دیدی من – ڕێژەن جەمال
ماوەیەکە زۆر باسی ئەوە دەکرێت سلێمانی سەنتەری شانۆی باشووری کوردستانە، دەوترێت سلێمانی بەبێ شانۆ شتێکی نوقسانە. حکومەت و حزب و هەموان باسی گرنگیی شانۆ دەکەن، هەموو ئەم قسانە ڕاستن، بەڵام کام شانۆ؟
ساڵی 2023 کاتێک کۆتا بەرهەمی کۆڕی شانۆی با بە ناوی (بێتاوانی و سزا) لە نمایشکردن نزیک دەبوەوە، لە سەروبەندی ئامادەکارییدا بووین بۆ وەرگرتنی هۆڵی ڕۆشنبیریی، لە ئیدارەی هۆڵەکەوە داوایەکی نامۆمان لێکرا؛ گوتیان دەبێت دەقە شانۆیییەکە ببەن بۆ ئاسایش! من ئەو کاتە بەهۆی سترێسی ڕۆژانی نزیک لە نمایشکردنەوە، زۆر بە دەم بابەتەکەوە نەچووم و وەک حاڵەتێکی تێپەڕ سەیرم کرد. بەڵام ساڵانی دواتر بینیم کە ئەمە شتێکی تێپەڕ نیە، بەڵکو بووە بە بڕیار. هەندێک لەو هاوڕێیانەم کە دواتر نمایشەکانیان پێشکەشکرد، ئەوانیش هەمان داواکارییان لێکرابوو، تەنانات هەندێکی تریان کە فیلمسازن، بەڕاستی ڕووبەڕووی ئەم جۆرە سانسۆرە بوونەوە: سانسۆری بینینی دەقی شانۆیی بەر لە نمایشکردنی، بینینی سیناریۆی فیلم بەر لە وێنەگرتنی.
کاتێک لەگەڵ هەندێک لەو لایەنە فەرمیانە دەربارەی ئەم بابەتە قسەمان کرد، ئەوان وەك ڕێکارێکی ئاسایی باسیانکرد، بەڵام ئەمە ڕێکارێکی ئاسایی نییە و جۆرێکە لە سانسۆر، یەکێک لە هاوڕێ دەرهێنەرەکانمان داوای لێکرابوو دەقی شانۆییەکەی نیشانی لایەنی ئەمنی بدات، ئەویش پێی گوتبون دەقەکە هی فڵان نوسەری ناودارە، بەڵام لایەنە ئەمنیەکە پێیان گوتبو: نا.. دەقی نمایشمان پیشان بدە نەک دەقی نوسەر. ئەم وردەکارییە تەنیا شانۆکارەکان دەزانن چیە، بۆ ئەو دەرهێنەرانەی سەربەستیی لە کارکردن وەردەگرن، دەق لەلایەن بە دوو قۆناغدا دەڕوات، دەقی نوسەر و دەقی نمایش، دیارە دامەزراوە ئەمنیەکە تەواوی ئەم وردەکارییانە دەزانێت. کەسانێک هەن دووجار ڕوبەڕوی ئەو دۆخە بوونەتەوە، جارێک کە کاری شانۆیان کردووە داوای دەقەکەیان لێکراوە، جارێکی تر هەر هەمان کەس سیناریۆی فیلمێکی نوسیوە و بانگکراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سیناریۆکەی.
کەسانێک کە لەم بابەتە نیگەران بوون پرسیاری ئەوەیان کرد بۆچی شانۆکاران ڕێگە بەم بڕیارە دەدەن؟ من گوتم چونکە هیچ کارێکی شانۆیمان نییە تا بەراستی بەر ئەو بڕیارە بکەوین، ئێمە لەماوەی نزیکەی سێ ساڵی رابردوودا کەمترین نمایشی شانۆیمان هەبووە، هەندێک کەسیش نکوڵیان دەکرد و دەیانگوت بڕیارێکی لەو شێوەیە نەماوە، قسەکردن لەسەر ئەوەی بڕیاری پشکنینی دەق بەر لە نمایشکردن نەماوە، پێموانیە وا نیە قسەیەکی ورد بێت، چونکە لە سێ ساڵی رابردوودا کەمترین نمایشی شانۆیی لە سلێمانی هەبووە، بەردەوامیی نمایشەکان بڕیار دەدات ئەو ڕێکارە ماوە یاخود نا.
دەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی سەرەتا باسمکرد، کە دەڵێین سلێمانی بزوێنەری شانۆی باشووری کوردستانە ئێمە مەبەستمان لە کام شانۆیەیە؟ ئێمە باسی ئەو شانۆیە دەکەین کە لە هیچ سەردەمێکدا سانسۆر نەکراوە. نە لە سەردەمی شەڕی براکوژیدا، نە لەو ساڵانەی کە گروپە پەڕگیرە ئیسلامییەکان گەرایان لە شارەکاندا چاندبوو، نە لە خراپترین دۆخی سیاسیی باشووری کوردستاندا؛ هەرگیز داوا لە هیچ نووسەر و دەرهێنەرێکی شانۆ نەکراوە کە پێشوەختە دەقی نمایشەکەی ببات بۆ دەزگایەکی ئەمنی! ئەی ئەوانەی باسی گرنگیی بەردەوامیی شانۆ دەکەن مەبەستیان کام شانۆیە؟
ناسنامەی ڕاستەقینەی شانۆ بە ژمارە ناگەڕێتەوە، بەوە نابێت بڵێین: با ئەمساڵ 10 نمایشی جیاوازمان هەبێت. نمایشی سانسۆرکراو، تەنانەت ئەگەر یەک وشەش لە تێکستەکەی دەستکاری نەکرابێت، نمایشێکی نوقسان و کەموکوڕە، چونکە لە کەشێکی ئازاددا لەدایک نەبووە.
من وادەزانم کێشە ڕاستەقینەکە شتێکی ترە؛ کێشەکە دیدگای دەسەڵاتە کە وا ڕاهاتووە هەموو کایەکانی ژیان بە چاوی میدیاوە تەماشا بکات. ئەمرۆ میدیای لایەنێک دژ بە لایەنێکی تر قسە دەکات، دەسەڵات ڕەنگە پێیوابێت شانۆش ڕێک سەکۆیهکی لەو جۆرەیە و ئەگەر بەری پێ نەگریت، دەکرێت دژی ئەوان قسە بکات.
لەماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا خۆم هەم کارم کردووە، هەم لە کاری هاوڕێکانمدا بووم، هەم بینەریش بووم. دڵخۆشم کە نە خۆم و نە هیچ هاوڕێیەکی شانۆکارم، لە نمایشەکانیاندا پانتاییەکی بچووکیشیان تەرخان نەکردووە بۆ ستایشکردنی دەسەڵاتداران، یان بۆ ڕەخنەلێگرتنیان بەو زمانە کرچوکاڵەی ئەمڕۆ میدیا و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕەخنەی پێدەگرن… کەواتە چی سانسۆر دەکرێت؟
ئێمە لەسەر تەختەی شانۆ قسە لەسەر ئەوە ناکەین کە لە فڵان مەرز یان لە فڵان جومگەی دەسەڵاتدا گەندەڵیی و دزیی کراوە؛ ڕەخنەی ئێمە قووڵترە، ئێمە ڕەخنەی کۆی سیستمە ئابوورییەکە دەکەین، لە کۆی سیستمی حوکمڕانی نارازین و پێمانوایە داڕزاوە. ئێستا و دەیان ساڵی تریش، نە خۆم نە دڵنیام دەرهێنەرەکانی دیکە لە نمایشەکانیاندا پانتاییەکی بچوکیش تەرخان ناکەن بۆ پیاهەڵدان بە حزبەکاندا، یان دژایەتیکردنیان بەو زمانە سواو و نزمەی کە ئەمڕۆ میدیا، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەیەکەوە بۆ قسەکردن لەسەر یەکتر بەکاری دەهێنن.
مەترسیی بڕیاری (پێشوەختە بینینی دەق) تەنها لە ڕۆژی نمایشدا دەرناکەوێت، زنجرەیەک قۆناغە و سەرەتا بە بردنی دەقەکە بۆ دامەزراوە ئەمنیەکە دەستپێدەکات.
