16/11/2024
DidiMn Logo
Top

جه‌بار سابیر، له‌باره‌ی خۆی و كتێبی “دواهه‌ناسه‌كانم”ه‌وه‌

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – جه‌بار سابیر

چلوپێنج ساڵم. له چواری سه‌ره‌تایی شیعره‌ كلاسیكییه‌كان و سرووده‌ نیشتمانییه‌كان، سه‌رنجیان ڕاكێشام و كه‌وتمه‌ خوێندنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌یان له‌ ده‌فته‌رێكدا كه‌ تا ئێستایش هه‌ندێكیم ماوه. به‌هاری هه‌شتاوهه‌ش یه‌‌كه‌مین كتێبم به‌ پاره‌ی ڕۆژانه‌م كڕی. ”ڕستێك زه‌نگیانه‌ی‌ ئاوی” حه‌مه‌ فه‌ریق حه‌سه‌ن، كه‌ وانه‌ی كوردی پێ دەگوتین و له‌ خوێندنگه‌كه‌ ژوورێكیان دابوویه‌، كتێبه‌ چاپكراوه‌كانی خۆی لێ دانابوو، به‌ ئێمه‌ی ده‌فرۆشته‌وه‌.

دواتر كه‌مێك گه‌وره‌تر بووم و به‌ره‌و شیعری گوران و دوای گۆران، شێركۆ و په‌شێو و هه‌ڵمه‌ت و ئه‌وانی تر ڕۆیشتم. ئه‌و قۆناغه‌ سیاسه‌ت هه‌موو شتێكی داگیر كردبوو، ئێمه‌یش حه‌زمان له‌ شیعره‌ به‌رگرییه‌كان بوو.

ڕاپه‌ڕین به‌ جارێك ئێمه‌ی خست به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی به‌رگریدا و تا ئه‌م ساڵانه‌یش به‌رینه‌دابووین. دواتر له‌ ڕۆمان و چیرۆك نزیك بوومه‌وه‌ و له‌ یه‌شار كه‌ماله‌وه‌ ده‌ستم كرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی و كاتێكم زانی گه‌یشتوومه‌ته‌ جۆرج ئۆروێڵ، مه‌زاری ئاژه‌ڵان له‌ وه‌رگێڕانی ئازاد مسته‌فا و محه‌مه‌د شاكه‌لی كه‌ له‌ شاخ چاپ بووبوو، ئه‌و ڕۆمانه‌ پێی گوتم ڕاپه‌ڕین ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ شۆڕشگێڕه‌كان و به‌رازه‌كان تێكه‌ڵ ده‌بن و كه‌س ناتوانێت لێكیان جیا بكاته‌وه‌.

كه‌وتمه‌ شیعرنووسین و خۆشم نه‌مده‌زانی چی ده‌كه‌م. هه‌ر له‌ پێش ڕاپه‌ڕین و ڕێك له‌ زستانی ١٩٨٧دا له‌ گه‌ڕه‌كی به‌رانان یه‌كه‌م وشه‌ی فارسیم بیست. ”كجا میری” ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ پڕ بوو له‌ ماڵه‌ موجاهید و ڕۆژانه‌ منداڵه‌كانیانمان ده‌بینی و گوێمان له‌و وشانه‌ ده‌بوو، گوتم ده‌بێت بزانم ئه‌م ”كجا میری”یه‌ مانای چییه‌؟

له‌ نه‌وه‌ده‌كان خووم دایه‌ گۆرانی فارسی و هایده‌ كاته‌كانمی داگیر كرد، دواتر براده‌رێك له‌ ئێرانه‌وه‌ دوو كتێبی ئه‌حمه‌د شاملوی بۆ هێنام. پێشتر له‌ ١٩٩٤دا به‌ هۆی ”وه‌ستا حسێن”ه‌وه‌ ناوی شاملوم بیستبوو، زۆر وه‌سفی ده‌كرد، ئێستا ئه‌و له‌ ئه‌مەریكایه‌. ئه‌مه‌ ئیتر بردمی به‌ره‌و فێربوون و یه‌كه‌م كتێبم له‌ ساڵی ٢٠٠٩دا وه‌رگێڕا، ”ڤیسكۆنتی دووله‌تبوو”ی ئیتالۆ كالڤینۆ. به‌م جۆره‌ گه‌یشتمه‌ ئێره‌ و ئه‌م كتێبه‌ی ”لویس بۆنوێڵ” هیوادارم كارێكی باشم كردبێت و سوودێكم هه‌بووبێت.

