە: “کۆلکە هونەرمەند ئەوەیە کە ڕووکەشیانە دەڕوانێتە ژیان. بەرپرسیارێتی و قوڵبوونەوە، دوو وشەی نامۆن بە ئەو. لێرەوە دروستکردنی هونەر دەبێتە پڕۆژەیەکی بەتاڵ لە مەعریفە، بەتاڵ لە دیالۆگێکی عەقلانی لەنێوان خۆی و وەرگردا. دەبێتە شوێن و دەرفەتێک بۆ خۆ بەتاڵکردنەوەیەکی دەرونی. ‌لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئایین ڕۆژ بە ڕۆژ چنگ دەخاتە هەموو بوارێکەوە و مێژوویەکی خوێناوی و پڕ لە زەبروزەنگ بەدوای خۆیدا ڕائەکێشێت، حیزبی توندڕەو و میلیشیایەک لە مەلا و سەلەفیەت دەخاتە ژیانمانەوە. ئا لێرەدا ئەرکی هونەر چیە؟ ئەم پرسیارە هەر کەسێک بە پێی تێگەیشتن و جیهانبینیی خۆی وەڵامی دەداتەوە، بەڵام هەموومان لێی بەرپرسیارین و ناکرێت نەیبین.”

ئەو هونەرمەندە درێژە بە قسەکانی بۆ دیدی من دەدات و دەڵێت: “هەموو بەپیرۆز کردنێک، جیاکردنەوە و تایبەتکردنێکی بۆنەیەکی ئایینی لە خزمەت ئەو دەسەڵاتە دینییەدایە کەوەک شێرپەنجە تەشەنە دەکات. من هەرجارێک لە یەکێک لەو دەرهێنەرانەم پرسی بێت بۆ لە ڕەمەزاندا بەرهەمەکەت پێشکەش دەکەیت؟ ئەم چەند وەڵامە سواو و سادە و دوور لە هونەرییانەم بیستووە (کەناڵەکە وای دەوێت، بینەری دراما لە ڕەمەزاندا زۆرترە، دەمەوێت زۆرترین بینەری هەبێت). “

11665533_10204369217726432_3536769140617750299_n

ناوبراو گوتیشی: “‌سواڵکردنی بینەر و ڕازیکردنی میدیای حیزبی و هەوڵی بەناوبانگبوون، وەرگێڕانێکی ڕاستیی ئەو بیانوانەن کە باسمکردن، ئەمانە نەک بیر لەو مەترسیانە ناکەنەوە کە بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی ئاین چ کارەساتێک دەخاتەوە، بگرە هێندە کاڵفام و نا هونەریین، کە هەندێک شەڕیان بووە لەسەر ئەوەی بەرهەمی کامیان پێشکەش بکرێت لە ڕەمەزاندا، پاشان شەڕی سەعاتی نماییشکردنیان کردوە، دەرهێنەری وا هەیە بەساڵ بەرهەمەکەی دوا دەخات، بەو مەرجەی لەو مانگەدا پیشان بدرێت. لە کۆتایدا ئێمە قسە لە چی دەکەین؟ من گومانم هەیە لە ئاستی هونەریی و مەعریفی هەموو ئەو نووسەر و دەرهێنەرانەی لەو مانگەدا بیری درامایان دەکەوێتەوە. ئینجا ئاستی هونەریی ئیشەکان لەولاوە بوەستێت کە جێگای بەزەیین.”

بەشێک لە دەرهێنەران هۆکاری ئەوەی کە لە سەرجەم مانگەکانی ساڵدا تەلەفیزیۆنەکان دراما پێشکەش ناکەن، بۆ خراپیی بواری بەرهەمهێنانی هونەری دەگێڕنەوە، دەربارەی ئەم بابەتە گەزیزە عومەری دەرهێنەر ئاماژە بە خراپیی بواری بەرهەمهێنانی دراما لە کوردستان دەکات و دەڵێت: “درامای کوردی زۆر لە ئاستێکی سەرکەوتوودا نییە، لەبەر ئەوەی مەسەلەی بەرهەم هێنانی دراما هەژارە. نەبوونی یان کەمیی کۆمپانیای تایبەتی بەرهەم هێنان ئێمەی ڕووبەڕووی زۆر کێشە کردووەتەوە، دەنا دەبوو تیڤییەکان بەردەوام خۆیان خەمخۆربن بۆ پەخشکردن و بەرهەمهێنانی درامای کوردی، بەڵێ خۆزگە ئەوەندە کاری درامی هەبووایە بە درێژایی ساڵ پەخش بکرایە.”

نەبوونی فیلتەرێکی بەهێزی هونەری و پەروەردەیی بۆ دراماکان یەکێکی دیکەیە لەو ڕەخنانەی لە تیڤییەکان دەگێرێت، ئەنوەر قادر ڕەشیدی نووسەر لەوبارەیەوە دەڵێت: “بۆ پشتگیریی درامای کوردی و بەردەوامیی، پێویستە بەر لە نماییش کردنی، بە فلتەرێکدا بڕوات کە کەسانی پیشەیی لە هەموو لایەنەکانی بکۆڵنەوە (بەتایبەت لایەنی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و هونەریی) و بڕیار لەسەر نماییش کردن و نەکردنی بدەن.”

 

هاوبەشی بکە

Anwar Qadir Rashid, ArasAbdulla, Gaziza Omar, Shwan Karim,