29/11/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی نه‌جه‌فی: گفتوگۆیەک له‌گه‌ڵ شاهین نه‌جه‌فی دەربارەی گۆرانی و فه‌لسه‌فه‌

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بی بی سی ٢٠١٠
لە فارسییەوە: پاڵەوان ساڵح
سه‌رپه‌رشتیاری په‌ڕاو: ساڤان عه‌بدولڕه‌حمان

شاهین نەجەفی لە هۆنراوەنووسیندا سەبکێکی (شێوازێکی) تایبەتی هەیە. خۆی لەم بارەیەوە دەڵێت ”کتێبم زۆر دەخوێندەوە، بڕوا ناکەم کەسێک هەبێت لە ئێران بژێت و لە منداڵییەوە شایەتی گشت بارودۆخی ناوەوە و دەرەوەی ماڵەوە بێت و پرسیاری ئەوەی بۆ دروست نەبێت کە (هەڵەیەک لە شوێنێکدا هەیە) پاشانیش دەگاتە خاڵێک کە ناچارە وەڵامی پرسیارەکەی لە کتێبدا بدۆزێتەوە.”

ئەو لە سایتە تایبەتییەکەیدا نووسیویەتی ”شارەکەی ئێمە، پڕبارانترین شاری ئێرانە، ئەوەندە شێدار بوو کە مرۆڤیش تێیدا ژەنگی دەکرد. ئاسمان نەدەباری، بەڵکو خۆی دەدڕاند! وەکو ژنە مێردمردووەکان دەیناڵاند، ئەمە گرنگ نەبوو، بەڵکو چیتر نەدەکرا لە ماڵ هەڵبێیت و لە قوتابخانەشدا لە زەنگی پشوودا دەبوو لەو پۆلە شێدارە لەسەر ڕەحلەی ڕەق و هەڵکەندراو و جنێولەسەرنووسراو بمێنیتەوە. من وانەم دەخوێند و هیچیش تێنەدەگەشتم، کە تۆزێکیش گەورەتر بووم تەنها مێژوو و جوگرافیا و زانیاری ئایینیم دەخوێند و ئەو کاتەی کە سمێڵم دەرهێنا بۆم دەرکەوت فەلسەفە و کۆمەڵناسی چییە و ئەدەبیات یەعنی چی.”

شاهین هەمیشە ئەنگوستیلەیەکی لە دەستە کە ڕووەکەی باڵندەیەکی هەڵۆیە، تێڕوانینێکی سەیری  بۆ فەلسەفە هەیە. ئەو پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا وتبووی ”فەلسەفە ڕێگەم دەداتێ دەرد بخۆم و هەزمی بکەم”

ئێستا دەڵێت ”خۆم لە دەردەدارانی کۆمەڵگەم و ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارەش بێت خەڵکی پەیوەندیی لەگەڵ ئیشەکانم دروست دەکەن”

بۆ ئەو کە تەمەنی ٢٩ ساڵە ئەوە سەیرە کە چۆن گۆرانییەکانی لای تەمەنە جیاوازەکاندا گوێگری هەیە، ”لە منداڵی ١٥-١٦ ساڵەوە تا پرۆفیسۆرێکی تێگەیشتوو، پەیوەندییان لەگەڵ گۆرانییەکانم دروست کردووە و بۆم سەیرە کە هەتا چ ئاستێک قسەکانم لەتوانایدایە دەردێکی هاوبەش بێت. بۆ زۆرێک لەوانەی کە پەیوەندیم پێوە دەکەن، گۆرانییەکانم کڵێشەیە و تەمەنیان ڕێگەیان دەدات ئەسڵی کێشەکان بزانن، بەڵام ئیشی موزیک و شعر شتێکی ترە، هێزی کاریگەریدانانیان لەمانە زیاتر دەڕوات.”

