20/04/2024
DidiMn Logo
Top

یازدە باشترین کتێبی منداڵان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

Fairy tale tea party

دیدی من – بی بی سی

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

لە کاتی توێژینەوە لەسەر کتێبی منداڵان بۆ ھەڵبژاردنی لیستێک لە باشترین کتێبەکان، جەین سیباتەری ڕاپرسیی بە کۆمەڵێکی زۆر لە ڕەخنەگران کرد. بە بۆچوونی ھەر ڕەخنەگرێک کتێبێک ھەڵبژێردرا بۆ منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵ. لە نێوان ھەموو کتێبەکان، ئەم یازدە کتێبەی خوارەوە وەک باشترین کتێب ھەڵبژێردران:

11- خانووە گچکەکەی سەر مێرگەکە: لاورا ئینگالس ویڵدەر (1935)

چیرۆکی ئەم کتێبەی ویڵدەر زۆر نزیکە لە ژیانی منداڵیی خۆیەوە. وێڵدەر لە سەدەی 19 لە خێزانێکی پێشەنگ لەدایک بووە کە گەشتیان بە نیوەی ڕۆژئاوادا کردووە.  ویڵدەر زۆر بە وردەکارییەوە ھزری کچێکی بچکۆلە دەنووسێتەوە و باسی ژیان لە دارستانێکدا، لە ناو ماڵێکی ڕەساسیدا دەکات. ئەم جێیە ھیچ ماڵێک و کەسێکی تری لێ نییە جگە لە درەخت، هەروەها جاک لەگەڵ دایکوباوک و دوو خوشک و سەگەکەیاندا دەژی. ئەم چیرۆکە باس لە ژیانی ڕۆژانەیان دەکات و ئەو جۆشەی لەم چیرۆکەدا ھەیە بە تێپەڕبوونی چەندین نەوەش ھەر وەک خۆی ماوەتەوە.

p02n8q4q

10- کرژی لە کاتتدا: مادلین لێنگڵ (1962)

باوکی مێگ مێری، فیزیکزانێک کە بە کاتتدا گەشت دەکات، ون بووە. شەوێک خۆی و براکەی و دایکی میوانێکی چاوەڕواننەکراویان دێت بە ناوی خاتوو واتسیڵ. واتسیڵ بە ئامێرێکی پێنج‌دووری ھاتووەتە سەر زەوی و بە زەمەندا گەشت دەکات. مێگ لەگەڵ براکەی و ھاوڕێیەکیاندا بە ھەموو گەردووندا دەگەڕێن بە شوێن باوکیاندا. ئەم ڕۆمانە سەرەتای کتێبی فیکشن بوو بۆ خوێنەری منداڵ.

p02n8q3v

9- جادوگەری دەریای زەوی: ئێسلە كەى لی گوين (1968)

گێدی‌ بچووک وەک باشووکەیەک بە کەمێک لە ئەزموونی جادووییەوە کە لە پوورە جادوگەرەکەیەوە فێر بووە دێیەک ڕزگار دەکات. دواتر لە خوێندنگەی فێربوونی جادوو دەبێتە ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەیەک. شەڕی گێد لە دژی دراگۆنەکان و ڕۆحە شەڕانگێزییەکەی ناوەوەی خۆی دایە. گوین زۆر بە جیاوازی باس لە شەڕی نێوان باش و خراپ لە ژانری فانتاسیادا دەکات.  لە پاش ڕووبەڕوبونەوەی ویستە شەڕخوازییەکانیدا گێد دەگات بە کامڵبوون.  ئاماندس کرایگ، نووسەر و ھەڵەبڕی نیو ستەیتمێنت و دەیڵی تێلێگرام ، دەڵێت: “ئەم چیرۆکە باس لە فێربوونی پیشەی نووسین دەکات، کە ڕێگەیەکی پڕ ئازار و دوورە بۆ ماستەرکردنی ھونەرەکەت لە لایەک و خۆت لەلایەکی دی.”

p02n8q3n

8- چاڕڵی و کارگەی نەستەلە: ڕۆڵد دۆڵ (1964)

ژمارەیەکی زۆر لە کتێبەکانی داڵ لە لایەن ڕەخنەگرانەوە وەک باشترین کتێبەکان ھەڵبژێردراون. کارمێلا سیوراروی ڕاپۆرتەری نیو یۆرکس تایمز دەڵێت: “ھەڵبژاردنی باشترین کتێبی داڵ کارێکی مەحاڵە، داڵ باشترین نووسەری کتێبی منداڵانە لە مێژوودا، بەتایبەت لە کتێبە کلاسیکییەکانی ساڵانی 1964یدا بە خەیاڵێکی زۆر فراوانەوە دەنووسێت.” لەم کتێبەدا کارەکتەری سەرەکی، چاڕڵی، پێنج تیکتی ئاڵتوونی دەباتەوە بۆ چوونە ناو کارگەیەکی دروستکردنی چوکلێت. لە پاش چوونە ناوەوە بۆ ئەم کارگەیەدا تووشی ڕووداوی زۆر سەیر دەبێت.

p02n8q3f

7- وینی زە پوهـ: ئەی ئەی میڵن (1926)

میڵن ناوی ئەم کتێبەی بە ناوی کوڕە بچووکەکەی خۆی، کریستۆفەر ڕۆبن، ناو نا. کریستۆفەر و پوهـ بە ناو دارستانێکدا دەسووڕێنەوە، کە وەک ئەو دارستانەی نزیک ماڵی میڵن‌ە. لە ناو ئەم دارستانەدا کۆمەڵێک زۆر لە سەرکێشی ئەنجام دەدەن. ئەم کتێبە بۆ ھەمیشە جوانترین کتێبی فێرگەی منداڵان دەبێت.

