29/11/2024
DidiMn Logo
Top

یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ژه‌نیاران و بۆردی گشتی ئۆركێسترای ماڵی موزیك به‌ڕێوه‌چوو

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ساڤان عه‌بدولڕه‌حمان

ئه‌مڕۆ ٨\٢\٢٠٢١ ماڵی موزیك یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان له‌نێوان ژه‌نیاران و بۆردی گشتی ئۆركێسترای ماڵی موزیك له‌ هۆڵی یه‌ڵماز گیونه‌ی له‌ مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه‌سووره‌كه‌ ئه‌نجامدا. تێیدا باس له لایه‌نه‌ كارگێڕی و ئیتیكییه‌كانی ئۆركێستراكه‌ كرا. هه‌روه‌ها گفتوگۆی ئامانج و ڕوانگه‌ی ئۆركێستراكه‌ و شێوازی ڕاهێنان و پرۆگرامه‌كانی كرا، هاوكات ده‌رفه‌تێك بوو بۆ ئاشنابوون و یه‌كترناسینی ژه‌نیاران و بۆردی گشتی ئۆركێستراكه‌.

بیرۆكه‌ی ئۆركێستراكه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژه‌ له‌لایه‌ن ماڵی موزیكه‌وه‌ كاری له‌سه‌رده‌كرێت و پلانی ورد و ستراتیژی بۆ داڕێژراوه‌. ئامانجی ئۆرکێستراكه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌وه‌دا كه‌ وەک چەترێکی ئۆرکێسترایی ببێته‌ کۆکەرەوەی موزیسیانانی گەنج لە سلێمانیدا، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن ئەو بۆشاییەی کە قەیرانەکان دروستی کردووە، پڕ بکەنەوە، هەروەها ببێتە هەوێنی دروستبوونی چەندین ئۆکێسترای تر، چ لە شاری سلێمانی یاخود ناوچەکانی تر بە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

ستافی ماڵی موزیك ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ لەم کایەیەدا، ماڵی میوزیک دەستپێشخەر و پاڵپشتی تەواوی دەبێت بۆ هەر هەوڵێک كه‌ ئامانجی به‌ره‌وپێشبردنی موزیكی ئۆركێسترایی بێت له‌ هه‌ر شار و شارۆچكه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان و په‌لهاوێشتنی بۆ ئاسته‌ جیهانییه‌كان.

شایه‌نی باسه‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌رانی كارگێڕی و هونه‌ری ئۆركێستراكه‌ یان كه‌سانی موزیسیانن و یانیش حه‌ز‌ و خولیای موزیكیان هه‌یه‌ و گرنگی به‌ به‌ره‌وپێشبردنی بواری موزیك ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها ژه‌نیارانی ئۆركێستراكه‌ له‌ كه‌سانێك پێكهاتووه‌ كه‌ به‌شێكیان ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگاكانن و له‌ ئێستادا دووباره‌ وه‌ك مامۆستای موزیك كارده‌كه‌ن و به‌شێكیان خوێندكاری زانكۆو په‌یمانگاكانن له‌ شار و شارۆچكه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

مسته‌فا عه‌باس، ئاوازدانه‌ر و به‌ڕێوبه‌ری ماڵی موزیك كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا خاوه‌ن بیرۆكه‌ی ئۆركێستراكه‌یه‌ بۆ دیدی من وتی “ئامانج له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئاشناكردنی ژه‌نیاران بوو به‌ بۆردی گشتی ئۆركێستراكه. سه‌ره‌ڕای گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ڕوانگه‌ و ئامانجی ئۆركێستراكه‌ گرنگیدرا به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئیتیك و شێوازه‌كانی به‌شداریكردن له‌ ئۆركێسترای ماڵی موزیكدا.”

مسته‌فا عه‌باس – ئاوازدانه‌ر و به‌ڕێوبه‌ری ماڵی موزیك

سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی ڕاهێنان و خۆئاماده‌كردن بۆ ئۆركێستراكه‌ محه‌مه‌د سه‌عید به‌ڕێوبه‌ری كارگێڕی ئۆركێستراكه‌ بۆ دیدی من وتی “ له‌ ئێستادا ڕوون نییه‌ كه‌ی واده‌ی نمایشكی ئۆركێستراكه‌ دێت، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌فتانه‌ ده‌ست به‌ ڕاهێنانه‌كانمان ده‌كه‌ین و به‌هیواین پێش نه‌ورۆز بگه‌ینه‌ ڕۆژی نمایش”.

محه‌مه‌د سه‌عید – به‌ڕێوبه‌ری كارگێڕی ئۆركێسترا

محه‌مه‌د سه‌عید ڕاشیگه‌یاند، كه‌ خه‌ونی ماڵی موزیك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ناوی یه‌كه‌م ئۆركێسترای ماڵی موزیكدا و له‌ ماوه‌ی ئه‌و كه‌شه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌دا كه‌ بۆ موزیك ده‌خولقێت و له‌كاتی ڕاهێنانی ئۆركێستراكه‌دا، ڕابه‌ر و كه‌سانی لێهاتوو گه‌شه‌بكه‌ن و ده‌ستبكه‌ن به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیكردن و سازدانی ئۆركێستراكانی داهاتوو.

 له‌ ئێستادا ئۆركێسترای ماڵی موزیك هه‌موو قۆناه‌كانی ئاماده‌كاری ته‌واوكردووه‌ و هه‌فته‌ی داهاتوو یه‌كه‌مین ڕاهێنانی خۆی ئه‌نجامده‌دات. له‌ڕێی هاشتاگی #ئۆرکێسترای_ماڵی_موزیک و ماڵپه‌ڕی كلتووری دیدی منه‌وه‌ ده‌توانن ئاگاداری به‌ره‌وپێشچوونه‌كان بن.

هاوبەشی بکە

Kurdish Orchestra, Orchestra Mali Music,