20/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئۆركێسترای ماڵی موزیك: بۆچی ”یۆھان سێباستیان باخ” دەنگی خودا بوو؟

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئینسایده‌ر، لافام سكوێرلی
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: چرۆ عیزت

ئاوازدانه‌ری به‌ناوبانگ ”یۆھان سێباستیان باخ” بەوە دەناسرێتەوە كە لۆتەرییەكی (كەسێك كە سەر بە ڕێبازی ئایینی مارتن لۆتەر بێت.) باڕۆكەلەسەر بوو؛ كە بۆ دامودەزگاكانی كڵێسا و لەگەڵ چینی دەسەڵاتداراندا كاری كردووە. سەدان چیرۆكەگۆرانی پێشكەش كردووە، لە پاڵ فوگۆ (جۆرە ئاوازێكی مۆسیقییە) و چەندین كاری ئۆركێسترایی و ئاوازی دیكە بۆ پیرۆزی خودا.

بەڵام ژیانی ڕاستەقینەی باخ لەم وێنە بینراوانە جیاوازترە. لە ڕاستیدا لەو لێكۆڵینەوەیەدا ڕووبەڕووی سەختییەكی زۆر بووەتەوە ئاخۆ چۆن بیروڕا جیاوازەكانی مێژووی مۆسیقای كلاسیك بە شێوەیەكی گونجاو دەگاتە نەوەكانی ئایندە.

ئاوازدانه‌رێك ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە چۆن پیاوێكی ئاسایی توانیویه‌تی میوزیكێكی ھێندە سه‌یر بەرھەم بهێنێت؟ جۆن ئیلیۆت گاردینەر لە لێكۆڵینەوەكەیدا سەبارەت بە ”باخ” و لە ژێر ناونیشانی (Music In The Castle Of Heaven)دا دەڵێت: ”خەریكە وەكو یاخییەكی ڕەزاگران بیبینین.” ھەروەھا ڕۆبێرت ئێڵ مارشاڵی توێژەریش ئەوە دەخاتە ڕوو كە زانینی زانیاریی نوێ سەبارەت بە ژیانی ”باخ” پەیوەستە بە لێكدانەوەی ژیان و كارەكانی ئاوازدانەرەكە.

بەڵام خۆی و ھاوڕێ لێھاتووەكانیشی خۆیان لەم بابەتە لا دەدەن. ھەر وەك درێیفوس ئاماژەی پێ كردووە بەشێكی زۆری ئەو نووسراوانەی دەربارەی ”باخ” نووسراون ھەر دەڵێیت لە ژیانی لەقاڵبدراوی قەشەكانەوە سەرچاوەیان گرتووە.

كاتێك جۆن ئیلیۆت گاردینەر لە كێڵگەی خانەوادەكەیدا لە ”دۆرسێت” گەورە بوو؛ ھەموو ڕۆژێك لەسەر پلیكانەكان چاوی بە یۆھان سباستیان باخ دەكەوت، لە ماوەی دووەمین جەنگی جیھانیدا و لە ڕێگەی دەرفەتێكی سەرسوڕھێنەرەوە پەنابەرێك پۆرترەیتی ئاوازدانەرێك دەدات بە خانەوادەی ”گاردینەر”ەكان بۆ ئەوەی بیپارێزن، پۆرترەیتەكە لە ساڵی (١٧٤٨) و لە لایەن نیگاركێش ئیلیاس گۆتلۆب ھاوسمانەوە كێشرابوو، دوو ساڵ بەر لە مردنی ”باخ” یەكێك بوو لەو تابلۆ زۆر كۆن و بچووك و ماوەبەسەرچوانەی بە درێژایی ژیانی ئەم پیاوە مەزنە كێشرابێت.

جۆن ئیلیۆتی لاو پێی وا بوو تابلۆكە كەمێك تۆقێنەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژیانێكی دڵڕفێن و درێژی لەگەڵ ئەم ئاوازدانەرەدا پەرە پێ دا. ئێستا تەمەنی حەفتا ساڵە و بۆچوون و ئەندێشەكانی لەبارەی ”باخ” و میوزیكەكەیەوە لە پەرتووكێكی نوێدا خستووەتە ڕوو.

جگە لەوەی تابلۆكە پۆرترەیتی یۆھان سیباستیان باخە ھەروەھا پۆرترەیتی جۆن ئیلیۆت گاردینەریشە، كە بوو بە یەكێك لە ڕابەر و پێشەوایانی میوزیك و بزووتنەوەی ”ڕۆژگارە زووەكانی میوزیك” كە ئەم بزووتنەوەیەش ڕەوتێكی میوزیكی بوو، لە ساڵانی (١٩٧٠)كاندا دەركەوتن.

