دیدی من
ساڤان عەبدولڕەحمان
لاوک ئەبوبەکر
وەک هەمیشە ڕۆژێکی ئاساییە؛ بۆنەیەکی تایبەت، یان دانیشتنێکی هاوڕێیانە، یاخود ژیان لە ڕەوتە ڕۆتنییەکەی خۆیدایە. ئەم ڕۆژە باش و تا ڕادەیەک بە شادییەوە بۆ هەموان دەڕوات، بەڵام لەناکاو ڕووداوێکی نائاسایی ڕوو دەدات و ئیدی هەموان دەکەونە بازنەی ئەو ناڕێکییەوە کە لە ڕۆژەکەیاندا دروست بوو… ئەمە هێڵی گشتیی فیلمەکانی ئەسغەر فەرهادییە.
بینەرانی فیلمەکانی فەرهادی، بونیادی هاوبەشی بەرهەمەکانی ئەو فیلمسازە دەناسنەوە: ڕووداوێکی ئاسایی، بەڵام تراژیدی و پڕ لە ناڕوونی، کە دەرەنجامگەلێکمان لە بەرهەمی ئەو هەموو نهێنییە شاراوەیەی لە پەیوەندییە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا هەن، دەخاتە بەردەست. سپێدە بە ڕێکەوت ئیلی لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەباتە گەشت، کە نایناسن. لای فەرهادی پێویست ناکات بۆ ئەوەی شتی تازە بە بینەرەکەت بڵێیت، ڕووداوێکی گەورە دروست بکەیت. بۆ نموونە ئەو ئوتۆمبیلی ئەو گەشتیارانە وەرناگەڕێنێت، بەڵکو زۆر ئاسایی ئیلی دیار نامێنێت و دۆزەخی دەرکەوتنی نهێنییەکان و دیوی ناوەوەی مرۆڤەکان دەخاتە سەر لەپی دەست و ”دەربارەی ئیلی” دروست دەکات.
هەشت فیلم بەم جۆرە، سینەمای ئەسغەر فەرهادییان دروست کردووە. ڕاستە هەندێک لە ڕەخنەگران و بینەران ئەم تێمایە بە دووبارەبووەوە و وەڕسکەر دادەنێنن و پێیان وایە هەموویان یەک فیلمن، بەڵام بۆ فەرهادی ئەم دۆزێکە شایەنی دەستلێهەڵگرتن نییە. ئەو لەسەر بنەمای ئەو کردارە ئاساییانەی ژیانی مرۆڤ سیناریۆکانی بونیاد دەنێت، کە دواتر هەڵەی گەورە و تراژیدیا دروست دەکەن. هەر بەمە تەواو نابێت و لێرەوە ئیتر ئەو پەرچەکردارانە دەبینین کە دەمانخەنە بەردەم چەندڕیانێک و سەری پەتەکەمان لێ ون دەبێت؛ زیاد لە جارێک گومان لە کارەکتەرێک دەکەین، لە هەمان کاتیشدا متمانەی پێ دەدەینەوە و گومان لەوی تر دەکەین، بەڵام پاش کەمێک ناتوانین متمانە بەویش نەکەین. ئەمە نەک هەر تێمایەکە کە ئەسغەر فەرهادی پڕۆژەی سینەماکەی لەسەر بونیاد ناوە و لە ڕێی چیرۆک و ڕووداوی جیاواز جیاوازەوە فیلمی لەسەر دروست دەکات، بەڵکو پرسێکی فەلسەفییە و دەمێکە بیریارانی گیرۆدە کردووە. دیالۆگە بوونگەراییەکانی فیلمی ”شاری جوان”، کاتێک تێماکەی لە دەوری لەسێدارەدان یان پێدانەوەی ژیانە بە کارەکتەرێک، ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەم پرسە دەبێت قووڵتر و فراوانتر کاری لەسەر بکرێت. هەر بۆیە هێشتا چیرۆکگەلێکی درکپێنەکراو هەن کە ئەسغەر فەرهادی سینەماکەی پێ بەردەوام بکات و فیلمی تریان لەسەر دروست بکات، هەر چەند وەرسکەڕ بکەونەوە.
