18/04/2024
DidiMn Logo
Top

گەڕان بە دوای ژیاندا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من پشتیوان کەمال

ئازا یوسفی فۆتۆگرافەر، فۆتۆ ستۆرییەکی دەربارەی ژیانی ئەو کەسانە کردووە کە کاری کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک دەکەن. ئازا دەڵێت: “لەم فۆتۆ ستۆرییەدا مەبەستی سەرەکیم بریتی بوو لەوەی، ئەو کەسانەی لەو جێگایەدا کاردەکەن، پیشان بدەم. لە ڕووی ئاستی ژیان، گوزەران و جیاوازیی تەمەنیانەوە.” هەروەها دەڵێت: “دەمەوێت پیشانی بدەم چۆن ئەم هاوڵاتیانە لە ڕێگای ئەم جۆرە کارەوە دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن. ئەوە پرسیاربوو بۆ من. وەڵامەکەشی بریتی بوو لەوەی؛ ئەو جێگەیە بۆ ئەوان تاکە سەرچاوەی بژێویی ژیانە.”

فۆتۆگرافەر لە سەرەتاوە ویستوویەتی کار لەسەر قۆڵ و بازووی ئەو کرێکارانە بکات کە لەو جێگایانەدا بە دوای ئەو شتانە دەگەڕێن کە هێشتا دەکرێت بەکاربهێنرێتەوە. ئەو دەڵێت: “من سەرسامم بە تۆکمەیی ئەو مرۆڤانە. دەتوانن خۆشگوزەرانی لە شتی زۆر بچووکی ئەم ژیانەدا بدۆزنەوە. ئەوان دەتوانن هاوکێشەیەک دروست بکەن لە نێوان دەست و دڵیاندا، تاوەکو بە خۆشگوزەرانی بژین بێ ئەوەی زۆر لە خۆیان بکەن و بێ ئەوەی لەسەر حسابی هیچ مرۆڤێکی تر بژین.” ئازا بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “فۆتۆکان تەواوی قڵشاوی و ڕەش هەڵگەڕاوی ئەو دەستانە پیشان دەدات کە تۆز و غوباری ئەو جێگەیە جەستەیانی داپۆشیون.”

13535797_1146269232082673_1005184002_n

ئەو دەڵێت: لە سەرەتاوە دەمویست تەنیا وێنەی قۆڵ و باسکیان بگرم، بەڵام هەندێکیانم دەبینی هاواریان دەکرد و پێیان دەوتم ڕەسمیان بگرم. ئازا دەڵێت: “هەندێکیان پرسیاری وێنەکانیان لێدەکردم و سەیری وێنەکانیشیان دەکردەوە، بەڵام نەمتوانی وێنەی هیچ ئافرەتێک بگرم و تەواو ڕێگربوون لەو کارە.” فۆتۆگرافەرەکە بەردەوام دەبێت لەوبارەیەوە و دەڵێت:  “هەندێکیان لە لەدەستدانی کارەکەشیان دەترسان کاتێک من وێنەم دەگرتن.” یەکێک لە کرێکارەکان بە فۆتۆگرافەری وتووە کاتێک ئێوە دێنە ئێرە ئێمە دەترسین ئەم کارەش لەدەست بدەین.

ئازا دەڵێت: “کاتێک دەتەوێت وێنەی کارێکی لەو جۆرە بگریت، دوای جێهێشتنیان غەمبار دەبیت. ئەگەر بمانەوێت لە ڕکێفی ئەو هەموو وێناکردنەی ئەوێ و هەستکردن بەو ئازارەی ئەوێ دەربچین، تەنیا ئەوەت لە دەست دێت بە ڕوویانەوە پێبکەنیت و ماڵئاواییەکی گەرمیان لێبکەین و قوڵتر بیر لە ژیان بکەینەوە.”

:لێرەوە فۆتۆ ستۆرییەکە ببینە

 

هاوبەشی بکە

Aza Yousif, Hewler, Photography,