بۆنوێڵ له‌م كتێبه‌دا باسی سه‌ره‌تاكانی سینه‌ما ده‌كات، باسی سوریالیزم و داداییزم، پاریسی ده‌یه‌كانی بیست و سی، ئیسپانیای ده‌یه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست. په‌یوه‌ندیی نێوان هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئه‌ورووپا. بونوێل زۆر به‌ وردی له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ وه‌ستاوه‌ و به‌ شێوازێكی ئه‌وه‌نده‌ جوان و سه‌رنجڕاكێش یاده‌وه‌رییه‌كانی نووسیوه‌ته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ ناتوانێت كتێبه‌كه‌ دابنێت تا هه‌مووی ته‌واو نه‌كات. كتێبێك كه‌ پڕ له‌ زانیاریی نوێ و مرۆڤ به‌ خوێندنه‌وه‌ی پڕ ده‌بێت له‌ بابه‌تی جوان و گرنگ، که‌ پێشتر نه‌یزانیوه‌. ئەم مرۆڤه‌، سینه‌ما هه‌موو ژیانی بووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی حه‌زی له‌ هونه‌ر بووه‌ وه‌ك هونه‌ر، حه‌زی له‌ هونه‌ر نه‌بووه وه‌ك كاروكاسبی و پیشه‌.

 به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ و وه‌رگێڕانی؛ من وه‌ك خۆم گه‌شتێكی خۆش و سه‌رنجڕاكێشم كرد به‌ ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریكای ده‌یه‌ی بیست و سی و چل و په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوودا. لێره‌دا قۆناغێكی هه‌ستیار له‌ مێژووی كیشوه‌ری سه‌وز ده‌خوێنینه‌وه‌. سه‌رده‌می دووەمین جه‌نگی جیهانی و شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا. ڕه‌وت و قوتابخانه‌ هونه‌رییه‌كان، به ‌تایبه‌ت سوریالیزم. لێره‌وه‌ و له‌م كتێبه‌دا زۆر ڕووخساری دیاری هونه‌ریت خۆشتر ده‌وێت و زۆریش هه‌بوون كه‌ پێشتر خۆشت ویستوون، زۆروكه‌م له‌ به‌رچاوت ده‌كه‌ون. زۆر شتم زانی كه‌ پێشتر نه‌مده‌زانی و ئاشنای ژیانی زۆرێك له‌و گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رانه‌ی دنیا ده‌بیت كه‌ پێشتر كه‌مت له‌سه‌ر زانیون.

    بۆنوێڵ كه‌سێكی بێده‌نگ بووه‌ و به‌ بێده‌نگیش كاری خۆی كردووه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌وه‌كانی سه‌رده‌می خۆی و دوای خۆیشی داناوه، به‌ جۆرێك كارلۆس فۆینتسی ڕۆماننووسی دیاری مه‌كسیكی ده‌ڵێت: هیچ كه‌سێك وه‌ك ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ كاری له‌سه‌ر بێباوه‌ڕی نه‌كردووه‌. بۆنوێڵ كه‌سێكی یاخی بووه‌ به‌ مانای وشه‌، یاخی له‌ هه‌موو سیستم و ئایدۆلۆژیایه‌ك و ئه‌مه‌یش له‌ هه‌موو كاره‌كانیدا دیاره‌.

هاوبەشی بکە

bonuel, Jabar sabir, Translation,