24/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی وه‌رگێڕان: دوازدە پێشنیار بۆ وەرگێڕەکان

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

ئه‌م په‌ڕاوه‌ به‌شێكه‌ له‌ پانێڵی وەرگێڕان کردەیەک زیاتر لە گۆڕینی وشە،كه‌ ماڵپه‌ڕی كلتووریی دیدی من لە بەرواری 6/10/2018 لە بنکەی ژین لە شاری سلێمانی ڕێکی خست.

شاڵاو حەبیبە

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕانەوە، دوازدە پێشنیار بۆ وەرگێڕەکان

  • یەک: خۆت بە پەرەگرافی یەکەمەوە زیاتر ماندوو بکە، عادەتەن ئەوانەی دەیانەوێت هەڵە لە وەرگێڕانەکەتدا بدۆزنەوە ئەم پەرەگرافی یەکەمە بەراورد دەکەن، چونکە تاقەتیان نییە بچن بەشی تر هەڵبژێرن و دوایی ئۆرجیناڵەکەی بدۆزنەوە.
  • دوو: سەری خۆت بەو قسانەوە مەهێشێنە کاتێک گوێت لە ”دەڵێن وەرگێڕانەکەی خراپە“، ”فڵانکەس دەیگوت حەیای بردووە“، ”برادەرێکی کوڕم هەیە لە شوێنێک، دەڵێ زمانەکە نازانێت“، ئەمانە هەر قسەن و سبەی بیر دەچنەوە، بەڵام کتێبەکەی تۆ دەمێنێتەوە.
  • سێ: بۆ سادەترین وشەیش کە گومانت لێی هەبوو، بێگومان بگەڕێوە بۆ فەرهەنگەکان، ماندوو مەبە لەوەی کاتێکی زۆر بۆ یەکاڵاکردنەوی واتای وشەکان تەرخان بکەیت، جا کاتێک وشەیەک چەندین ڕۆژ یان مانگ زەینت پەرێشان دەکات و سەرئەنجام لە سەرچاوەیەکی زۆر دەگمەنەوە واتاکەیت دەست دەکەوێت، ئەوکات پێکەنین دەتگرێت کە وەرگێڕان-بە-قسە-هەڵسەنگێنەکان یەکسەر دەچنە سەروەختی ئەو وشەیە و دەڵێن هەڵەیە. تۆ سەرسام دەبیت لە بوێرییان لە هەڵدانی قسەی بێبنەما.
  • چوار: تۆ کتێبەکەت ڕستەڕستە بە پشووەوە وەرگێڕاوە، بۆیە ڕێز لە نووسینێک بگرە کە لە بارەی کارەکەتەوە ڕستەڕستە دەنووسرێت، تەنانەت ئەگەر بە دڵیشی نەبوو، بەڵام کاتێک بە گۆترە قسە لە بارەی وەرگێڕانەکەتەوە دەکرێت، زیز مەبە، تۆیش بە گۆترە گوێ بگرە.
  • پێنج: ئاسایی وەریبگرە ئەگەر تەنانەت ئەوانەی تەنها یەک زمانیش دەزانن پێت بڵێن وەرگێڕانەکەت خراپە، تەماشاکەری کتێب مافی خۆیەتی بۆچوونەکەی دەرببڕێت.
  • شەش: ئەگەر ستایشی وەرگێڕانەکەیشیان کردیت، زۆر گوێ مەگرە، مەرج نییە کتێبەکەتیان خوێندبێتەوە، یان زۆر جار حیکایەتەکەیان بەدڵ بووە، دەنا سەرنجی وەرگێڕانەکەیان نەداوە.
  • حەوت: ئەگەر ئەو دوو-سێ یان یەک-دوو کەسە ئاقڵەی لێشی دەزانن گوتیان ئەم ڕستە و ئەو ڕستەیە ئەوا و ئاما وەردەگێڕدرێت، دیارە هێشتا نازانن کە وەرگێڕیش سەلیقە و شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە.
  • هەشت: ناونیشانی کتێبەکە بەدڵی خۆت وەربگێڕە، تەنانەت بۆشت هەیە بیشیگۆڕیت، هەر کەسێکیش گوتی بۆچی وات لێ کردووە، بڵێ شاڵاو حەبیبە وای گوتووە.
  • نۆ: بە دیوێکیشدا بۆیە قسە لە بارەی کارەکەی تۆوە دەکرێت، وەرگێڕە خراپەکان ئەوەندە بێتامیان کردووە کەس تاقەتی نەماوە قسەیان لە بارەوە بکات، مەگەر نەوەی نوێ.
  • دە: ئەگەر چالاک بوویت و گوتیان پەلە مەکە، بڵێ پەلەم نەکردووە. باوی ئەوە نەماوە وەرگێڕان بکەیت و لە فۆڵدەرێکدا هەڵیبگریت.
  • یازدە: پەراوێز بۆ ڕۆمانەکە دامەنێ، تۆ چۆن لێی تێگەیشتوویت با خوێنەریش ئاوا لێی تێبگات، من ئێستایش نەمتوانیوە وەرگێڕانە فارسییەکەی قەیرەکچی بالزاک بخوێنمەوە، چونکە هەر لاپەڕەی یەکەم نیوەی پەراوێزە.
  • دوازدە: ئەگەر کتێبت لە زمانی دووەم و سێیەمەوە وەرگێڕابوو، خۆ ڕەنگە ستایشیش بکرێیت، بەس بە داخەوە من لێت زیز دەبم. چۆن هەوڵ دەدەیت لە باشترین مارکە یان کۆمپانیا کاڵاکەت بکڕیت، ئاوهایش لە دەستی یەکەمەوە کتێب بۆ ئێمە وەربگێڕە، خۆ ئێمەیش لێت دەکڕین، ئێمەیش گوناحین، چاوەڕێی دەستی تۆین. فریومان مەدە. دەنا دوایی وەرگێڕێکی تر دێت ئەم جارە لە زمانی یەکەمەوە وەریدەگێڕێتەوە بۆمان، ئەوکات تۆ ڕووزەردی دنیا و وەرگێڕان و خوێنەر دەبیت.

هاوبەشی بکە

Wtari Kteb, په‌ڕاوی وه‌رگێڕان,