جۆن ئیلیۆت وەكو ڕابەر و نوێنەرێكی میوزیكی؛ بە ئەزموونكردن و پەیداكردنی شارەزایی لە میوزیكەكانی ”باخ”دا وا باشترە لە جێی زۆرینە دابنرێت بۆ دیاریکردن و باسكردنی ئەوەی كە بۆ خودی ”باخ” چۆن بوو كاتێك لە پێش مۆسیقاژەنەکانیدا ڕاوەستابا، ھەروەھا چی شتێك لە مێشكی ئاوازدانەرەكەدا دەگوزەرا كاتێك میوزیكەكانی دەنووسی.

زیاتر لە ھەر شتێكی دیكە، كارە دەنگییەكانی ”باخ” سەرنجی ڕاكێشابوو، كاری تێكردبوو، بە چیرۆكەگۆرانی، سروود و خۆشەویستی و جەماوەرەكەیشییەوە. ساڵی ٢٠٠٠ و لە ٢٥٠ھەمین ساڵوەگەڕی مردنی ”باخ”دا  كۆرسی گۆرانی ”كلاودیۆ مۆنتیڤێردی” و سۆڵۆژەنی شێوازی بارۆخ بۆ سروودی ئاینی باخ وەردەگرێت و پێشكەشی دەكەن.

لە ماوەی یەك ساڵدا، لە كۆی ٢٠٠ دانە لە چیرۆكەگۆرانییە دینییەكانی ”باخ”دا توانییان ١٩٨ دانەیان لە كڵێساكانی تەواوی ئەوروپا و ھەندێك لە كڵێساكانی ئەمەریكاشدا پێشكەش بكەن.

ئەم پەرتووكە لە دیدێكی ئاساییەوە لێی بڕوانرێت، پەرتووكێكی ژیاننامەیی نییە، كە لە پێشووتردا كۆمەڵێك پەرتووكی لەو جۆرە نووسرابوون، ھەندێكیان نایاب و ناوازە بوون، بەڵام ھەوڵێك بوون بۆ خستنەڕووی ئەم پیاوە و میوزیكەكەی، چەند شتێكی كەم لەبارەی ژیانی تایبەتی ”باخ”ەوە دەزانرێت؛ دووچاری خەم و پەژارەیەكی زۆربوو، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە ھەتیو دەكەوێت، پاش تێپەڕبوونی سێزدە ساڵ بەسەر ھاوسەرگیرییەكەیاندا ”ماریا باربارا”ی یەكەم ھاوژینی لەدەست دەدات، لەگەڵ یەكەم ھاوژینیدا حەوت منداڵیان ھەبوو كە چواریان بەر لە ”باخ” كۆچی دواییان كرد. ”ئانا ماگدالینا”ی دووەم ھاوژینی سێزدە منداڵی دیكەی بۆ خستەوە؛ بەڵام تەنھا شەشیان توانییان بگەنە تەمەنی پێگەیشتوویی.

لە كار و پیشەشدا، وا دیارە ”باخ” ژیانێكی سەختی گوزەراندووە، لە خانەوادەیەكی مۆسیقاژەنی لێھاتوو لەدایك بووە، لەو بڕوایەدا بوو دۆزینەوەی یەكەم پیشەی، شتێكی ئاسان بێت، بەڵام دەرفەتی پیشەكان سنووردار بوون و دەبوو لە نێوان كاروباری دادگا و كاركردن وەكو ژەنیاری كڵێسا و مامۆستای مۆسیقادا یەكێكیان ھەڵبژێرێت، ھەر یەكێكیشیان ڕێگرییەكیان ھەبوو. بۆ ماوەیەك ”باخ” لە نێوان ئەم دوانەدا ھەر ھاتوچۆی بوو، ماوەیەكی كەمیش خرایە نێو زیندانەوە كاتێك ھەوڵیدا لە وایمار (شارێكە دەكەوێتە نێوەندی وڵاتی ئەڵمانیاوە) پیشەكەی خۆی لە دادگا واز لێ بھێنێت بۆ پیشەیەكی باشتر. بەڵام ساڵی ١٧٢٣ قایل بەوەی وەكو ”تەوراتخوێن” لە كڵێسادا كار بكات و بەرپرسی مۆسیقا بێت لە كڵێسای ”لوثێران”ی قەشە تۆماس لە لاپزیك (شارێكە دەكەوێتە خۆرئاوای ئەڵمانیاوە) لەوێ مایەوە ھەتاكو ئەو كاتەی كۆچی دوایی كرد، واتا ھەتاكو ساڵی ١٧٥٠.

