23/04/2024
DidiMn Logo
Top

یه‌كه‌مین فێرگه‌ی فۆتۆی ڕۆژنامه‌وانی له‌ كوردستان كرایه‌وه‌

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ژیوار جەوهەر (ژیوار نازەنین)

به‌رواری ٢\٦\٢٠١٦، له‌ ھەولێرـی پایته‌خه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌كادیمی، ڕۆژنامه‌نووس و فۆتۆگرافه‌ر، یه‌كه‌مین فێرگه‌ی فۆتۆی ڕۆژنامه‌وانی به‌ ناوی فره‌یمینگ كرایه‌وه‌.

سه‌فین حامید، به‌ڕێوه‌به‌ری فێرگه‌ی فره‌یمینگ و فۆتۆگرافه‌ر له‌ ئاژانسی جیهانیی فرانس پرێس، بۆ دیدی من گوتی: “پاش ئه‌وه‌ی هه‌ستمان كرد‌ له‌ كوردستان له‌ بواری فۆتۆی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆشایییه‌ک هه‌یه‌ و زۆربه‌ی ئه‌و فۆتۆگرافه‌رانه‌ی له‌ بواره‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی خۆڕسكی خۆیان پێ گه‌یاندووه‌، بۆیە بیرمان له‌ دروست كردنی فێرگه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ كرده‌وه‌.”

ھەروەھا سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی كاركردن فێرگەکەش، ڕایگەیاند کە ئه‌وان له‌ ڕێگه‌ی ماڵپەڕەکەیانەوە، كه‌ له‌ ئێستادا له‌ژێر دیزاییندایه‌، جۆری كۆرس، ناوی مامۆستا و به‌رواری ده‌ستپێكردنی كۆرسەكان و مه‌رجه‌كانی ڕاده‌گەێنن. كۆرسه‌كانیان دوو جۆر ئاستیان ده‌بێ: یه‌كێكیان بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ره‌تادان و ده‌یانه‌وێت بێنه‌ ناو بواره‌كه‌وه‌، هه‌روه‌ها جۆرێكی دیكه‌ش بۆ ئه‌و فۆتۆگرافه‌رانه‌ی ئه‌زموونیان هه‌یه‌ و میدیاكارن.

13307451_1009743589108029_6502738232393000247_n

فۆتۆگرافه‌ر یونس محەمەد، خاوه‌ن خه‌ڵا‌تی نێوده‌وڵه‌تیی فۆتۆی ڕۆژنامه‌وانی ده‌یز جاپان بۆ ساڵی ٢٠١٦، كه‌ ئاماده‌ی ڕێوه‌ڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێرگه‌ فۆتۆگرافییه‌كه‌ بوو، دەربارەی کردنەوەی ئەم فێرگەیە، بۆ‌ دیدی من گوتی:”من ئه‌م فێرگه‌یه‌ به‌ هه‌نگاوێكی زۆر باش ده‌زانم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی وێنه‌گره‌كانمان به‌ شێوازێكی خۆرسک ڕاهاتوونه و له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ زانیاری ته‌واویان نییه‌، بۆیه‌ من هیوادارم ئه‌م فێرگه‌یه‌ بتوانێت ئه‌و بۆشایییه‌ی هه‌یه‌ له‌م بوارەدا، پڕ بكاته‌وه‌. من له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگەدارم كه‌ به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ی باش له‌ پلاندا هه‌یه‌ و به‌ ڕێکوپێكی پاڵپشتیی ناوه‌نده‌ زانتسییه‌كانی وه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ركه‌وتویی كاره‌كان به‌رێوه‌ ببات. خۆم وه‌ک فۆتۆگرافەر به‌ هه‌موو توانامه‌وه‌ پاڵپشتی له‌و فێرگه‌یه‌ ده‌كه‌م.”

فێرگەی فرەیمینگ، له‌ ئێستادا ته‌نها له‌ شاری هه‌ولێر نووسینگەی كراوه‌ته‌وه‌ و پلانیان هه‌یه‌ له‌ داهاتووشدا له‌ سلێمانی و دھۆک و شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان لق بكه‌نه‌وه‌.

جێگەی باسە، ئه‌م فێرگه‌یه‌ به‌ هاوكاریی میدیای ئه‌كادیمیی ئه‌ڵمانی (ئێم ئای سی تی) كراوه‌ته‌وه‌.

 

هاوبەشی بکە

Framing, Photography, ZhiwarNazanin,