25/04/2024
DidiMn Logo
Top

کتێبێک دەربارەی پەیوەندیی نێوان موزیک و سیاسەت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئاراس عەبدولڵا

موزیک و سیاسەت، ناوی کتێبێکی نووسەر و توێژەری بواری موزیک، توانا حەمەیە و بەم نزیکانە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. ئەم کتێبەی نووسەر بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی موزیک و سیاسەت لە باشووری کوردستان و تیپی موزیکی شەهید کارزانیشی بە نموونە وەرگرتووە بۆ لێکۆڵینەوەکەی.

لە پێشەکیی کتێبەکەیدا کە کۆپییەکی بۆ دیدی من نێردراوە، نووسەر نووسیویەتی: “ئاشکرایە بە درێژایی مێژووی گەلانی جيهان کلتووری هونەر ڕۆڵی گرنگی لە سەرجەم کایەکاندا گێڕاوە و لە نێو پایەکانی کلتووریشدا هونەری موزیک کاراکتەرێکی دیاری نێو کایە فەرهەنگییەکان بووە. لەم نێوەندەدا سياسەت و موزيک لە نێو گەلی کورددا ھەر لە دیرۆکەوە تا ئێستا پەیوەندییەکی پتەو و کارايان لەنێواندا هەبووە. بەڵگە بۆ ئەمە دەبینرێت بەشێکی زۆری دیرۆکی قارەمانی، نشوستی و سەرکەوتنەکانی گەلی کورد لە ڕێگەی دەماودەم و بە شێوەی گۆرانی، سەربوردە، لاوک، سياچەمانە، بەیت و لاوانەوە پارێزراوە و دواتر قۆناغ دواى قۆناغ نەوەيەک بۆ نەوەيەكى دى گواستووەتەوە. دواجار بە پێی قۆناغەکانی گەشەسەندنی ژیاری کۆمەڵایەتیی گەلی کورد، ئەم پەیوەندییە بەھێزتر بووە و گەشەی زیاتری کردووە.”

13886448_1360598543970303_725773827785538008_n

دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە، توانا حەمە نووسیویەتی: “لێرەدا و لەم توێژینەوەیەدا، دەمەوێت تیشک بخەمە سەرھەندێک لایەنی پەیوەندیی موزیک لە سیاسەتی کوردیدا، بەتایبەت لە چوارچێوە و لە سنووری باشوری کوردستاندا باسەکان چڕ دەکەمەوە. گەرچی تا ڕادەیەک تێکەڵکردنی موزیک و سیاسەت لە نێو کۆمەڵگا=ەی کوردیدا خوازراو نییە وا بە باش دەزانرێت، کە سیاسەت بۆ سیاسەتوان و ھونەر بۆ ھونەرمەندان بێت، بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا گفتوگۆکردن لەمەڕ موزیک و سیاسەت بابەتێکی نوێ نییە، بەڵکو لە زانستەکانی مێژووی موزیک و ئێتنۆموزیکولۆجیدا، سەدان گوتار و لێکۆڵینەوەی لە سەر نووسراوە و بە پێی تایبەتمەندیی نەتەوە جیاوازەکان شرۆڤەی جیاواز لە سەرئەم باسگەلە کراوە.”

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: “ئەوەی جێی باسە لە سەرجەم لێکۆڵنەوەکاندا بە گرنگییەوە ڕۆڵی موزیک و کاریگەرییەکانی خراونەتە ڕوو، کە زۆر جار موزیک وەک ئامڕازێک بۆ بەرەنگاربوونەوە و جۆشدانی شۆڕش، یان بە مەبەستی خزمەتکردنی ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی یان ئایینی دیاریکراو بە کار براوە. دەریەنجام ئەوە خراوەتە ڕوو، کە موزیک چۆن وەک ئامڕازێک خۆی لە ئامانجە دیاریکراوەکانی داوە و بەشێکی زۆری لە ئامانجەکانی پێکاوە. بە هۆکاری ڕاڤەنەکردن و دیالۆگنەکردن لەمەڕ ئەم باسگەلانە لە نێو موزیککارانی کوردستاندا و دەگمەنی یان نەبوونی بابەتی زانستی بە زمانی کوردی، هەر ئەمەیە بۆتە گرفتی سەرەکی بۆ قسەکردن لە سەر موزیک و سیاسەتی کوردی بە شیوەکی ئەکادیمی و زانستییانە، ھەروەھا لە زمانی گەلانی درواسیشدا، کەمترین بابەت لە سەر ئەم پرسە بەرچاو دەکەون.”

11951852_1131709343525892_1087563448820891623_n

لەکۆتاییدا نووسەر ئاماژە بە نموونەکەی دەکات و دەڵێت: “بە گرنگم زانی تیپی موزیکی شەهید کارزان بکەمە نمونەیەکی شیکاریانە بۆ ئەم باسە، دواتر هەوڵەکانم لە رێگەی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەندێک لە کاراکتەرە دیارەکانی نێو ئەو تیپە موزیکییە دەست پێ کرد، کە لەسەردەمی شۆرشی نوێدا ڕۆڵیان لە موزیک و گۆرانیی سیاسیدا هەبووە. گەرچی خوازیار بووم سەرجەم ئەندامانی ئەم تیپە وەک نموونەیەک بۆ تیگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان موزیک و سیاسەت سوودیان لێ وەربگرم، بەڵام بە داخەوە زۆرێك لەو کەسانە یان لە ژیاندا نەماون یاخود لە کوردستاندا ناژین و لە دەرەوەی ووڵات ژیان بەسەر دەبەن. بەڵام سەرەڕای ئەم گرفتەش بە ھەوڵ و کۆششێکی زۆر توانیم چەندین چاوپێکەوتن لەگەڵ ھونەرمەند و دەستەی دامەزرینەران و ئەندامانی تیپەکە ئەنجام بدەم، ھاوکات لەڕێگەی پەیوەندیگرتنەوە، بەشێک لە دیرۆک و ئایدیای ئەم تیپە موزیکییەی شۆڕشی نوێ بەدەست بخەم. بە ئومێدی ئەم بابەتە ببێتە ھۆی کراونەوەی دەروازەیەکی بچووک لەمەڕ ئەم باسگەلە گرنگە لە موزیکی کوردیدا و زۆر باسی دیکە بە دوای خۆیدا بهێنێت.”

توانا حەمە،  ژەنیاری ئامێری ڤایۆلین  و ئێتنۆموزیکۆلۆجیستە و دەرچووی بەشی موزیکە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی و کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانییە. تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ گوتاری دەربارەی موزیک لە بڵاوکراوە کوردییەکان بڵاو کردووەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ کتێبێکی بە ناوی چەمکی ئەوانی دی لە موزیکی کوردیدا چاپ کردووە و کتێبی موزیک و سیاسەت دەبێتە دووەمین کتێبی ناوبراو کە بڵاو دەکرێتەوە.

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Music, Politics, TwanaHama,