چەندین ھۆكار ھەبوون كە بێ ورەی دەكردن، لەوانەش؛ پارەیەكی زۆریان پێ نەدەدا، شارەكە بە پێی پێویست پارەیان بۆ خەرج نەدەكرد ھەتاكو مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژی باش و لێھاتوو ھەڵبژێرێت كە میوزیكە ئاڵۆزەكانی پێویستیان بوو. دەبوو وانەیەكی زۆریش بڵێتەوە، ئەنجوومەن و كۆمەڵەی دیوان فشارێكی زۆریان دەخستە سەری كاتێك ھەوڵی دەدا شتێكی ئازایانە و چاونەترسانە تاقی بكاتەوە، ھەروەھا چەندین یاسای میوزیكی ھەبوون.

ئەوەش خراوەتە ڕوو لەگەڵ ئەو كەسانەدا قسەم كرد کە پێیان وایە زۆر بەباشی ”باخ” دەناسن. بەڵام ئاگاداری ئەوە نین كە بۆ ماوەی مانگێك زیندانی كراوە، نازانن كە باخ لە شەڕێكی سەرشەقامدا چەقۆ لە مۆسیقاژەنێكی ھاوڕێی ڕادەكێشێت. ھیچیان نەبیستووە دەربارەی ئالوودەبوونی بە خواردنەوەوە.

لە گەشتێكی یەك دوو ھەفتەییدا ھەشت گرۆشنی (دراوێكی ئوستوڕالییە و یەكسانە بە ١/١٠٠ شێڵینگی نەمسا) لە كڕینی بیرەدا خەرج كرد. ھەروەھا لەگەڵ شازادەی ساكسوندا (شارێكە لە خۆرھەڵاتی ئەڵمانیا) ڕێكەوتبوو كە لە كارگەی بیرەوە بەبێ باجدان بیرەی پێ بدات. یاخود تاوانباركرا بەوەی لەگەڵ ئافرەتێكی نەناسراوی شوونەكردوودا پەیمانی بەستووە. یانیش ناوبانگی زڕا بەوەی بەبێ ڕوونكردنەوە و پاساو دەستبەرداری ئەركەكانی بوو. بەڵام ئەوەی لەم بیست منداڵە ناسراوەیەوە بۆمان دەركەوتووە وەكو ئاوازدانەرێكی گرنگ بەراورد بە ھەر ئاوازدانەرێكی دیكە لە مێژوودا (كە ھەندێك جار وەكو نوكتەیەك باس دەكرێت ئەوەیە كە ئەندامەكەی باخ وەستانی بۆ نەبووە.) یانیش بابەتی دووەم ھاوسەرگیری ئاوازدانەرەكە لەگەڵ ئانا ماگدالینا وێلیكی گۆرانیبێژ و تەمەن بیست ساڵ لە كاتێكدا خۆی لە سییەكانی تەمەنیدا بووە.

دەربارەی ئەو كێشانە زانیارییان نەبوو كە ”باخ” دەینانەوە، یاخوود تڕۆكردنی خوێندكارەكانی، یان ئەوەی ھەر ڕێگەیەكی دەگرتە بەر ھەتاكو گاڵتە بە دەسەڵاتداران بكات. بەم جۆرە لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی لایبزیگەوە (شارێكە لە ناوەڕاستی خۆرھەڵاتی ئەڵمانیا) ئاوازدانەرەكە بە ”كەسێكی لەدەست دەرچوو” ناو برا. كە بە توندووتیژییەوە ئەم فەرمانبەرە لاسار و داخلەدڵەیان سەرپێچی لە دوای سەرپێچی ئەنجامی دەدا.

تەنانەت ساڵی ١٧٣٠ ”باخ” دەبوو یاداشتەوتارێك پێشكەشی ئەنجوومەنی شارەكە بكات و ڕوونی بكاتەوە ”ئاخۆ بۆچی ئەو مۆسیقایەی لە ئێستادا گوێی بۆ ڕادەگیرێت دەبێت ڕابەری مۆسیقا نوێیەكان بكات؟” ئەویش لێرەدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ”ئەو شێوازی مۆسیقایەی كە ھەبوو چیدی گوێیەكانمان پڕ ناكەن.”