p02n8q32

6- شازادە چکۆلە: ئانتوان دۆسانتئێگزۆپێری (1943)

ئەم چیرۆکە لە لایەن فڕۆکەوانێک کە خۆی و فڕۆکەکەی لە ساڵی 1944 لە ناو چوون و دیار نەمان نووسراوە و ئیڵوسترەیت کراوە. کتێبەکە باس لە گفتوگۆ لە بارەی ژیانەوە لە نێوان فڕۆکەوانێک کە لە بیاباندا فڕۆکەکەی دەکەوێتە خوارەوە لەگەڵ شازادەیەکی چکۆلە کە لە ھەسارەیەکی بچووکەوە ھاتووە.

p02n8q2p

5- خاتوونی چکۆلە: لویزە مای ئالکۆت (1868)

چیرۆکی چوار خوشکی ناو خێزانی مارچ کە باس لە گۆڕان دەکات لە پاکیی منداڵییەوە بەرەو ژیانی گەنجێتی. تا ئێستا کاریگەریی خۆی نەوە بە نەوە دەھێڵێتەوە و ھەرگیز ھێزی خۆی لە دەست نادات. ئەم چیرۆکە ڕاستەقینەیە و باس لە دیالۆگی ڕاستەقینە لە نێوان خێزاندا دەکات. دۆنا سیمان، ئیدیتەری بوکلیست، دەڵێت: “ئالکۆت چیرۆکنووسێکی بەتوانایە و چیرۆکەکانی پڕن لە دیدی جیاواز و تیژ.”

p02n8q26

4- ئالیس لە خاکی سەرسوڕھێندا: لویس کاڕۆڵ (1865)

ئالیس زۆر بێزار ببوو لە دانیشتن لای خوشکەکەیەوە و ھیچ شتێکی دیکەی نەبوو بیکات، یەک دوو جار تەماشای ئەو کتێبەی کرد کە خوشکەکەی دەیخوێندەوە، بەڵام ھیچ وێنە و دیالۆگێکی تێدا نەبوو، بەڵام لەناکاو کەروێشکێکی سپیی چاو پەمەیی لە نزیکییەوە بە خێڕایی تێپەڕی. ھەتا ئەمڕۆش ئەو گەشتەی ئالیس بە ناو چاڵی کەروێشکەکەدا و قسەکردنی لەگەڵ پشیلەی چێشە و شاژنی دڵەکان و کارەکتەرەکانی دی بۆ ئەدەبی خەیاڵی زۆر نوێیە و بەردەوام چاپی نوێی بڵاو دەکرێتەوە.

p02n8q14

3- جێگای شتە کێوییەکان: ماوریس سێنداک (1963)

لەم کتێبەی سێنداکدا، ماکس‌ی بچکۆلە کە دایکی بەبێ نانی ئێوارە خەواندی، ڕادەکاتە ناو خەیاڵەکانی، بۆ ئەو جێیەی شتە کێوییەکانی لێیە. لیڤ گرۆسمان‌ی ڕەخنەگری تایمس دەڵێت: “بە کورتی و بە ڕەوانبێژییەکی زۆرەوە ئەم منداڵە لە ھەوڵی زاڵبوون بەسەر ھەستەکانی خۆیەوەیە.” ھەروەھا دانیاڵ ھان، نووسەری یاوەری ئەدەبی منداڵانی ئۆکسفۆرد دەڵێت: “دیزاینی پەڕە و وێنە و ئیڵوسترەیشنەکان پێکەوە جوانترین چیرۆک دەگێڕنەوە، چیرۆکێک کە زۆر سادەیە و لە ھەمان کاتیشدا پڕە لە تێگەیشتنی سایکۆلۆژی.”

p02n8pxk 

2شێر و جادوکەر و واردرۆب: سی ئێس لویس (1950)

دەیڤد ئابرام‌ی نووسەر و ڕەخنەگر دەڵێت: “ئەم  چیرۆکە لە ڕیزی کتێبی منداڵاندایە، بەڵام کتێبێکە بۆ ھەموان.” ھەروەھا ڕۆکسان ڕۆبنسۆن‌ی ڕەخنەگر دەڵێت: “ئەم چیرۆکە سەرنجڕاکێشە تێکەڵەیەکە لە سایکۆلۆژی ڕیاڵیزم و ھەستێکی قووڵی جوانی. لویس لە باسکردنی جیھانی فیزیکیدا زۆر وردە. کتێبێکی بەجۆش و ھێمنکەر لە ھەمان کاتتدا.”

p02n8px5 

١تۆڕی چارلۆت: ئی بی وایت (1952)

کتێبی ژمارە یەک و دڵخوازترینی ڕەخنەگران تۆڕی چارلۆت بوو. ماورێن کۆریان، ڕاپۆرتەری ئێن پی ئاڕ، دەڵێت: “ئەم شاکارەی وایت باس لە ھاوڕێیەتی، لەدەستدان، دەست‌لەکارکێشانەوە و ڕێژەی مردن دەکات.” ریگۆربێتۆ گۆنزاناس، نوسەر و ڕەخنەگر، دەڵێت: “ئەم دێڕانە وانەی گەورەن بۆ کتێبێک کە ناوەڕۆکەکەی باسی ھاوڕێیەتییەکی جوانی نێوان بەرازێک و جاڵجۆڵۆکەیەک دەکات.”

p02n8pvv

 

 

هاوبەشی بکە

BBC, Children Books, SheneMohamad,