شاهین چیرۆکی دەرچوونی لە زانکۆی بەم شێوە دەگێڕێتەوە ”ئێمە گروپێک بووین لە زانکۆ کە شێوازی جلوبەرگمان و چۆنێتی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ ئەوانی تر، بە تایبەت لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر لە تێڕوانینی ئێمە ئاسایی بوو، بەڵام لە تێڕوانینی بەرپرسانی زانکۆوە ئەوە هەنجارشکێنی بوو (واتە دەرچووبووین لە پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان). لە دوای کێشەدروستکردنی زۆر، دواجار دەرکراین. هەرچەندە لەو کاتانەی دواییدا، خۆشم گەیشتبوومە ئەو باوەڕەی کە زانکۆ شوێنی من نییە و چیتر سوودی  بۆ من نییە. چونکە من  ئەهلی سیاسەت نەبووم و لە حەقیقەتدا باوەڕم بە ڕەفتار و قسەکانم هەبوو، بەڵام بە تاوانی ئەوەی بۆچوونەکانم بە ڕاشکاوی دەردەبڕم یان بیروبۆچوونێکی جیاوازم هەبوو، کێشەی خوێندنم بۆ دروست دەبوو لە زانکۆدا و ئەمەش ناو نرابوو هەنجارشکێنی. 

ئەو دەڵێت ”من تا کاتێک لە ئێران بووم وام دەزانی مرۆڤێکی یاخیم، چونکە ئاوام پێ دەگوترا، بەڵام کە هاتم بۆ دەرەوەی وڵات، بۆم دەرکەوت من تەنها خواستی سروشتیی و لۆژیکیم هەبووە و هەیە.”

کۆچکردن تەنها ئەم گۆڕانکارییەی بۆ شاهین دروست نەکرد. ئەو بە گۆرانیی ”ئێمە پیاو نین” لە فەزای مەجازی ئێرانییەکاندا ناوبانگی پەیدا کرد، دەڵێت ”من پیاوسالایرم لەخۆشمدا دەبینی، لەو ڕەفتارانەی لەگەڵ خوشکەکانم و خۆشەویستەکەمدا هەمبوو. منیش وا هەستم دەکرد ڕەگەزی بانترم و مافی تایبەتم هەیە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کاتێک هاتمە ئەوروپا، ئەم بابەتە وەک زلەیەک بەر دەموچاوم کەوت و بۆم دەرکەوت ئەم شتە بەو جۆرە نییە.”

دایکی شاهینی نەجیفی، ئەنگێزەی سەرەکی ئەوە بۆ نووسینی هۆنراوەی ”ئێمە پیاو نین” لەسەر ئەو گۆرانییە دەڵێت ”چیرۆکی ئەو هۆنراوە، کەسێکە. لەو ڕووەوە کە دایکی من ژنێکی بەتەمەنە سەروو ٧٠ ساڵە و من تەنانەت تەمەنەکەی بە دروستی نازانم. ئەو بۆ من سمبولی ژنێکی ئازارکێشی مێژووییە لە ئێراندا. کەسێک کە زیاتر لە پێنج منداڵی هێناوە، هەمیشە لە ماڵەوە کاری کردووە، هەمیشە دەبوو فیداکاری بکردایە، هەمیشە دەبوو قسە، قسەی مێردەکەی بێت. لە کۆتاییدا گەیشتمە خاڵێک کە لە خۆم بپرسم بۆچی؟ لەبەر چ هۆکارێک؟ ئەمە ستەمێکی مێژووییە. بۆچی دەبێت پیاو لەم کۆمەڵگەیەدا بە هەموو خواستەکانی بگات بەڵام ژن دەبێت بەڕاستی فیدا ببێت؟

گۆرانی ”ئێمە پیاو نین” ئاماژەیە بۆ جووڵانەوەی ژنان لە ئێران، ئەو جووڵانەوەیەی کە شاهین باوەڕی وایە سەرمەشقێکی بێ توندوتیژییە بۆ بزووتنەوەی سەوز. دەڵێت ”هیوادارم گەنجان لە ئێراندا هێواش-هێواش بە خواسەکانیان بگەن. (مانند چند پله خوبی که درباره حقوق زنان طی شد)

ئەوانیش کۆششیان کردووە، زیندانی کراون و لێدانیان خواردووە، بەڵام دەریان خست کە نابێت هەمیشە وەڵامی مستەکۆڵە بە مستەکۆڵە بدرێتەوە. دەکرێت بە قسە، تەنانەت دیکتاتۆرترین حکومەتەکانیش دەکرێت بە خواستەکان بگەن. من بەم جۆرە بیر دەکەمەوە، زەمانە پیشانمان دەدات.

