26/04/2024
DidiMn Logo
Top

کتێبی یەکەمین ڕووناکی بە زمانی کوردی، بە شێوەی کتێبی ئۆنڵاین بڵاو دەبێتەوە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منساڤان ئاکۆ

 

فۆتۆئەلبوومی یەکەمین ڕووناکی بە کوردی، جیاواز لە بڵاوکراوەکانی دیکە بە شێوەی ئۆنڵاین و بێبەرانبەر لە لایەن وەرگێڕەکانیەوە لە 18ی نۆڤەمبەری 2017 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە.

سێ وەرگێڕی گەنج کاریان لە بەکوردیکردنی ئەم بەرهەمەدا کردووە، ئەوانیش: هەڵۆ بەدری، کانیاو سوعاد و کەژان سروە. کەژان سروە یەکێکە لە وەرگێڕەکانی ئەم بەرهەمە، سەبارەت بەو پەیامەی کە دەیانەوێت لە ڕێی وەرگێڕانی ئەم فۆتۆئەلبوومەوە بیگەیەنن، بۆ دیدی من گوتی: “لەم فۆتۆئەلبوومەدا ھەر یەکێک لە کارەکتەری ناو وێنەکان خاوەن چیرۆکێکی جیاوازن و چەند پەیامێکی جۆراوجۆر دەگەیەنن. ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە خوێنەر لە ژیان و گوزەران و چۆنێتیی بیرکردنەوەی ئەو کەسایەتییانە تێبگات کە وەکو ھەژار و کەمدەرامەت دەژین، ھەروەھا لە کۆمەڵگەدا ڕەنگە بە شێوەیەک لە شێوەکان بێڕێزییان بەرانبەر بکرێت و بە چاوێکی کەم سەیر بکرێن. لە ڕێگەی ئەم فۆتۆیانەوە دەتوانین ئەو لایەنە شاردراوەیەیان ببینین کە کەسانێکی کەم ھەوڵی بینینیان دەدەن، ئەوانیش وەک ھەموو مرۆڤێکی دیکە خاوەن ھەست و کەسایەتیی تایبەت بە خۆیانن و چەندین ئاوات و خۆزگەیان ھەیە”. هەروەها کانیاو سوعاد یەکێکی دیکەیە لە وەرگێڕەکان، گوتی: ”میدیاکانی جیهان و بەگشتییش هونەری فۆتۆگرافی، بەردەوام لە پێشبڕکێی ئەوەدان جوانترین وێنەکانیان نمایش بکەن، بەدەگمەن ڕوو دەدات فۆتۆگرافەرێک لە هەناوی ئەمانەوە بێتە دەرەوە و جوانی و ئازار و تێکۆشانە زۆرەکانی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت لە ڕێگەی وێنەوە پیشانی جیهان بدات. ئاکاش تەنیا بە وێنە نا، بەڵکو لەگەڵ چرکاندنی هەر وێنەیەکدا داوا لە کەسی نێو وێنەکە دەکات چیرۆکەکەی بۆ بگێڕێتەوە و دواتریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان بکاتەوە. بەم هۆیەشەوە زۆر کەس لە لایەن خێرخوازانی جیهانەوە کۆمەکیان بۆ دەنێرن و چیتر لەو کولەمەرگییەدا ناژین. باشیی ئاکاش لەوەدایە کە هەژاری و لە پەنادا تێکۆشان و کرێکاریمان پیشان دەدات، مامەڵە لەگەڵ خەڵکانێک دەکات کە تا ڕادەیەکی زۆر پەراوێزخراون.“

لە بارەی ڕێ و شێوازی بڵاوکردنەوەی فۆتۆئەلبوومەکە هەڵۆ بەدری دەڵێت: ”بە داخەوە قەرار وا بوو ئەم کتێبە لە کتێبفرۆشی ڕەنج چاپ و بڵاو بکرێتەوە، بەڵام لەبەر نەبوونی داهاتی تەواو بۆ چاپکردنی، بڕیارمان دا لە ڕێگەی پی دی ئێفەوە بڵاوی بکەینەوە.“ هەروەها دەڵێت: ”ئەم کتێبە هیچ مافێکی پارێزراو نییە، بە پێچەوانەوە سوپاسی هەر کەس و لایەنێک دەکەین لای خۆیەوە چۆنی پێ باش بوو ئەم کتێبە بڵاو بکاتەوە تا زۆرترین خوێنەر لە ئازار و نەهامەتی و هەژاری و بێلانەیی ئەو کاراکتەرانەی ناو فۆتۆکان ئاگادار ببنەوە.“

جی ئێم بی ئاکاش، فۆتۆگرافەرێکی بەنگلادیشییە. تاکو ئێستا زیاد لە سەد خەڵاتی نێودەوڵەتی لەسەر کارەکانی وەگرتووە و کارەکانی لە چەندین بڵاوکراوەی جیهانیدا بڵاو کراوەتەوە و پەخش کراوە، هەروەها لە ساڵی 2013دا لە بەنگلادیش پەیمانگەیەکی بە ناوی یەکەمین ڕووناکی دامەزراندووە کە ئێستا لە سەرانسەری جیهانەوە سەدان خوێندکاری هەیە. لە فۆتۆئەلبوومی یەکەمین ڕووناکیدا ئاکاش چیرۆکی ژیانی هەر یەکێک لە کاراکتەرەکانی ناو فۆتۆکانیمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئاکاش دەڵێت: ”خۆم بە خۆشبەخت دەزانم کە بووم بە فۆتۆگرافەر تا بتوانم ئەزموونی دەنگە نەبیستراوەکان بگەیەنم، پێشەنگکردنی ناسنامەکانیان مەبەست و مانا دەدات بە ژیانی من. لە ڕێی فۆتۆگرافییەوە تەنها زمانی دڵم دەنووسمەوە.“

 

خوێنەران دەتوانن لەم لینکانەی خوارەوە فۆتۆئەلبوومەکە دەستبخەن:

كرته‌ لێره‌ بكه‌ بۆ خوێندنەوەی فۆتۆئەلبوومەکە

كرته‌ لێره‌ بكه‌ بۆ داگرتنی فۆتۆئەلبوومەکە

هاوبەشی بکە

GMB Akash, Kteb, Photography, Yakamin Runaki, كتێبی دیدی من,