26/04/2024
DidiMn Logo
Top

یەکەم ئیڤێنتی کلتووریی دیدی من بەهاوبەشیی زانکۆی ئەمریکی بەڕێوە چوو

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

ڕۆژی ١٤/١١/٢٠١٦، ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئەمریکی لە عێراقسلێمانی، ڕۆژی نالی‌ی ڕێک خست.

ڕۆژی نالی، بریتییە لە یەکەم ئیڤێنتی کلتووریی دیدی من، کە نیوەڕۆی ڕۆژی ١٤/١١ لە ناو هۆڵی کۆنفڕانسی زانکۆی ئەمریکی لە عێراقسلێمانی کاتژمێر ٢:٠٠ دەستی بە کارەکانی کرد و کاتژمێر٥:٠٠ی ئێوارە کۆتایی بە چالاکییەکانی خۆی هێنا و بووە جێگەی سەرنجی ئامادەبوانی ئیڤێنتەکە.

سەرەتای ئیڤێنتەکە بە خوێندنەوەی یەکێک لە بەناوبانگترین شیعرەکانی نالی، کە بە چامەکەی نالی بۆ سالم ناسراوە، لەل ایەن هونەرمەند ڕزگار ئەمین‌ەوە دەستی پێ کرد، پاشان گوتەی زانکۆی ئەمریکی پێشکەش کرا و دواتر گوتاری تایبەتیی ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من لە لایەن هەریەک لە شێنێ محەمەد و پشتیوان کەمال‌ەوە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

6v7a6945

لەو گوتارەدا ئاماژە بە هۆکاری هەڵبژاردنی ڕۆژی نالی لە ساڵیادی بونیادنانی شاری سلێمانی کرا، لەوبارەیەوە شێنێ محەمەد، سەرپەرشتیاری ئیڤێنتی کلتووریی ڕۆژی نالی، بۆ ئامادەبوان گوتی: “هەڵبژاردنی ئەم ڕۆژە لەبەر دوو هۆکارە، یەکەم ئەوەیە کە نالی بە نووسینی شیعرەکانی دیالێکتێکی نوێی لە ئەدەبی ئەم ناوچەیەدا بونیاد نا، ئەو ناوچەیەش ناوەندەکەی سلێمانییە. دووەم هۆکار ئەوەیە کە ئێمە هاتووین لەو یادکردنەوە کلاسیکییەی بۆ شار دەکرێت خۆمان دوورگرتووە و جۆرێکی تر لە یادکردنەوەی شارمان بەرهەم هێناوە، ئەویش بە یادکردنەوەی فیگەرێکی گرنگی ئەم ناوچەیەیە کە دروستکەری زمانیەتی لە ئەدەب و بنچینەی کلتوورەکەیەتی.”

دوابەدوای گوتاری تایبەتی دیدی من، پانێڵێکی تایبەت بە نالی و ئەدەبەکەی پێشکەش کرا، ئەم پانێڵە لەلایەن م. بوشرا کەسنەزانی، کە مامۆستای زانکۆی سلێمانییە، بەڕێوە برا و هەریەک لە ڕێبوار سیوەلی و د. دڵشاد عەلی بە پێشکەشکردنی بابەتێک بەشدارییان تێدا کرد و دواتر گفتوگۆ لە نێوان ئامادەبوان و بەشدارانی پانێڵەکەدا دروست بوو سەبارەت بە نالی و ئەدەبەکەی.

6v7a7278

دوای پشوویەک، بەشی دووەمی ئیڤێنتی کلتووریی ڕۆژی نالی دەستی پێ کرد، کە تیایدا چەند شیعرێکی نالی بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی لە لایەن شاڵاو حەبیبە (شیعرە کوردییەکان) و پشتیوان کەمال (وەرگێڕدراوی شیعرەکانی نالی بۆ ئینگلیزی) خوێندرانەوە. جێی ئاماژەبۆکردنە کاری وەرگێڕانی شیعرەکانی نالی بۆ زمانی ئینگلیزی، لەلایەن ماری لابرۆس، مامۆستای زانکۆی ئەمریکی و شێنێ محەمەد، یەکێک لە ئەندامانی دیدی من-ەوە ئەنجام درابوو.

6v7a7250

لە کۆتایی ئیڤێنتەکەشدا ئارام فایەق، بە هاوکاریی گروپی موزیکیی ڕۆژهەڵاتی لە زانکۆی ئەمریکی، دوو بەرهەمی گۆرانییان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، کە یەکێک لە بەرهەمەکان شیعری نالی بوو و ئەوی دیکەشیان گۆرانییەکی هونەرمەند کاروان عوسمان بوو و بە بۆنەی یادی بونیادنانی سلێمانییەوە پێشکەش کرا.

هەر لەم ئیڤێنتەدا، دیدی من بەهاوکاریی هەردوو هونەرمەندی شێوەکار ئاریان ئەبوبەکر و گۆران محەمەد دیاریی تایبەتی خۆی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، کە بریتی بوو لە کاری هونەریی لەسەر جانتای لەخام‌دروستکراو، کارەکانیش گوزارشت بوون لە دێڕێک لە شیعرەکانی نالی.

جێی باسە ئەم ئیڤێنتە بە سپۆنسەریی ماڵی چالاک، بەهار گروپ، کۆمپانیای تەها مەحمود سادق و ئاکۆ بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە بوو.

دیدی من هەوڵ دەدات سەرجەم چالاکییەکانی ئەو ئیڤێنتە کلتوورییە لە ماڵپەڕ و پەرە تایبەتییەکانی خۆی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ سەرجەم خوێنەران بڵاو بکاتەوە.

15002410_1262942050416077_7603402902367465793_o

سپۆنسەرانی ئیڤێنتەکە: ماڵی چالاک، بەهار گروپ، کۆمپانیای تەها مەحمود سادق و ئاکۆ، بۆ چاپ و بڵاو کردنەوە.
هاوبەشی بکە

AUIS, Culture, DidiMn, Event, Nali, Nali'sDay,