لەو گۆرانییانەی کە تا ئێستا بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە گۆرانییەکانی لە بارەی یادهێنانەوەی نەدا ئاغا سوڵتان و هۆنراوەیەکە لە بارەی ڕەخنەگرتن لە دەستدرێژی کە هەریەک لەگەڵ ئەلبوومێکی پەیوەندیدار بە جووڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی بە ناوی ”جووڵانەوەی سەوز”

لە بارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی یەک ساڵی ڕابردووی ئێران دەڵێت ”هیوادارم گەنجانی ناوخۆی ئێران ئەم ئەزموونەیان هەبێت کە بە هیچ شێوەیەک باوک و سەرگەورە بۆ خۆی دروست نەکات. ڕەهبەر، بەو مانایەی ڕووی دا نەمانبێت. ئێستا ڕەهبەرێکی گشتی بوونی هەیە. بە تایبەت کە موسەوی و کەڕوبیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە بەشێکن لەم جووڵانەوەیە. هەڵبەتە ئەمە زۆر سەیرە. ئەمە دەتوانێت فێرمان بکات کە تەنها و تەنها خۆمان حاکمی چارەنووسی خۆمان بین.

وێڕای نیگەرانی و بۆچوونە سیاسییەکان، شاهین دژی ئەوەیە وەک گۆرانیبێژی سیاسی ناوی بهێنرێت، دەڵێت ”من هەمیشە بۆ ئەوە جەنگاوم کە ئێمە شتێکمان هەیە بە ناوی هونەری سیاسەت. ئیشی من سیاسەت نییە. من تەواو هاوڕای بۆچوونە ئەوروپی و ئەمریکییەکانم کە سیاسەت و هونەر بە دوو شتی جیاواز لە یەکتر دەبینن. ئێمە ئەوپەڕی دەتوانین بڵێین کە هونەر ڕەنگدانەوەی ئەو شتەیە کە لە کۆمەڵگەدا لەحاڵەتی ڕووداندایە. بۆ نموونە، من بەداخەوەم کە بابەتی وەک مافی ژنان، وەک بابەتێکی سیاسی لە ئێراندا لێک دەدرێتەوە. چۆن دەکرێت بڵێین تەڵاق یان سەرپەرەشتیکردنی منداڵ بابەتی سیاسین؟! یان سەبارەت بە خواستی خوێندکارانی زانکۆ، ئێمە وەک خوێندکاری زانکۆ، مافی مەدەنیمان دەوێت. سەندیکا و ئەنجوومەنی خوێندکارانمان دەوێت. ئەمانە کۆمەڵێک بابەتی ڕوونن. جا ئەوەی ئەگەر کۆمەڵێکی تایبەت هەبن بیانەوێت سواری شەپۆلەکە ببن و سەنگەری داخوازییە لاوەکی و تایبەت و فیکرییەکانی خۆیان بۆ ئەم جووڵانەوەیە بگوازنەوە، ئەوا ئەمە شتێکی شیاو نییە.”

لە شاهینی نەجەفیم پرسی چۆن بە هەموو نیگەرانییە سیاسییەکانییەوە، دژی ئەوەیە بە گۆرانیبێژی سیاسی ناوی بهێنرێت. وتی ”لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تا ئێستا هەموو ئیشەکانی من، ناوەڕۆکەکانی لە بارەی ناوخۆی ئێرانەوە بووە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ناونانم بە گۆرانیبێژ و شاعری سیاسی، بە جۆرێک لە جۆرەکان من سنووردار دەکات، واتە ناوێک دەدات بە من کە ڕاستی نییە. ئێمە دەبێت فێر بین بگەین بە خاڵێک کە هەر شتێک بە مێشکماندا هات و پێمان وا بوو شایەنی دەربڕینە، وەکو هونەرمەندێک بیخەینە ڕوو، بۆیە ئەمەش هیچ پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە.”

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا لێم پرسی چ شتیک هانی دەدات درێژە بەم ڕێگەیەی بدات لە کاتێکدا پڕ مەترسییە و دەرامەتێکی زۆریشی لێ دەست ناکەوێت، وتی ”من هەمیشە وتوومە کە ئەمە جۆرێکە لە نەخۆشی، بەڵام لەو جۆرەیە کە ناتوانیت تەرکی بکەیت. زۆر جار شیعرێک دێت بە مێشکم، لە ناوەڕاستی جادەدا وەستاوم، تەماشای ئاسمان دەکەم، قسە لەگەڵ خۆم دەکەم. دەوروبەرەکەشم بە سەرسوڕمانەوە سەیرم دەکەن.”

هاوبەشی بکە

BBC, Shahin Najafi,