19/04/2024
DidiMn Logo
Top

کتێبی نامەکانی دۆستۆیڤسکی بڵاو كرایه‌وه‌

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منشەرقلئەوسەت

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: زرار حەمید

بەم دواییانە، کتێبی نامەکانی دۆستۆیڤسکی بە زمانی فەڕەنسی بڵاو بووەوە، کە لە لایەن پ. جاک کاتۆ، شارەزای ئەدەبیاتی ڕووسییەوە، پێشەکیی بۆ نووسراوە. نامەکان زیاتر ئەو نامانەن کە دۆستۆیڤسکی بۆ میخائیلی براگەورەی ناردووە لە کاتی زیندانیکردنی و دوای ئازادبوونی. بەو پێیەی کە پەیوەندیی نێوان دۆستۆیڤسکی و میخائیل پەیوەندییەکی بەھێز بووە، لە نامەکاندا زیاتر باسی ژیانی ناو زیندان و ئەو بارودۆخە دەروونییە دەکات کە زیندانییەک تێیدا دەژی.

ئەمەی خوارەوە، یەکێکە لەو نامانە:

نامەی دۆستۆیڤسکی بۆ میخائیلی برای
قەڵای بیترس و بولس، ٢٢ی دیسەمبەری ١٨٤٩

براکەم، ئەی ھاوڕێی ئازیزم،

من چارەنووسم یەکلایی بووەوە. سزادرام بە چوار ساڵ زیندانی، لەگەڵ ئیشی قورس لە زیندانی سیبیریا. پاش دەرچوونیشمم لە زیندان، من کەسێک دەبم کە بێبەش دەکرێم لە مافە شارستانییەکان لەناویاندا مافی نووسین بۆ ماوەی شەش ساڵ.

با چیرۆکەکەت بۆ بگێرمەوە لە سەرەتاوە تا کۆتایی… سەرەتا ئێمەیان گواستەوە بۆ حەوشەی ھۆڵە گشتییەکە و فەرمانی لەسێدارەدانیان بەسەردا خوێندینەوە و دوایی فەرمانیان کرد کە خاچەکە ماچ بکەین و کۆتەکانیان شکاندین و جلێکی تەواو سپییان لە بەر کردین. ئێمەیان وەک مردوویەک تەماشا کرد، سێ کەس سێ کەس ئێمەیان لەسەر دیوارێکی نزم ڕیز کرد و ئامادەیان کردین تاکو گولـلەبارانمان بکەن. من شەشەم کەس بووم لە دووەم ڕیز، کە دەبوو فەرمانی سێدارەی لەسەر جێبەجێ بکرێت. ژیانی من تەنیا یەک خولەکی مابوو، لەو کاتەدا من بیرم لە تۆ دەکردەوە، براکەم، لەو کاتە سەختەدا کە چەند چرکەیەکم مابوو، تەنیا تۆ لە خەیاڵم بوویت. ئەوکات زانیم کە من چەندەم تۆ خۆش دەوێت، ئەی برای خۆشەویستم. بەڵام لە کۆتا ساتدا، گوێمان لە دەنگی دەھۆڵ بوو، پێیان ڕاگەیاندین ئێمە بەر لێخۆشبوونی پادشا کەوتووین، کە ئەمەش دیسان ژیانی بە ئێمە بەخشییەوە.

تۆ دەتوانی ئەم ساتە بێنیتە پێشچاوی خۆت؟ کێ دەتوانێت ئەم ساتە بێنێتە پێشچاوی خۆی؟

سەرەرای ھەموو ئەو شتانەی بەسەرم ھات، من ھێشتا ئازایەتی و ھیوام لەدەست نەداوە، ژیان لە ھەموو شوێنێک ھەر ژیانە، ژیان لە ناخماندایە نەک لە دونیای دەرەوە

براکەم بۆ من مەگری، تکایە مەگری. ھاوسەرەکەت و منداڵەکانت ماچ بکە و باسی منیان بۆ بکە، تاکو لەبیرم نەکەن، نەوەک رۆژێک پێک شاد بینەوە. ھیچ کاتێک وەک ئێستا ھەستم بەم نامۆییبوونەی ڕۆحم نەکردووە، کە لە ناو مندا دێت و دەچێت، بەڵام ئایا جەستەی من بەرگەی ئەم مەینەتییە دەگرێت؟ ئەمە پرسیارەکەیە. لێی گەڕێ بۆ خودا. مەترسە براکەم، من بەرگەی ئەمەش دەگرم و دەژیم بە لاشەیەکی نەخۆشەوە. پێشتر ژیان ھێندەی مەینەتی و دەردی بەسەر ھێناوم، کە ئیدی ھیچ شتێک نامترسێنێت، چی دەبێت با ببێت… لە نزیکترین دەرفەتدا ھەواڵی خۆمت پێ دەدەم

بەڵام میخائیل، تۆ ئەمەت پێ ڕەوایە کە من چیتر ھیچ نەنووسم؟ یانی ژیانی ئەدەبیی من وا زوو کۆتایی بێت، لە کاتێکدا من لە سەرەتای سەرەتادام؟ ئای براکەم! ئەم ھەموو شتە جوانە، ئەم ھەموو بیرۆکە و وێنە جوانانەی ناو سەرم، ھەموو دەمرن، ھەموویان دەبنە ھەوا و دەچن بە ئاسماندا، گەر ڕێگریی نووسینم لێ بکەن… ڕاستیت بوێت، من دەمرم. بەڵێ دەمرم، گەر ڕێگریی نووسینم لێ بکەن.

براکەم، سەبارەت بە ھەموو شتێک بۆم بنووسە، تەنانەت سەبارەت بە شتە بێنرخەکانیش بۆم بنووسە، بەتایبەت سەبارەت بەو شتە ئاساییانەی ڕوو دەدەن، ھەموو ئەو شتانەی ڕۆژانە ڕوو دەدەن، باسی ھەموویانم بۆ بکە. من لێرە لە ژیان دابڕێندرام، من لێرە تەواو نامۆم. کاتێک من سەبارەت بە ئازارەکانی خۆم بۆت دەنووسم، بۆ خاتری ئاسمان بۆ من مەگری. ئەوە بزانە کە من دەستبەرداری ئازایەتیی خۆم نابم و بێئومێد نابم…  لە دوا ساتەکانی ژیانم، لە چەند ساتی پێش لەسێدارەدانم، دەمزانی کە ھەوالی مردنم تۆ دەدات بە زەویدا، دەمزانی… بەڵام ئەو ساتە تێپەڕی و چیتر پێویست بە ترس ناکات، من دووبارە لەدایک دەبمەوە. کەس مانای ژیان نازانێت، ئەو کەسە نەبێت کە لەدەستی داوە، یان خەریکە لەدەستی دەدات. من خەریکم بیر لە ساتەکانی ڕابردوو دەکەمەوە، لە کاتەکانی بێئیشی و ئەو کاتانەی شتێک نەبوو بیکەم، ئەو ھەلانەی لەدەستم چوون. من چەندە ھەڵەم کرد بەرانبەر بە خۆم و بە ڕۆحم… ژیان دیارییەکە، دیارییەکی بەنرخە، نرخی نازانین تا ئەو کاتەی دەکەوێتە مەترسییەوە … ئەم جارە من ژیانی خۆم دەگۆڕم، من بە جۆرێکی تر لەدایک دەبمەوە.

هاوبەشی بکە

Fyodor Dostoyevsky, nama, Writer,