16/04/2024
DidiMn Logo
Top

دیدی ماڵی میوزیک بۆ چامبەر ئۆرکێسترا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕاگه‌یاندنی ماڵی موزیك

لە بوونی بۆشایی هونەری موزیکی لە پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە کایەی هونەری و بە تایبەت هونەری میوزیک، ماڵی میوزیک هەڵدەستێت بە دروستکردنی چامبەر ئۆرکێسترای ماڵی میوزیک، کە لە موزیسیانانی گەنج پێک دێت. بۆ ئەوەی ببێتە هەوێنی ژیاندنەوەی هونەری میوزیک و بەرەوپێشچوونی، تا گەیشتنە قۆناغی زێڕینی هونەر کە سەردەمانێک لە پایتەختی ڕۆشنبیری لە ترۆپکیدا بوو، هەر ئەمەش وای کرد کە ناوی پایتەختی ڕۆشنبیری لێ بنرێت و چەندین هونەرمەندی پایەبڵند لە سەرجەم بوارەکاندا پێبگەیەنێت.

چامبەر ئۆرکێسترای ماڵی میوزیک، وەک چەترێکی ئۆرکێسترایی دەبێتە کۆکەرەوەی میوزیسیانانی گەنج لە سلێمانیدا، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین ئەو بۆشاییەی کە قەیرانەکان دروستی کردووە، پڕ بکەینەوە، هەروەها ببێتە هەوێنی دروستبوونی چەندین ئۆکێسترای تر، چ لە شاری سلێمانی یاخود ناوچەکانی تر، بە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە(لەم کایەیەدا، ماڵی میوزیک دەستپێشخەر و پاڵپشتی تەواو دەبێت بۆ هەر هەوڵێک بە دوای ئەمەدا بێت.)

دروستبوونی ئۆرکێسترا بە سەرجەم شێوازەکانییەوە بۆ بە ئاکادیمیکردن و دووبارە ژەنینەوەی میوزیکەکان، کارێکی تەواو دروست و ڕێگەپێدراوە لە سەرجەم وڵاتانی دنیادا، بەداخەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە هۆی بوونی چەندین فاکتەری جیاواز، جگە لە چەند هەوڵێکی کەم کە ئەوانیش تووشی چەندین چەڵەمە و ئاڵنگاری هاتوونەتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان یان وەستێنراون یاخود لە یەکێک لە قۆناغەکاندا هێندە رێگرییان هاتووەتە پێش کە نەتوانراوە بەردەوام بێت. لە بیریشمان نەچێت کە گوێگری میوزیک، هەمیشە شایەنی باشترینن و پێشکەشکردنی میوزیکی پر چێژ و زانستی و بەرهەمی ناوازەن، بۆیە وەک ئەرکێک ماڵی موزیک، هەنگاوی یەکەم دەهاوێژێت، تا گوێگرانی میوزیک شاد بکاتەوە بە میوزیکی چێژبەخش و بە کواڵێتی. هەروەها میوزیسیانانیش پێویستە دەرفەتی تەواوەتییان پێ بدرێت، سەرباری دیدی جیاواز و باگراوندیان، سەرباری توانا و لێوەشاوەییان. چونکە کاتێک قسە لەسەر کایەی هونەر دەکرێت، زۆربەی کاتەکان ڕەخنەکان ئاڕاستەی هونەرمەندان دەکرێت کە هەوڵی شەرمنانەیان هەیە، بەڵام دروست ئەوەیە کە هونەر نە دەرفەتی خۆی پێ دراوە و نە بە تەواوەتیش پایە گرنگەکەی خۆی فەراهەم کراوە تا بتوانرێت کاری کواڵێتی بەرز و پر چێژ بکرێت(لەگەڵ ئەمانەشدا، دنیایەک ڕێز بۆ هەموو ئەوانە دەردەبڕدرێت کە کاری ناوازە و داهێنەرانە دەکەن و هەموو هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنرێن.) ئێمە لە ماڵی میوزیک لە بری ئەوەی چاوەرێی دەرفەت بکەین، خۆمان ئەم دەرفەتە دەخوڵقێنین، بە هیوای ئەوەی بتوانین بگەینە ئامانج.

ئەمانەش، لە هەنگاوی یەکەمدا دروستکردنی چامبەر ئۆرکێسترایەک دەبێت، بە خەونی ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا ئۆرکێسترای سیمفۆنی دروست بکەین، پاشان پشتگیریی هەموو هەوڵەکان بکەین بۆ دروستبوونی ئۆرکێسترا بە هەموو شێوازەکانییەوە لە تەواوی ناوچەکان، هەوڵ بدەین ئەو چەترە هونەرییە دروست بکەین کە پێویستە بوونی هەبێت و هەموومان پێکەوە خەونی ژیانەوە و گەشاندنەوەی هونەری میوزیک بخەینە سەرووی خەمەکانمان و سەرەڕای جیاوازی دید و بۆچوونمان ببینە ئەو نەوەیەی کە چیتر خاڵ بخەینە سەر پیتەکان و کاروانی هونەری میوزیکی بگەیننەوە ئاستە پرشنگدارەکەی خۆی.

مەرجەکانی وەرگرتنی میوزیسیان:

-تەمەنی میوزیسیان لە نێوان ١٦-٤٠ ساڵاندا بێت.
-شارەزایی لە ئامێرێکی میوزیکیدا هەبێت.
-ئامادەیی تێدا بێت و پابەند بێت بە کاتەکانی کاری ئۆرکێسترا.
-بوونی ئەزموونی کارکردنی تاک(سۆلۆ) یان کاری گروپی میوزیکی چانسی زیاتر دەداتە میوزیسیان بۆ وەرگرتن.

تکایە لە ڕێگەی ئەم لینکەوە فۆرمی بەشداریکردن پڕ بکەرەوە.

https://docs.google.com/forms/d/e/1FAIpQLSce2Yk8yxVG-rcTmnxPzywZU-4-RU5eiQ0Aj-J8st4tSmiRYg/viewform?fbclid=IwAR3IqzFWgug2YUWA10UcQI4uYj4lEdDLg5LE9v2HxiLuhgNtUYed6k6Wf-A

دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردن 15/12/2020

هاوبەشی بکە

kurdish muscic, Kurdish Orchestra, Music,