ديدى من – ئاژانسی میزۆپۆتاميا
له كرمانجييەوە: سەليم جەمال
محەمەد ئاتڵى گۆرانيبێژ، موزيسيان و ژەنيارى بەتواناى باكووری کوردستان، كە خاوەن هەوادار و گوێگرێكى بێشوماره، نوێترين ئەلبوومى خۆى بە ناوى ”مۆرى مەرجان” بڵاو كردەوە. ئەو ئەلبوومە بە شێوەيەكى فەرمى له لايەن ماڵپەڕ و بڵاوكراوەى ”كۆم میوزيك” لەسەر يوتيوب و پلاتفۆڕمەكانى ديكەدا بڵاو كراوەتەوە.
ئەلبوومى ”مۆرى مەرجان” له نۆ گۆرانى پێك دێت به ناوەكانى: گولا دل، خاتر، مۆرى مەرجان، چاوەڕێكە، ڕەنگ ئەسمەرێ (محەمەد شێخۆ)، نێرگز، ئاى دنيا، زراڤ، خاتر (ئينسترۆمێنتال). هەروەها محەمەد ئاتڵى سێ له گۆرانيیەكانى ناو ئەلبوومەكەى كەڤەر كردوون و بە شێواز و ژانرێكى ديكە بەرهەمى هێناون.
محەمەد ئاتڵى، لە بارەى ئەلبوومەكەيەوە دەڵێت: بە وردى و ماندووبوونێكى زۆرەوە كارم لەسەر گۆرانى و تێكستەكاندا كردووە، هەوڵم داوە ژانرێكى فۆلكلۆر و ڕەسەن بخەمە بەر ئەلبوومى مۆرى مەرجان. گرنگيیەكى زۆرم بەو هونەرمەنده ڕەسەنانه داوە كە بۆ من وەكو مامۆستا و ڕێنيشاندەر وا بوون و له ئێستادا له ژياندا نين.
گۆرانيبێژى ناوبراو ئاماژە بەوەش دەدات كە پێويسته، ئازادى و مافەكانى گەلى كورد له چوارچێوەى مافەكانى مرۆڤ بەرز بنرخێنرێن و زەوت نەكرێن. بەڵام لەگەڵ بوونى هەموو ئەو ئاستەنگى و ڕێگريانەى كە بوونيان هەيە، میوزيك و سترانى كوردی لەسەر ڕێچكەى خۆى بەردەوامە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.