18/04/2024
DidiMn Logo
Top

گرنگیی ئەدەبیات

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من سکوڵ وۆرک هێڵپەر
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

        

ئەدەب سەرچاوەی ژیانە، جێگەیەک بۆ هەڵگرتن و ڕۆچوون بەناو تراژیدیاکانی مرۆڤ لە ڕێگەی چیرۆک و شیعر و …تا دوایی. ئەم تراژیدیایانەش بە وشە دەردەبڕدرێن، ئەم وشانە لە ئەندێشەکانی ئاوەزەوە لە دایک دەبن و توانای ڕوونکردنەوەی سادەیی و ئاڵۆزیی تێکستەکانی هەیە. ئەدەبیات وا لە مرۆڤ دەکات کە دیدی کەسانی تر ببینێت، واتە دەبێتە پەنجەرەیەک بۆ بینینی جیهان بە تێڕوانینی جیاواز. گەشتێکە کە لەسەر لاپەڕەکان نووسراوە و بە ئەندێشەی نووسەر دەوڵەمەند کراوە.

لەمێژە مرۆڤ ئاشنا بووە بە ئەدەبیات، بە هەموو جۆرەکانیەوە، کە پێک هاتووە لە کتێبی وێنەیی و نووسینی سادە کە مەبەست لێیان فێرکردنی ئەلفابێت و چەندینی مەبەستی دیکە بووە. هەرچەندە ئەم جۆرە لە ئەدەبیات وەک ڕۆمانێکی هەشتسەد لاپەڕەیی ئاڵۆز نین، بەڵام هەنگاوی سەرەتایین کە زۆرینەی کەس دەیگرنە بەر بەرەو جیهانی ئەدەبیات. لەگەڵ گەورەبوونیان جۆری کتێبەکانیشیان دەگۆڕێت، دەگۆڕێت بۆ ئەو بابەتانەی کە سەرنجیان ڕادەکێشن، یاخود سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراون. خوێندنەوە واتا بەدەستەوەبوونی کلیلی جیهانی ئەدەبیات. تاک لە سەرەتاوە ئامادە دەکەن بۆ تێگەیشتنی دۆخەکان لە چەندین دید و تێڕوانینی جیاواز.

با واقیعییانە بدوێین: بوون بە کەسێکی دیکە ئەستەمە. ئەستەمە کە جەستەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن لەگەڵ جەستەیەکی دیکەدا، هەروەها ئەستەمیشە کە ورد و تەواو لە ئاڵۆزیی جیهانی ئەوان تێبگەین؛ بەڵام ئەدەب وەک بەدیلێک نزیکترین ڕێگەیە کە جیهان هەیەتی بۆ تێگەیشتن لە کەسێکی دیکە. بۆ نموونە ڕۆمانێک سەبارەت بە جەنگ کە لە دیدی سەربازێکەوە نووسرابێت ڕێگە بە خوێنەر دەدات کە یادەوەرییەکانیان، ئازارەکانیان و هەستەکانیان بهێننە بەرچاویان بەبێ ئەوەی چەشتبێتیان، یاخود بێ ئەوەی هەمان کەس بن کە نووسیویەتی. ئەدەبیات دەتوانێت وەک ئامێرێکی کات کار بکات و تاکەکان ئاڕاستەی کاتێکی دیاریکراوی چیرۆکێک یاخود مێژوو بکات بەرەو ناو ئاوەز و ڕۆحی پاڵەوانی چیرۆکەکە.

توانای بینینی جیهان بە دوو چاوی ڕوونەوە وا لە خوێنەر دەکات کە ڕەنگدانەوەیان بەسەر ژیانی خۆیاندا هەبێت. خوێندنەوەی بابەتێک کە پەیوەندی بە خوێنەرەوە هەیە دەتوانێت فێری ئەخلاقیان بکات و هانیان بدات بۆ پراکتیزەکردنی بڕیارە تەندروستەکان. ئەمە دەتوانرێت لە سیستمی خوێندنی گشتیدا بسەلمێنرێت کە تێیدا کتێبەکان بە مەبەستی گەیاندنی پەروەردەیەک نیشانە کراون، نموونەش بۆ ئەوە چیرۆکەکانی ولیام شکسپیرە، کە تێیدا هەر یەکەیان سروشتی مرۆڤ پیشان دەدەن، هەردوو سروشتی باش و خراپ. ئەمەش وا دەکات بڕیاردان لەسەر دۆخەکانی باشتر بێت، بۆ ئەوەی خوێنەر نەکەوێتەوە هەمان دۆخی ئەوانەی لە چیرۆکەکەی بەردەستیدا هەن، یاخود کە کەوتە ناوی بزانێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

ژیانی سەردەم گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەرگیز پێشتر ژیان بەم جۆرە پڕ لە ململانێ و کێبڕکێ نەبووە. ئەدەب لەمڕۆدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرفراوان بووە. بەشێکی بەرفراوانی لە کتێبخانە و لە ئاوەزی مرۆڤەکاندا گرتووەتەوە، وەک دەربازبوونێکە بۆ زانینخوازیی ئاوەزی مرۆڤ و جیهانی دەوروبەریان. ئەدەبیات گرنگییەکی مەزنە و پەیوەندییەکانی مرۆڤ پێکەوە گرێ دەداتەوە و ڕاست و ناڕاست پێناسە دەکات، بۆیە وشەکان لە هەموو کاتەکانی پێشوو زیندووترن.

هاوبەشی بکە

Book, Literature,