24/04/2024
DidiMn Logo
Top

کۆڕی چوارەمی بەختیار عەلی لە قەڵای سانکت مارتن لە شاری ڕەنگاوڕەنگی گراتس لە وڵاتی نەمسا بەڕێوە چوو

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

“لە مێژووی سەدساڵی ڕابردوودا، بۆ یەکەمین جار خوێنەرە نەمساوییەکان بۆ ڕۆمانێکی کوردی کۆ دەبنەوە”؛ ئەمە وتەی بەڕێوەبەری قەڵای سانکت مارتن بوو.

دیدی من – خەسرەو حەمەکەریم

بەرواری ١\٦\٢٠١٦، لە ئێوارەیەکی تەڕ و باراناویدا، لە قەڵای سانکت مارتن لە گراتس‌ـی دووەم گەورەترین شاری نەمسا، بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیاـی نووسەر بەختیار عەلی بە زمانی ئەڵمانی، کە لە لایەن ئۆتە کاندێرا لانگ و ڕاوێژ غەفور سەلیم‌ـەوە وەرگێڕدرا بوو، شارەوانی هەرێمی شتان مایەر و ڕێکخراوی گراتس و زیبرا، ئەم ئێوارە کۆڕەیان ئامادە کرد، کە رۆژنامەنووس تۆماس وۆلنکەر پێشکەشکار و ئەکتەر مارتن هۆرن تێکستخوێن بوون .

بە ئامادەبوونی نووسەر بەختیار عەلی و هەردوو وەرگێڕ و شیوەکار ساکار ساڵح، کە بەرگی کتێبەکەی کێشاوە، هەروەها بەرێوەبەری دەزگای چاپ و بەخشی ئۆنیۆن فێرلاگ کە کتێبەکەی چاپ کردووە، دەرگەی هۆڵەکە بۆ میوانەکان کرایەوە. هەردوو شێوەکار سامان کەریم دارتاش و سازگار ئەبوبەکر ساڵح بە چەند تابلۆیەک پێشانگەی دواهەمین هەناری دونیاـیان بۆ میوانەکان ئامادە کردبوو، کە پێکهاتبوو لە دەیان تابلۆی شیوەکاریی قەبارە جیاواز.

13327645_1009659025783152_3627779587210078206_n

بە ئامادەبوونی نزیکەی٣٠٠ میوان لە هۆڵی قەڵای سانکت مارتن، سەرەتای ئێوارە کۆڕەکە بە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی کورت لەسەر ژیانی بەختیار عەلی بە زمانی ئینگلیزی و بە دەنگی وەرگێر هەرێم بەهادین نماییش کرا، دواتر بە پارچەیەک مۆسیقا لە لایەن هەردوو ژەنیار جان کارلۆس شۆنکۆلیان و مۆرات ئایگەن، دەستی پێ کرد.

سەرەتا تۆماس بەوردی ژیاننامەی بەختیار عەلی خوێندەوە و ویستگە ئەدەبییەکانی نووسەری بۆ ئامادەبووان بەیان کرد، دواتر بەختیار عەلی بە زمانی ئەڵمانی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و پارچەیەک لە تێکستەکەی بە زمانی کوردی خوێندەوە، لە دواییدا مارتن هۆرن بە زمانی ئەڵمانی هەمان پارچەی خوێندەوە. گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام دەستی پێ کرد، بەختیار عەلی دەستی بە گێرانەوەی ژیان و ئەزموونی خۆی کرد و دواتر لەسەر نووسینی تێکستی ئەدەبی بەگشتی و بەتایبەتی نووسینی رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا و سەریاسەکان قسەی کرد، ماوەی کاتژمێڕیک پرسیار و وەڵام بەردەوام بوون؛ میوانەکان سەرسام بوون بە وەڵامەکانی بەختیار عەلی و بەردەوام دوای وەڵامەکان نووسەریان چەپڵەرێزان دەکرد.

13346429_1009658809116507_7987691218386863547_n

لەکۆتاییدا نووسەر نزیکەی ٩٠ دانە لە رۆمانەکەی بۆ میوانەکان واژۆ کرد و یەکەمین کەس ئەکتەر و نووسەری بەناوبانگی نەمسایی، ئەوگۆست شمۆلزەر، داوای لە بەختیار عەلی کرد کە کتێبەکەی بۆ واژۆ بکات؛ ئەو ئەکتەرە نەمساوییە لە زیاتر لە ٤٥ فیلمدا ڕۆڵی بینیووە، کە بەناوبانگترینیان فیلمی شیندل لیست‌ـە. ئێوارەکە بە پارچەیەک مۆسیقا و خۆشییەوە لە قەڵای سانکت مارتن کۆتایی هات.

جێگەی باسە، بۆماوەی ٣ رۆژ، رۆژنامەکانی نەمسا و شاری گراتس دوو چاوپێکەوتنی بەختیار عەلی و یەک چاوپێکەوتنی وەرگێرەکانی بڵاو کردەوە، هەروەها تەلەفیزیۆنی ئۆ ئاڕ ئیف ٢، لە بەرواری ٦\٦\٢٠١٦، کاتژمێر ١٠ بۆ ١٢ـی شەو، دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر نووسەر پەخش دەکات.

هەتا کۆتاییی ئەمساڵ، لە ١٤ شار و پایتەختی وڵاتانی ئەوروپیدا کۆرەکان ئامادە کراون و بەردەوام دەبن.

فۆتۆ: خەسرەو حەمەکەریم

هاوبەشی بکە

Austria, BaxtiarAli, DwahaminHanariDnya, Kurd, Novel, XasrawHamaKarim,