دواتر قۆناغی (خۆسانسۆرکردنە). خۆ سانسۆرکردن پۆلیسێکی دەروونیە و دەسەڵات لە ناو مێشکی هونەرمەندەکە دایدەمەزرێنێت، واتا پرۆسەکە پێچەوانە دەبێتەوە و دەبێت بە (سانسۆر لە دەرەوە بۆ ناوەوە) نوسەر یان دەرهێنەر پێشوەختە دەست دەکات بە سڕینەوەی هەندێک دەستەواژە و هەندێک دیمەن، کە لە دیدی خۆیدا بە توند و قورسیان دەزانێت، ناچاردەبێت بەر لەوەی دەقەکەی بگاتە دامەزراوە ئەمنییەکە، بە دەستی خۆی خەیاڵ و پەیامەکەی سانسۆر بکات.
لە قۆناغێکی تردا گرفتی گەورە ڕاستەوخۆ لە نێوان بینەران و نمایشدا دروست دەبێت و متمانە کاڵ دەبێتەوە. کاتێک بینەر دێتە ناو هۆڵێکی شانۆوە و دەزانێت ئەم دەقە پێشوەختە لەلایەن دامەزراوەیەکی ئەمنیەوە بینراوە و پەسەند کراوە، ئەو متمانە و پیرۆزییەی نێوان شانۆ و بینەر بە تەواوی تێکدەشکێت. بینەر ئیتر بە گومانەوە سەیری دیمەنەکان دەکات و لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە هونەرمەندەکە دەیەوێت بیڵێت؟ یان ئەوەیە کە دامەزراوە ئەمنیەکە ڕێگەی پێداوە بیڵێت؟ ئەمەش گەورەترین و کوشندەترین گورزە کە لە جەماوەریبوونی شانۆ دەدرێت.
لەم دۆخانەدا ئەگەر نمایشەکە باس لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی بکات، بینەر لە دڵی خۆیدا دەڵێت: “ئەمە تا ئەو جێگەیە دەڕوات کە دەسەڵات پێی قبوڵە”.
ئەگەر نمایشەکە توند و ڕەخنەگر-یش بێت، بینەر دیسان بە گومانەوە دەڵێت: “ئاخۆ ئەمە تەنها نمایشێکی کۆنترۆڵکراو نییە بۆ ئەوەی بڵێن دیموکراسیی و ئازادیی هەیە؟” بە گشتی شانۆ لەهێزێک بۆ هۆشیارکردنەوەوە، دەبێتە شوێنێک بۆ کات بەسەربردن.
قۆناغێکی دیکە دروستبوونی ناکۆکییە لەنێوان شانۆکارەکاندا، کاتێک داوا لە دەرهێنەرێک ناکرێت دەقەکەی بۆ دامەزراوەیەکی ئەمنی ببات، ڕاستەوخۆ لەلایەن شانۆکارەکانی دیکەوە بە چاوی گومانەوە تەماشا دەکرێت.
ئەم شارە لە تاریکترین سەردەمەکانی چەوسانەوە و دیکتاتۆریەتیشدا، لە ڕێگەی شانۆی بەرگرییەوە، هەمیشە دەنگێکی بەهێزی ناڕەزایەتی بووە.
هونەرمەندانی ئەم شارە تەمەنی خۆیان لە پێناو پاراستنی ئازادیی کارکردندا تەرخانکردووە، بۆیە هێنانەکایەی سیستەمێکی چاودێریی ئەمنی لەم شێوەیە، پاشەکشەیەکی گەورەو مەترسیدارە، کە زیان لە پێگە و مێژووی فەرهەنگیی سلێمانی دەدات.
ئەگەر پشکنینی دەق ڕاست بووایە، دەبوو ئێستا جیهان ناوی برێشت، ئیبسن، بۆلگاکۆف و بێرنارد شۆی نەبیستایە، چونکە هەر کامیان لەسەردەمی خۆیاندا دەقەکانیان پێشوەختە پشکنینی بۆ کراوە.
* ئەم بابەتە لە بەرواری ٢/٧/٢٠٢٦ لە پانێڵێکی کارگەی شانۆ بەناونیشانی “شار و شانۆ” لە دامەزراوەی ڤیژن لە شاری سلێمانی بە بەشداریی شانۆکاران هۆرێن غەریب و ئاراس عەبدوڵلا پێشکەش کراوە.
تێبینی: نوێنەری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پانێڵەکە بەشداربوو، ڕەتیکردەوە سانسۆری دەق بڕیاربێت، بەڵام دڵنیایی دا ڕێگە نادەن بە “پشکنین”ی دەقی شانۆ وەک مەرجێک بۆ نمایشکردنی.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.