بەڵام دەشێت دیارترین لێدوان لە ڕەخنەكەی ”سكێلبی”یەوە بێت؛ كە دەڵێت ”مۆسیقاكانی باخ بە ھونەرێكی لە ڕادەبەدەر تارێك كراون” یاخود ”بە خوازە و شێوەگەلی دوایینەھاتوو شێوێنراون.”

بە واتایەكی دی؛ ئەو نیشانانەی مەزنیی باخ بۆ نەوەكانی داھاتوو ڕوون دەكەنەوە ھەمان ئەو نیشانانەن كە لە ڕۆژگاری خۆیدا لێی چاوەڕوان دەكران. بەڵام بە كەمی پێویستیت بەوە ھەیە لەم ڕووداوانەی ژیانی باخ بكۆڵیتەوە و بیانزانیت ھەتاكو بیانكەیت بە پێوەر بۆ ڕەوتە ھونەرییەكەی، تەنھا گوێ لە مۆسیقاكانی ڕاگرە، كە تیایاندا تەكنیك و توانای داھێنەرانە خۆیان بەیان دەكەن و كۆمەڵگەی توندووتیژی لۆتەری دەخەنەڕوو.

بەشێكی زۆر لەو ڕەخنەگرە مۆسیقییانەی دەربارەی مۆسیقاكانی باخ بۆچوونی خۆیان دەخستە ڕوو لە ژیاندا نەماون؛ بەڵام ژمارەیەكی كەم لەو بۆچوونانەی سەردەمەكەی كە بەجێماون گومانیان لە بێزاریی باخ نەبووە دەربارەی ئەو یاسایانەی كە مۆسیقاژەنەكانی دی لە ژەنینی مۆسیقادا پەیڕەویان دەكرد. گوێبیستی ئەو گلەییە دەبین كە باخ بێ لێكدانەوە و بۆ ماوەیەكی درێژ، وتاری بۆ كڵێسا ھەبووە، ناڕەزاییەكانی یۆھان ئەدۆڵف سكێتی ئاوازدانەریش دەخوێنینەوە كە بە توڕەییەوە باخ تاوانبار دەكات بەوەی مۆسیقاكانی ”گەورەكراو و تێكەڵ و پێكەڵن.” بەڵام لە لایەكی دیكەشەوە لە شوێنی گونجاودا بوو، ئامانجە گەورەكەی؛ كە بۆ مامۆستاكەی پێشووتری ڕوون كردبووەوە ئەوە بوو كە ”بۆ پیرۆزی خودا ئاواز بۆ میوزیكێكی ڕێكوپێك و ڕێكخراو لە كڵێسادا دابنێت.”

لەبەر ئەوەی بڕوایەكی پتەوی بە پڕۆتستانتی ھەبوو، ھەروەھا زۆر لەگەڵ بۆچوونەكانی مارتن لۆتەردا بوو؛ باخ دەرفەتی ئەوەی ھەبوو، ئەو شتە ئەنجام بدات كە ویستێكی زۆری ھەبوو بۆ  ئەنجامدانی، كە ئەویش نووسینی میوزیكی پیرۆزی كڵێسا بوو. لەگەڵ گەیشتنی بە كڵێساكەی قەشە تۆماس كە بە “Thomaskirche”ش ناسرابوو؛ دەستیكرد بە ئاوازدانان بۆ سروودی ئاینی. لە ماوەی سێ ساڵدا ھەموو ڕۆژانێكی یەكشەممە بۆ سروودەكانی كڵێسا ئاوازێكی نوێی دادەنا، كە میوزیكێكی بیست خوولەكی دەگرتەوە. ھەروەھا بە درێژایی ئەو ماوەیە لە ھەموو جەژنێكی زیندووكردنەوەی مەسیحدا ئاوازێكی درێژی بۆ باسكردنی ئازاری ”مەسیح بەسەر خاچەوە” دەنووسی، لە پاڵ نووسینی چەندین میوزیكی دیكەدا.

بەڕێز جۆن بە شێوەیەكی پسپۆڕانە و پڕ وردەكارییەوە شیكردنەوەی بۆ ژمارەیەكی زۆر لەم سروودە ئایینییانە کردووە، ھەروەھا دروستكردنی ھەر یەكێك لەو ئاوازانەیشی ڕوون كردووەتەوە كە باخ بۆ ئازارەكانی مەسیح نووسیویەتی، لە پاڵ ڕوونكردنەوەی ئاوازی (Latin Mass in B minor). ئەوەی خستووەتەڕوو كە لە كاتی ھەڵبژاردن و دیاریكردنی تێكستەكاندا، چەند بۆچوون ختوورەیان كردووە و كوالێتی پێكھاتە و ئاوازەكان چەند ڕێكوپێك و لەگەڵ یەكدا گونجاو بوون.

