21/11/2024
DidiMn Logo
Top

حەرفی نەزۆک

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

سەروەر مەحموود

پسووڵەی ساتەوەختی “با”
لە دەلاقەی تەمی ئاودا
ناتوێتەوە…
تا وتنی “الحمدلله”ی دوای پژمە!
چاوەنۆڕی بەر پەنجەرە
لە نیگای تێفكریندا
ڕوون ناچێتەوە…
تا خستنەسەرپشتی دەرگا.
خەرەندی خەم
لە كۆی سینە دەر ناچێ
تا نەكرێتەوە…
كڵافەی ماچی لەنگ!
دووگیان نابێ بینینەوەت
تا بەر ژانی…
سڵاوێكت نەكەومەوە!
تووشی خونچەی
دەوا نابم
تا نەبیستم…
لە “الفاتحە”ی هەر نوێژێكا.
“یا رب” بۆی بــم
دەخەیتە پێش
“ولا الضالیـــن آ‌مین” نەوە!

ڕەنگیان كرد “با”
ڕووتیان كردەوە ئاو.
لە چاوشاركێی كۆڵانێكدا،
چاوی مانگیان بەست تا ون بوو
لە چێشتەنگاوی خودادا
كردیانە ڕۆن زەردێنەی خۆر.
سەرخۆش بوون
حەرفی نەزۆك
لە یەكەم لەرینەوەی لێودا
بۆ ژمژییەی* خۆشەویستی.
شكان
تریفەكانی پێكەوەبوونی مانگ،
تكان، ئاوی قورسی،
بەرموسەڵانی هەور
سەر یەك كەوتن…
فەقەرەكانی بوغزی ئیمان
لە دەركەوتنی ڕوخساری خودادا!

*ژمژییە: جموموڵ

هاوبەشی بکە

Kurdish Poetry, Poetry,