16/11/2024
DidiMn Logo
Top

‎دەبێ‌ نیلوفەڕێ‌ لە خەیاڵماندا بڕوێ‌

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سەرۆ مەحموود

گوێم لە سروەی پێیە
دەشێ ئاو سەفەر بكا
‎پێدەچێ بیابان
‎شەرمی بێپۆشتەی گرتبێ
‎ڕەنگە “با”
‎وسڵی تووڕەبوون دەر بكا
‎باران یوسفئاسا
‎حەوت دەرگای جووتبوون لە هەور دابخا!
‎دەشێ ئاسمان پێكەنیبێ،
‎ئەستێرە چڵ چڵ دەشكێنەوە نێو جامی
‎ماچ.

‎ژیان وا لەجێ دەچێ:
دەبێ دەستی هەق بدەینەوە دەستی ئاو
ماچ لە باران بسەنینەوە بۆ خاك و
‎دڵی پەپوولە متوربە بكەین لە مرۆڤ!
‎دەبێ نەوت بكەینە بن داری گوناهـ
‎تف بكەینە بناگوێی شەیتان
‎بانگ بدەین بە ڕووی منارەدا
‎دەستنوێژ لە وەهم بشكێنین!
‎دەبێ دڵ بكەینەوە بە ئاو،
‎گیان بكەینەوە بە گیا.
‎هەتا تمووع هەس، جوانی خڕ كەین
‎هەتا بێز هەس، ڕق فڕێ دەین
‎دەبێ بژین تا ژیان پشتی تێ نەكردووین
‎لازمە بمرین تا ناهەقی لەگۆڕێ بێ!

‎“با”كان لانەی كوكوختییەكانیان شێواند
‎گەڵاكان باری مێروولەكانیان بەر دایەوە
‎باران ئاهەنگی پاسارییەكانی تێكدا
‎بەفر تاقەتی مارەكانی لە كون نا.
‎دەبێ ئاسمان ئاگادار بكرێتەوە
‎دەبێ سروشت بەخەبەر بهێنرێ
‎ئەم عەزابە تا كوێ دەڕوا..
‎ئەم گڕە تا كەی دەگڕێ!
‎ئاسكەكان ناسكییان خورا
‎باڵندەكان ئاسمانیان كەوت
‎تووتییەكان تووشی لەبیرچوونەوە بوو
‎دەبێ خودا قسەیەك بكا
‎دەبێ مرۆڤ ڕاچەڵەكێ،
‎هەقێك هەستێتە سەر پێ و دەنگ هەڵهێنێ
‎چاوێك چاو بكاتەوە و بڕوانێ
‎ئەم زوڵمە چیای بە ئەژنۆدا هێناوە
‎ئەم غەدرە دەریای سووتاندووە…

‎كانییەكان تێكڕا كوێر بوون
‎چرۆی گەڵاكان پێكڕا ژاكان
‎خەمەكان خێراخێرا تەشەنەیان سەند
‎دەبێ شادمانی شتێك بڵێ
‎دەبێ پێكەنین قسەیەك بكا
‎بارانێك میهرەبانی بنوێنێ
‎زەوی خەریكە تینوێتی دەیخوا
‎هەتاوێك نیانی بنوێنێ
‎گوێسەبانەكان چلوورەیان كردووە!

هەناسەم لێ بڕاوە
“با” لە سنگی كچێكدایە
پەنجەم لەرز گرتوونی
‎شیعر خۆی نادا بەدەستەوە
‎سەرم بۆ خەونێ دەگەڕێ
‎سەرین لەژێر سەری كێدایە؟
‎دەبێ دەنگ نووزەیەك بكا
‎زمان دەستكا بە خشەخش
‎ئەم برینە لیخن بووە
‎ئەم زامە هەر تلۆقە دەكا!

‎گەرووم پڕە لە لوغمی قسە
‎ڕیشم پڕ چڵكی مەراق؛
‎سەدایەك لە پەنجەرەوە نایەت
‎شەرمێك لە بارانەوە نابارێ
‎لقێكی شكاو هەڵناسێتەوە سەر پێ
‎گوڵێك خۆی سوور ناكاتەوە
‎دەبێ موسافیر ڕابوەستێ
‎دەبێ ژانتا خۆی بزر كا
‎ئەم هەنگاوانە تا كوێ دەچن
‎ئەم ڕووندكانە هەتا كەی دەڕژێن؟