ئەمەش میوزیكی ڕاستەقینەی سەدەیە كە لە میوزیكەكانی ھیچ كەسێكی دیكە ناچێت، لە ڕادەبەدەر ئاڵۆز و بوێرانە و لێڵ نووسراون، بۆ ھەریەكە لە گوێگران و ژەنیارانیش سەختن، تەنانەت خوێندنەوەش لە بارەیەوە پێویستی بە تەركیز و سەرنجێكی زۆر ھەیە؛ یان دەبێت شارەزایی و زانیارییەكی باشت لە مۆسیقادا ھەبێت، یانیش دەبێت گوێگرێكی زۆر باش بیت بۆ ئەوەی بتوانیت لێی تێبگەیت. پەرتووكەكەی جۆن بۆ ئەو كەسانە نین كە لە سەرەتای ئاشنابووندان بە باخ، بەڵام بێگومان پەرتووكێكی بەسوودە.

لەوانەیە نەكرێت ھێڵێكی ڕاست بكێشرێت لە نێوان ڕادەی توندڕەوی و ھەڵچوون و كارە جیدی و میوزیكە سەرسامكەرەكانی ”باخ”دا. لە وەڵامی نھێنی سەركەوتنی لە كارە مۆسیقییەكانیدا بە ئەنقەست ناڕوونانە دەڵێت ”ناچاربووم چالاك و ھەتەر بم، ھەر كەسێكیش ھاوسەنگی ھەتەربوونی ڕاگرێت سەركەوتوو دەبێت.”

جۆن ئیلیۆت بە گەڕان و لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر كارەكانی باخ، بە وەڵامێكی باشتر گەیشتووە، ئەو بلیمەتی و لێھاتوویەكی لە وێنە نەبووی لە ”باخ”دا بۆ دەركەوتووە. بەڵام لە كۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە ئەمەش پەیوەندیی با باوەڕەوە ھەیە، ئاوازدانەرەكانی دیكەی وەكو ”مۆنتیڤێردی، بیتھۆڤن، مۆزارت” بە چەندین ڕێگەی جیاجیا شكۆدارییان نواندووە، بەڵام ئەوە باخ بوو كە لە بەرگی مرۆڤدا دەنگی خودای پێگەیاندین.

كارەكانی باخ لە دوای مردنیشی ھەر مانەوە، كەسانێك لەو بڕوایەدان كە كارەكانی باخ لەبیر كرابوون ھەتاكو ئەو كاتەی مێندڵیسۆن لە كۆتایی ساڵانی (١٨٢٠)ەكاندا یارمەتیدەر بوو لە دووبارە سەرنج خستنە سەریان، بەڵام ئەوە بە تەواویی ڕاست نییە، مۆسیقاكانی باخ لەو ساڵانەیشدا پارێزرا بوون، بە شێوەیەكی سەرەكییش بە ھۆكاری پەروەردەیی.

گۆڕی یۆهان سێباستیان باخ

لە كۆتاییدا كە بلیمەتیی نائاسایی باخ دەركەوت؛ لەگەڵ ھەستی نەتەوایەتی ئەڵمانی و بوژاندنەوەی ئایینییدا ھاوجووت بوو. بزووتنەوانەكان لەو بڕوایەدا بوون بتوانن ئەم ئاوازدانەرەی ئێستا دەمێك دەبێت كۆچی كردووە بۆ كارنامەكانیان بەكاربھێنن. تەنانەت ئەوە ڕوون نەبووەتەوە ئاخۆ باخ وەكو ئەڵمانییەك خۆی ناساندووە یاخود سەكسۆنییەك (ئەو بە ڕەگەز ئەڵمانییانەی بەریتانیایان داگیر كرد و لێی گیرسانەوە) یانیش وەكو ثیورێنگیایەك (ناوچەیەكی مێژووییە لە ئەڵمانیا.)

ساڵی ١٨٠٢ ژیاننامەنووس یۆھان نیكۆلاس فۆركێڵ دەربارەی باخ نووسی: ”ئەم پیاوە مەزنترین شاعیری مۆسیقی و مەزنترین وتاربێژی مۆسیقییە كە بوونی ھەبووبێت و ھەبێت، ئەو ئەڵمانی بوو، وای كرد وڵاتەكەی شانازی پێوە بكەن.)

هاوبەشی بکە

J bach, Kurdish Orchestra, Musician, Orchestra,