سەرەڕای ئەم دنیا تاریکە، هێشتایش کارەکتەرەکانی فەرهادی بەسەر باش و خراپدا پۆلێن ناکرێن. ئەو تەنها دەیانخەتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە و تاقییان دەکاتەوە، دەیەوێت بزانێت پەرچەکرداریان چی دەبێت. لە ئەکامدا زۆرینەیان دەچنەوە سەر بونیادە ڕەسەنەکەیان، کە چەندین پلە جیاواز لەو کارەکتەرەیە، بینەر لە سەرەتای فیلمەکەدا بینیویەتی. هەر ئەمەیشە وای کردووە هەندێک لە ڕەخنەگران، پێکدادانی نەریت و مۆدێرنە بە یەکێک لە مۆتیڤە سەرەکییەکانی سینەمای فەرهادی دابنێن. چونکە کارەکتەرەکانی هەمیشە لە هەوڵدان مامەڵەیەکی عەقڵانی، کە تایبەتمەندیی سەردەمی مۆدێرنەیە، بەرامبەر ڕووداوەکان بنوێنن، بەڵام هەمیشە نەریتێک هەیە بیانوەستێنێت. بێگومان لە دەرئەنجامیشدا هەر ئەو نەریتە دەیباتەوە. فەرهادی عاقڵانە ئەمە لە ڕێی جۆرە مەسخبوونێکەوە دەگێڕێتەوە؛ هەڵبەت بە یارمەتیی کافکا. بەڵام ئەو کارەکتەرە مەسخبووەکەی فڕێ نادات و پیشانمان دەدات لە دوای ئەو ناڕێکییەی لە ژیانە ئاساییەکەیدا دروست بووە، چۆن پەرچەکردارێکی دەبێت. عیماد لە سەرەتای فیلمی ”فرۆشیار”دا، دەیەوێت لە وەڵامی خوێندکارێکیدا کە دەپرسێت: ”ئاخر مامۆستا، مرۆڤ چۆن دەبێتە مانگا؟” تەفسیری فیلمە بەناوبانگەکەی داریوش میهرجویی، ”مانگا”، بۆ خوێندکارێکی بکات و دەڵێت: ”بە درێژایی ڕۆژگار.” هەر وایشە: عیماد خۆی لەو مامۆستا و شانۆکارە ئاساییەوە، دەبێتە کارەکتەرێکی تۆڵەسێن.
دوای ئەم هەموو ورووژاندنەیش، فەرهادی ئەرکی سینەما وا نابینیێت کە چارەسەر پێشکەش بکات و ئەوە بە جۆرێک لە فریودان دادەنێت. بە بڕوای ئەو، دنیا پێویستی بە پرسیارگەلی زیاتری لەو جۆرەیە، تا وەڵام. خۆی دەڵێت: ”نامەوێت وەڵام بدەمە بینەر. ئەگەر وەڵامیان بدەمێ، فیلمەکە هەر لە هۆڵی سینەماکاندا کۆتاییان دێ. بەڵام ئەگەر بینەر بە کۆمەڵێک پرسیارەوە جێ بهێڵم، ئیتر فیلمەکە لە دوای بینینیەوە بە ڕاستی دەست پێ دەکات و لە ژیانیاندا دەمێنێتەوە.” ئەمە بەو مانایە نا کە ئەرکی ئەو وەک ”فیلمساز” دروستکردنی مەتەڵ بێت، نا، هەرگیز؛ فەرهادی بەو دیوە نادیارەی ژیانی کارەکتەرەکانیمان دەناسێنێت، کە ئێمەیش هەمانن و هەردوو لامان، کارەکتەرەکان و ئێمەیش، پێمان نەزانیون، کەچی کارەساتە گەورەکانی ژیانمان لەوێوە سازاون. کە پێیشیان دەزانین و دەکەوینە ناو بازنەکەوە، ئیتر گیزەگیزی پرسیار لە مێشکماندا دەست پێ دەکات و دەچینەوە سەر هەموو سەری دێڕەکان: لەو سینەمایەدا دنیایەک پێکدادانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری دەدۆزینەوە، دەبیانبینین و درکیان پێ دەکەین، بەڵام هێشتایش نازانین خەتای کێیە؟ قوربانییەکە کێ بوو؟ کوا جەللادەکە؟ ئیتر وەک پاکۆ لە دوا دیمەنی ”هەموان دەزانن”دا، شەکەت دەکەوین بە پشتدا و ناچارین چەندبارە لە ”وێنە گەورەکە” ڕابمێنینەوە. فەرهادییش خۆی هەر ئەمەی دەوێت.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.