‎باڵام هێندەی تابووتێك درێژ بووە
‎دەروونم ئەوەندەی لاملێ گازی پێوەیە
‎بۆنێك لە بەدەنمەوە دێ
‎بۆڵەبۆڵێ لە زارمەوە؛
‎پێدەچێ مردن بیەوێ شتێ بكا
‎خودا بیەوێ دوامرۆڤ بكوژێ!
‎دەبێ نیلوفەڕێ لە خەیاڵماندا بڕوێ
‎دەبێ كانییەك بە دەستمانەوە بتەقێ
‎ئەم باخچە بۆچی زەرد دەچێتەوە
‎ئەم ئاوە بۆچی ئۆقرەی لێ بڕاوە؟

‎شارێك خەریكە وێران دەبێ
‎قەڵایەك وا بەر دەبێتەوە.
‎گرمەیەك لە سەرمەوە دێ
‎پژمەیەك لە پەنجەی پێمەوە،
‎دەست بۆ شیعر دەبەم، دەوەرێ
‎بۆ پیت و دێڕ… دەژاكێن!
‎ڕەنگە چڵی سێبەرێ شكابێتەوە
‎پێدەچێ تابووتی مەرگێ سووتابێ،
‎دەبێ بەڵا زیندانی بكرێ
‎دەبێ سزا بدرێ لەسێدارە!
‎ئەم كۆڵانە بۆ وا ڕەشپۆشە
‎ئەم شەقامە بۆ وا برسییە؟

‎باخچەیەك وەختە دەخنكێ
‎گوڵ بەهەڵەداوان ڕادەكا
‎زنجیرێ خۆی ڕادەپسكێنێ
‎شۆستەیەك سنگی شەق دەبا
‎بەلووعە دەپڕمێنێ
‎هەرێز تا سەرلووتی لە ئاودایە
‎بانگ لە باخەوان دەكەن؟…
‎لە زاریەوە… خودا مەرگ… خودا مەرگ، بەڵێ
‎دەبێ زەوی قۆڵ هەڵبماڵێ
‎دەبێ گڵ سەد بیر لێبدا،
‎ناكرێ باخچە بخنكێ
‎ناكرێ ببینین گوڵ دەمرێ!

‎گریانێك زمانی گرت
‎سەرینێك فێرە نووسین بوو
‎پەنجەرە گشت گیانی بوو بە گوێ
‎ئاوێنە پڕ بوو لە ڕوانین…
‎كراسێك لە كەنتۆرەوە دەستی دەر هێنا
‎شووشەبۆنێك كەوتە خوارەوە شكا
‎ملپێچێك چاوی پڕ بوو لە ئاو
‎قەمسەڵەیەك تەنگەنەفەس بوو!
‎دەبێ شكات لە لامل بكرێ
‎دەبێ لەپی دەست بدرێتە دادگا!
‎چۆن دەبێ ژوورێك بتاسێ
‎مێزێك تووشی ڕەبووە ببێ؟

‎دارستانێك خۆی تووڕە كرد
‎مێخەرەندێ زەندەقی چوو
‎گورگێك دەستی كرد بە لوورەلوور
‎بزنەكان سەریان لە شوانەكە تێكدا.
‎تاریكی گوندەكەی داپۆشی
‎چرای بەرهەیوانەكان پێكران
‎دەرگایان لەسەر كەڵەشێرەكان داخست
‎سەگەكان دەستیان كرد بە حەوحەو!
‎دەبێ ئەنجوومەنی گوند بگیرێ
‎ڕدێنی مەلا بتاشرێ،
‎ڕێگەی كانی بۆچی چۆڵە
‎ئەوین بۆ حەرام كراوە؟

‎زەمین تووشی دڵەكزە بووە
‎ڕووبار هەر نزگەرە دەكا،
‎لە ڕووی هەور دەڕوانم… چڵكن،
‎لە قوڕگی باران… وشك،
‎دەست بۆ ئاو دەبەم… مات،
‎بۆ گیا… زریكە!
‎ترێ لێدەكەمەوە، دەگریم
‎پیاز دەجنم، شیوەن دەكەم
‎كە بەرگی لالە لا دەبەم
‎دڵم توند دەبێ،
‎كە سێو قاش دەكەم
‎ژان دەمگرێ.
‎پشیلە دەبینم دەترسێ، دەترسم
‎مریشك دەبینم تینووە، دەخنكێم.
‎دەبێ ئادەم زیندوو بكرێتەوە
‎حەوا دیسان دووگیان ببێ،
‎ئەم نامرۆڤییە تا كەی
‎ئەم كوشتارگەیە تا كوێ؟

هاوبەشی بکە

Kurdish Poetry, Poetry,