19/04/2024
DidiMn Logo
Top

کورتەیەک لە ژیانی شاعیری مەزنی ئەمریکی، واڵت ویتمان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق

واڵت ویتمان لە ٣١\٥\١٨١٩ لەدایک بوو، دووەم کوڕی واڵتەر ویتمان و لوسیا ڤان ڤێکسۆر بوو، کە خاوەنی نۆ منداڵ بوون. باوکی واڵت، کاری بیناکاریی خانووی دەکرد. لە  ١٨٢٠ و ١٨٣٠ـیەکاندا لە برۆکلین و لۆنگ ئایلێند دەژیان.

لە دوازدە ساڵیدا، ویتمان فێری بەکارهێنانی ئامێری چاپ بوو؛ زۆر زوو کەوتە داوی خۆشەویستیی وشە نووسراوەکانەوە، شەیدای نوسینەکانی هۆمیرۆس، دانتێ، شەکسپیر و ئینجیل بوو.
ویتمان وەک چاپکار لە نیویۆرک کاری کرد، تا ڕۆژێک ئاگرێک لەو گوزەرە کەوتەوە، چاپخانەکە خاپوور بوو و لە ناو چوو. لە ساڵی ١٨٣٦، لە حەڤدە ساڵیدا دەستی کرد بە وانەگوتنەوە لە قوتابخانەیەکی یەک ژووریدا لە لۆنگ ئایلاند، تا ساڵی ١٨٤١ بەردەوام بوو لە وانەگوتنەوە، دواتر خۆی تەرخان کرد بۆ کاری ڕۆژنامەوانی.

لە ڕۆژنامەیەکی هەفتانە کاری دەکرد بە ناوی لۆنگ ئایلاند، دواتر هەڵەبڕی بۆ چەندین ڕۆژنامەی برۆکلین و نیویۆرک کرد. لە ١٨٤٨ـدا، ویتمان وازی لە برۆکلین دەیلی ئیگڵ هێنا و وەک هەڵەبڕ لە نیو ئۆرلەین کریسێنت دەست بەکار بوو. هەر لە نیو ئۆرلەین، بۆ یەکەمین جار لە ژیانیدا بازاڕی کۆیلە فرۆشانی بینی.

Whitman_at_about_fifty

لە ساڵی ١٨٥٥ـدا، ویتمان چاپی یەکەمی گەڵا و گیاـی لەسەر ئەستۆی خۆی بە چاپ گەیاند؛ کە پێکهاتبوو لە دوازدە هۆنراوەی بێ ناونیشان و پێشەکییەک. کۆپییەکی کتێبەکەی نارد بۆ ئیمیرسۆن لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵدا.

ساڵی دواتر، واتە لە ساڵی ١٨٥٦ـدا، چاپی دووەمی کتێبەکەی بڵاو بوویەوە. ئەمجارە پێکهاتبوو لە سی و سێ هۆنراوە، لەگەڵ نامەیەکی ئیمیرسۆن کە ستایشی هۆنراوەکانی کردبوو، هەروەها وەڵامەکەی ویتمان. بەدرێژاییی ژیانی چەندین چاپی دیکەی لێ چاپ کرد.

لە کاتی شەڕی ناوخۆدا، ویتمان سوێندی خوارد کە دوور لە لایەنگریی هیچ لایەنێک، بەپاکی بژی. وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد کاری کرد و سەردانی بریندارەکانی جەنگی دەکرد لە نەخۆشخانەکانی نیویۆرک. دواتر لە کانونی دووەمی ١٨٦٢ـدا چوو بۆ واشینگتۆن بۆ سەردانی براکەی، کە لە شەڕ بریندار بووبوو.

لەبەر زۆریی قوربانی و بریندارەکانی جەنگ لە واشینگتۆن، ویتمان بڕیاری دا لە نەخۆشخانەیەک بمێنێتەوە و خزمەتی بریندارەکان بکات؛ بۆ ماوەی یازدە ساڵ لەوێ مایەوە، دواتر وەک فەرمانبەر لە تەلارێک دەست بەکار بوو؛ کاتێک زانرا کە ئەو خاوەنی کتێبی گەڵا و گیاـیە، ئەو شاعیرە لە کار دەرکرا.

whitman-grave
ویتمان زۆربەی ژیانی بە نەهامەتی و کاری قورس و کۆشس بەڕێ کرد، ئەو موچەیەی وەک فەرمانبەر وەری دەگرت دەیدا بە پێداویستی بۆ نەخۆشەکانی، هەموو ئەو دیارییانەشی کە لە لایەن هاوڕیکانییەوە بۆی دەهاتن، ئەوانیشی دەفرۆشت و پێداویستی بۆ نەخۆشەکانی پێ دەکڕی، هەروەها پارەی بۆ دایکە بێوەژنەکەی و برا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی دەنارد.

لە سەرەتای ١٩٧٠ـدا، ویتمان چوو بۆ لای دایکی لە کامدێن/ نیوجێرسی، کە لە سەرەمەرگدا بوو و لە ماڵەکەی براکەیدا دەژیا. لەوێ مایەوە و جێگیر بوو تا ساڵی ١٨٨٢، کاتێک چاپێکی دیکەی گەڵا و گیا چاپ بوو و توانی بە پارەکەی خانوویەک بکڕێت لە کامدێن.

ویتمان ئەو چەند ساڵە کەمەی لە ژیاندا مابووی، بە ئامادەکردنی چاپێکی نوێی کتێبەکەیەوە بەڕێی کرد. دواجار لە ٢٦\٣\١٨٩٢ کۆچی دوایی کرد. لە دوای مردنی، لە گۆڕستانی هارلی بە خاک سپێردرا؛ لە گۆڕێکدا کە خۆی دیزاین و دروستی کردبوو.

واڵت ویتمان و ئیملی دیکسن، بە دوو لە مەزنترین شاعیرەکانی ئەمریکا هەژمار دەکرێن.

کتێبە شعرییەکانی:

Leaves of Grass (David McKay, 1891)
Good-Bye, My Fancy (David McKay, 1891)
Leaves of Grass (James R. Osgood, 1881)
Passage to India (J.S. Redfield, 1870)
Leaves of Grass (J.S. Redfield, 1870)
Leaves of Grass (William E. Chapin, 1867)
Drum Taps (William E. Chapin, 1865)
Sequel to Drum Taps (William E. Chapin, 1865)
Leaves of Grass (Thayer & Eldridge, 1860)
Leaves of Grass (Fowler & Wells, 1856)
Leaves of Grass (self-published, 1855)

گوتارەکانی:
Complete Prose Works (David McKay, 1892)
November Boughs (David McKay, 1888)
Memoranda During the War (self-published, 1875)
Democratic Vistas (David McKay, 1871)
Franklin Evans; or, The Inebriate (New World, 1842)

سەرچاوە: پۆیتس

هاوبەشی بکە

Birthday, HaloFariq, WaltWhitman,